زۆر جار گوتوومە و ئێستاش دەیڵێمەوە نامەیەکی کراوە بۆ حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان
October 11, 2017
وتار و بیروڕا
کاتێک باس لە کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی و گوتاری نەتەوەیی دەکرێ، لێبوردەیی و هەڵوێستە نەتەوەییەکانی بارزانی نەمر و مێژووی سیاسی و شۆڕشگێڕی و کوردپەروەری ئەو گەورە پیاوە بەبەر چاوماندا گوزەر دەکات، بۆیە کورد ئەگەر بیەوێ لە کات و ساتی خۆیدا و وەک پێویست وەڵامی سیاسەتی داگیرخوازی دوژمنان و داگیرکارانی کوردستان بداتەوە، پێویستە و دەبێ بگەڕێتەوە بۆ رێبازی بارزانی نەمر، چونکە تەنها لەناو رێبازی بارزانی نەمردا دەتوانین دەنگ و رەنگە جیاوازەکان بکەینە دەنگ و رەنگی نەتەوەیی، تەنها بە لێبوردەیی و هەوێتە نەتەوەییەکانی ئەو دەتوانین ناو ماڵی خۆمان رێکبخەین و جیاوازیە سیاسی و حزبییەکان بە یەکەوە بگونجێنین، بەڵگە مێژووییەکانیش ئەوە دەسەلمێنن کە چەپ و راست، ئیسلامی و مارکسی، جوتیار و دەرەبەگ، موسڵمان و مەسیحی و تەواوی چین و توێژەکان بە درێژایی شۆرشی ئەیلول لە یەک سەنگەردا جەنگاون و هەمووشیان شۆڕشی ئەیلولیان بە شۆڕشی خۆیان زانیوە.
هەم مێژووی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد هاوار دەکا و هەم دوا هەڵوێستی دوژمنکارانەی داگیرکارانی کوردستان زەنگی مەترسییە و پێمان دەڵێ: بۆ تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە و دەستەبەر کردنی مافەکانمان پێویستە هەموو لایەنەکان بە ئەرکی نەتەوەیی خۆیان هەستن و بگەڕێنەوە بۆ رێبازی بارزانی نەمر، ئەوەش بەوە دەکرێ پارتی بە خۆیدا بچێتەوە و چیتر بارزانی نەمر نەکات بە موڵکی خۆی، چونکە بارزانی نەمر لە حزب گەورەترە، لایەنەکانی تریش بە سیاسەتی یاخی بوونی خۆیاندا بچنەوە و چیتر لە رێبازی بارزانی نەمر یاخی نەبن، چونکە بە یاخی بوونیان لە رێبازی بارزانی نەمر بچوکتر دەبنەوە و متمانەی نەتەوەییش لە دەست دەدەن.