دونیا دەبێ بزانێ سەربەخۆیی بۆ کوردستانیش مافێکی رەوایە ..

دونیا دەبێ بزانێ سەربەخۆیی بۆ کوردستانیش مافێکی رەوایە ..
ماوەی سەد ساڵە،میللەتی کورد لە پێناوی پاراستنی شوناسی خۆی و خاکەی قوربانی ئەدات، ئیتر چۆن بە ھەڕەشە و فشار سازش دەکات.پێدەچێت دەسڵاتدارانی عێراق لە ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەشێوەیە حەپەساون ئاگایان لە خۆیان نەماوە، ئەگینا چۆن ئەو بریارانە دەردەکەن کەھەم بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات ھەم ئەگەری جێبەجێکردنی مەحالە . بەغدا دوای سەدەیە خوین و کارەسات تازەبەتازە دەیەویت ھەژمون و دەسڵاتی خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێ ، وەک ئەوەی ئیستا سەردەمی بەعس و شەڕی سارد و دوو جمسەری جیھانی بێت. دیارە ھیشتا ڕاچلکینی ئەنجامی ریفراندۆم بەری نەداون ئەگەر نا خۆ دەبوایە بیانزانیایە ئەگەر بژاردەی ئابڵۆقە و بەکارھینانی ھیز چارەسەر بوایە ئەو ھەموو وڵاتە لە روسیا و یوگۆسلاڤیا جیانەدەبونەوە .بژاردەی کوردستان بۆ سەربەخۆی بژاردەیەکی سەردەمی و عەقڵانیە و دەرفەتی بە ھەردوولا داوە بەگفتوگۆی ئاشتیانە و دانوستانی درێژخایەن چارەسەری کیشە و ئاریشەکان لە نیوان ھەولێر وبەغدا بکرێت تا گەیشتن بەرێکەوتنی کۆتای.بەڵام ئەگەر عێراق دوابژاردەی سزادانی خەڵکی کوردستان بێت بەداخستنی دەرگای گفتوگۆ و دەروازەی سنوری و فروکەخانە و بڕینی موچەی فەرمانبەرانی کورد ھتد.. ئەوکات ھیچ بژاردەیە لە بەردەم سەرکردایەتی سیاسی کوردستان نامێنت و ناچاردەبن بێ گفتوگۆ بە پشت بەستن بە ئەنجامی ریفراندۆم دەوڵەتی کوردستان ڕابگەینن . بۆیە ئەگەر حکومەتی عیراق بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ خواستی خەڵکی کوردستان بکات و لای وابیت بە لە لیدوان و ھەڕەشە و بڕیارە ھەڵەکانی کورد پاشگەز ئەبیتەوە . ئەوا بەھەڵەدا چووە بگرە پرۆسەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان خێرا تر دەبێت.. بۆیە دەبێ دەسەڵاتدارانی بەغدا باش ئەو راستییە بزانن کە میللەتی کورد لە پێناو پاراستنی ناسنامە وخاک بە ھەرٍەشە وفشار سازش ناکات.
ھەرێمی کوردستان، ماوەی چارەکە سەدەیەکە سەرە گشت کۆسپ و کێشەکان خۆی فەرمانڕەوایی خۆی ئەکات، دامودەزگا پێویستەکانی خۆبەرێوەبردنی تیا دروستبووە. چەندین ساڵە، ئەگەرچی کێشەشی ھەیە، بەڵام پشتی بە بژێوی خۆی بەستوە، ھێزەکانی پاراستنی خۆی ھەیە، پەیوەندییە ناوچەییەکانی گەشەیان کردوە و، پشتیوانی نێونەتەوەیی وەک پێگەیەکی نوێی پێویستی بەرەوبوونەوەی توندڕەویی و تیرۆریزم و بەدیلی پێگە لەدەستچووەکان باشە و، چاوەرانیی ل گەشەکردنی زیاری لێ ئەکرێت. پەیوەندیی ناوچەیی لە گەڵ درواسیکانی بە تایبەت ئێران و تورکیا بە رەو زیاتربوونی بەرژەوەندی ھاوبەشی چووە و لە مەترسی ئەو مۆتەکەی جاران بەرامبەر ھەرێم ھەیان بوو رەوییوەتەوە. جگە لەوە، بوونی ھەرێم بە دەوڵەتێکی لەمپەر، لە مەترسی ھەر‌ەشەی دەوڵەتێکی خاوەن نەوتی وەکو عێراق و نەتەوەی خاوەنی خەونی کۆنی ئیمبراتۆری، کە دەوڵەتە زلھێزەکان ئەتوانن ھەرەشەی پێدروست کەن، وەکو بە گژاکردنەکەی ئێران، رزگاریان ئەبێ و، ئیتر دەوڵەتێکی لە مپەر و دەوڵەتێکی لاوازی بچووکتری لێ ئەکەوێتەوە، کە لە باتی ترس، ھاندەریان ئەبێت بۆ بیرکردنەوە لە کۆنترۆل کردن و لە باوەشگرتن. ناوچەکە، ھەر وەک ئەوەی لە گەڵ ھەرێم راھاتن، لە گەڵ دەوڵەتەکەش رادێن و ئەو وردە ھەڕەشە سەرزارەکییانیەی، تەنیا کاتییە و بۆ دڵدانەوەی دەوروبەر و ‌جەماوەرە، ئەگینا لە ژێرەوە پێیان خۆشە.

لە گەڵ عێراقیشدا، پێکەوە ژیانێکی سەربەرز و دادپەروەرانە، ئاستەمە. ئەویش سەبارەت بەوەی عێراق ھەر لە بنچینەدا لە سەر لاشەی بەشێکی کوردستان دروستبووە کە بەردەوام خەریکی سرینەوەی ناسنامەی نەتەوایەتی و چەوساندنەوە و وێرانکردن و جینۆسایدکردنی بووە و، «عێراقی نوێش» نییەتی باشەی نەنواندوە و ئەوەی ھەیە لە ژێرکاریگەری بوونی ھیزو ویستی نێودەوڵەتییەکان دروست بووە، ئەگینا عێراق ئەوەندەی بۆی کرابێ نکوڵی لە مافی کورد کردوە بۆ نمونە جێبەجیکردن نەکردنی ماددەی ١٤٠ و مووچەبڕین و کەمکردنەوەی کورد لە دامودەزگاکان و چەندینی تر. وە ئەگەر بە ھێزبێتەوە، پەلامار ئەدات و دوژمنایەتی کوردستان ئەکاتەوە. ھەروە ھا بنەماکانی دیموکراتی و دەوڵەتی مەدەنی و بروابوون بە دەوڵەتی ھاووڵاتی بوون و دادپەروەری لە نێوان پێکھاتە نەتەواییەتیەکان و ئاینیەکان لە عێراقی ئیستادا فشەڵن و، بە لاچوونی کاریگەری ئەمریکا و دەوڵەتەکانی تر، ئەو بڕە دیموکراتی و گیانی پێکەوەژیانەی ھەن، نامێنن و ئەگەرێتەوە بۆ عێراقێکی نەتەوە پەرستی شوفێنی و سیستمێکی ناوەندی یان دیکتاتۆری. بۆیە چاوەروانکردن لە عێراق، کە مافەکانی کورد بسەلمێنێت و دادپەروەری و یەکسانی لە گەڵ دا پەێرەوکات، ئاواتێکی بێھودەیە. بریاردانی گەلی کوردستان قۆناغێکی ستراتیژی و ھەرە گرنگ بوو بۆ گەرٍانەوەی خاک و سەروەری کوردستانێکی داگیرکراو.
ریفراندۆمی سەربەخۆیی رێوشوێنێکی دیموکراسی و ئاشتیخوازانەیە بۆ گەیشتن بەچارەسەری پرسە جۆراوجۆرەکان لەوانەش پرسی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان. لەوەتەی ئەم میکانیزمە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەسەندکراوە نزیکەی سەد ریفراندۆم بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان پیادەکراوە‌و ژمارەیەک دەوڵەت بەرەنجامی ریفراندۆمن.سەربەخۆیی کوردستان ھەڵوەشانەوەی نەخشەی سایکس بیکۆیە، کە سەد ساڵە لەناو ئەم نەخشەیەدا جینۆساید و قڕکردن لەسەر ناسنامە دەکرێ. چەوسانەوە و نادادپەروەری و ھەژاری و نەخوێندەواری و پاشکۆیی بەرھەمدەھێنرێتەوە. دیکتاتۆری و کودەتای سەربازی و جەنگ بەرپا دەکرێ. سەد ساڵە لەناو ئەم جوگرافیایەدا تیرۆر بەرھەمدەھێنرێ، تا گەیشتە ئەوەی بووە بەڵا بۆ مرۆڤایەتی، بۆیە ھەڵوەشانەوەی ئەم جوگرافیایە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بۆتە زەروورەتێکی نێودەوڵەتی. لەنێو یاسا‌و پرەنسیپە نێودەوڵەتیەکاندا ریفراندۆم وەکو مافێکی سروشتی گەلان ھەژمارکراوە‌و وەک بەشێکی بنچینەیی مافە سیاسیی‌و ئابوریی‌و کەلتورییەکانی نەتەوەکان رەچاوکراوە. چەمکی ریفراندۆم ھاوتەریبە لەگەڵ تێڕوانینی رەوتە ھزرییەکان بۆ ھێنانەدی مافی چارەنووسی گەلان. ھەنگاونانی ھەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بەو مافە رەوایە لەرێگەی ریفراندۆمەوە راکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە بۆ پابەندبوونی کورد بە پرەنسیپە دیموکراتیەکان‌و رێکارە یاساییەکان لەپێناو گەیشتن بە مافە نەتەوەییە زەوتکراوەکانی. سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم کۆکردنەوەی ریزەکانی ھاوڵاتیانە کە بەرژەوەندیی لایەنە سیاسییەکان پەرتەوازەی کردبوون. لەرێگەی ریفراندۆمەوە دەتواندرێت کۆدەنگی‌و یەکریزییەکی نیشتیمانی تۆکمە بێتەدی. بە ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و بەدەستھێنانی رێژەیەکی بەرزی دەنگی "بەڵێ" جارێکیتر رای گشتی کوردستانی دەبێتەوە کاراکتەرێکی زیندووی پرۆسەی سیاسی.بۆیە جیھانی ئازاد و دیموکرات رێز لە ئیرادەی سەربەخۆیخوازی میللەتێک بگرێت کە بەدرێژاییی سەدەی رابردوو لە لایەن رژێمە چەوسێنەرەکانی عێراق تووشی زوڵم و زۆرداری بۆتەوە . دەبێ دونیا بزانێ سەربەخۆیی بۆ کوردستانیش مافێکی رەوایە ..

Top