بەر لەوەی ریفراندۆم ئەنجامبدرێت، كۆمەڵێك میدیای سێبەری ناحەزی كوردستان و نەتەوەی كورد، هەموو كۆشش و هەولیان ئەوە بوو، ترس لە لای خەڵك دروست بكەن و بلێن ریفراندۆم ناكرێت، ئێستاش كە ریفراندۆم كراوە، بۆ پشێوی هێنانەوە، هەر جارە كار لە سەر سێكتەرێك دەكەن و كۆمەڵێك وتاری پڕ لە رق و كینە و هەواڵی ناراست بڵاو دەكەنەوە، رۆلێكی نێگەتیڤ دەبینن و خۆیان خستووەتەوە بەرەی نەیارانی كورد و ئەوەندەی خۆیان لە خزمەتی دووژمنانی كورد دەبیننەوە، راگەیاندنەكانی خۆدی نەیارانیان ناتوانن ئەم رۆڵە نێگەتیڤە ببینن، بە تەواوی كەوتوونەتە خزمەتی شۆفینییەكان و ئەوانەی ئەنجامنەدانی ریفراندۆم خەون و ئاواتی ئەوان بوون. زۆرترین كۆششی خۆیان كرد بۆ ئەوەی خەڵك بە نەخێر وەڵامی ریفراندۆم بداتەوە و خەڵك گوێی بە قسە و راپۆرت و هەواڵەكانیان نەدا و دەنگیاندا بە بەلێ، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە میدیایانە شەرمەزار بكەن؛ لێ لە جیاتی ئەوەی ئەم میدیانانە پەند وەربگرن و چیدیكە خۆیان نەكەنە دژبەری ئاوات و خۆزگەكانی خەڵكی كوردستان، هەستان بە كار كردن و رۆماڵكردنی قینی ناحەزان و رشتنی تووی بێزاری و دووبەرەكی لە ناو خەڵكی كوردستاندا. ئەم جۆرە میدیانانە بە بیستراو و بینراو و خوێنراو و سۆشیال میدیاكانەوە، لەم ئان و ساتەدا پێویستە خزمەتی بەرەی بەلێ بكەن و نەكەونە دژایەتی كردنی دەنگی بە بەلێی 93%ی خەڵكی كودستان. ئەمڕۆ پێویستە میدیاكان رۆلێكی ئەكتیڤ ببینن بۆ بەرەو پێشبردنی پرۆسەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان. سوشیال میدیا زۆر هەژارە و هەر كەسێك و بەرپرسێك دەتوانێ بە ناوی جیاجیا مالپەڕێك بكاتەوە و ئەو رق و كینەی بەرانبەر بە دووژمنانی هەیە، لەوێ دەرببڕێ و هەرچی درۆ و دەڵەسە هەیە بیدەتە بەر دەستی خوێنەران؛ لێرەدا دوو جار خیانەت دەكات، یەكەم سوود وەرگرتن لە سادەیی خەڵكی كوردستان و یاری كردن بە هەست و سۆزیان و خۆشباوەڕییان، دووەم خیانەت كردن بە خاك و نەتەوە و نیشتمانەكەی، چونكە هیچ میدیایەك دژی زۆرینەی خەڵكی نیشتمانەكەی ناوەستێتەوە، بێجگە لەو میدیایانەی دووژمنی ئەم نیشتمانە بەڕێوەی ببات و لە ژێر ئەمر و نەهی ئەواندا بێت. ئەوەی دڵخۆشكەرە ئەوەیە كە، خەڵكی كورد ئاگا بووە و میدیای سێبەر و تێكدەر لە باقی میدیاكانی دیكە جیا دەكاتەوە. جێگەی دڵخۆشییە كە ئەمڕۆ گەنجەكانمان وەڵامی میدیای سێبەر و بێكەس دەداتەوە و شەرمەزاریان دەكەن.
لە هەموو دونیادا میدیای ئۆپۆزسیۆن هەیە و چاودێری كاروباری حكوومەت و حیزبی دەسەڵاتدار دەكات و هەموو كەم و كوڕییەكان دەخاتە روو، ئەویش لە پێناو باشتر بوونی حوكمڕانی و بەخۆداچۆنەوەی دەسەڵات و حكوومەت، نەك بۆ ناشرین كردن و دژایەتی كردن؛ بەلكوو بۆ جوانتر كردن و خۆشتر كردنی گۆزەرانی خەڵك. كاتێكیش پیویست بوو، میدیای ئۆپۆزسیۆن دەكەوێتە خزمەت حكوومەت و دەسەڵات، بە تایبەت لەو كاتەدا كە حكوومەت و نیشتمان و نەتەوەكەی رووبەڕووی مەترسی دەرەكی دەبنەوە و، لەم كاتەشدا بۆ یەكرێزی و وەڵامدانەوەی دووژمن و، وەكوو ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی، میدیای ئۆپۆزسیۆنیش شانبەشانی میدیای دەسەڵات خزمەت بە نەتەوەكەی دەكات، لێ لە لای هەندێك لە میدیاكانەوە رێك پێچەوانەیەوە و لە جیاتی خزمەتی نەتەوەی خۆیان بكەن، بوونەتە دارودەستەی نەیاران و كەوتوونەتە ناشرین كردن و پشێوی هێنانەوە لە ناو هاووڵاتییاندا، ئەمەش ناچێتە خانەی ئازادی رادەبڕین و میدیای ئازاددا، بەلكوو بە پێچەوانەوە، ئەم جۆرە میدیایانە دەچنە خانەی بەرەلایی و دژایەتی و، خۆی دەشواتەوە لە هەموو عورف و ئەتەكێتی میدیای ئازاد و پڕۆفیشنال. بۆیە پێویستە خەڵكی كوردستان ئاگادار بێت و بە بۆختان و پشێوی هێنانەوەی میدیای سێبەر هەڵنەخەڵەتێ و بەردەوام هیوای هەبێ بە سەركەوتنەكانی سەركردایەتی كوردستان و هاوكار بێت بۆ بە ئەنجامگەیاندن و هاتنە دی ئاواتی خەڵكی كوردستان.