لە دژی کوردستانیان خوێنمژانی عۆسمانی و سەفەوی یەکیان گرت بڵام ئێمە ...! ( سایکۆلۆژیای مێژوو)

لە دژی کوردستانیان خوێنمژانی عۆسمانی و سەفەوی یەکیان گرت بڵام ئێمە ...! ( سایکۆلۆژیای مێژوو)
شاراوە نیە چەند سەدەی ڕابردوو لووتکەی ململانێی بەرەی شێعە و سۆننە بووە لە ناوچەکەدا، ئەوان زۆر بێباکانە بە ئەسپە ناجۆامێرانەیان تەراتێنیان تیایدا کرد، و مەلیۆنان قۆربانی مۆسڵمان و نامۆسڵمان پاداشتی ئەو دوو گرووپە سیاسییە مەزھەبییە تایفەگەرە دیکتاتۆرە خۆپەڕێستانە بوو بۆ مرۆڤەکانی ناوچە و جیھان، کە بەشی ھەرە زۆریان کورد و کوردستانی بوون.
ئاسەوارە کۆمەڵایەتی و دەروونییە خراپەکانی ئەو دوو تاخمە دەمارگیرە بە سەدان و ھزاران ساڵی تریش پاک ناکرێنەوە. زۆرێک لە تێکچوونەکانی ڕەفتاری تاکی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و کەلتووری بەرھەمی ئەو ڕۆژە نەحسانەن، کە ھەرگیز لە بیردانکی کوردستانیان ناسڕێنەوە، و ناخ و دەروون و سایکۆلۆژیای تاکی کوردستان بۆ ھزاران ساڵی تریش ھەر ھەڵگری ئەو ڤایرۆسانە دەبن کە پاشماوەی ئەو دوو تاخمە دەمارگیرەن.
لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەرکەوتووی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی کوردستان، کە ڕێژەیەکی دوژمنکۆژ و (٩٢,٧%) بوو، دیسان دوژمنانی خستە یەک بەرە، و ھەموو دوژمنانی دوێنێ ئەمڕۆ لە تاران بوون بە برا و دۆست و ھاوپەیمان، و جینۆسایدی کوردستانیان لەسەر دەستی ئالی عۆسمان و سەفەوییەکان درێژەی ھەیە، و پێی نایە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارتر لە جاران.
ڕۆحانی نەئاریایی بە رەگەز عەرەب، و ئەردۆغانی تۆرانی بۆ شکاندنی شکۆی ھەموو کوردستانیان، بە بڵاوکردنەوەی پرۆپاگندەی ناوازەی نەیاسایبوونی ڕیفراندۆم و ھەڵەبوونی کوردستانیان و سەرکردایەتییەکەی لەو ڕەفتارەیان، و بیانۆی بە ئیسرائیلییبوونی کوردستان، و زۆر مەھانەی بێ بنەمای دیکە، خەریکە یەکێک لە گەورەترین ھەڵەکانی خۆیان دەکەن، و بە تایبەت کە یەکێکان لە بە ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەورۆپا، و ئەوەکەی تر لە بەدەستھێ،انی چەکی ئەتۆمی و لەناوبردنی ئیسرائیل بێ ئۆمێدببونەتەوە، و بە نیازن ئەزموونی ئەو " بزنە" دووبارە بکەن کە " ئەجەڵی ھاتبوو"، و " نانی شوانی خوارد" !
گەڕانەوە بۆ مێژوو بە ھەموو جۆر و بۆ ھەموو تاک و ھەر نەتەوە و وڵاتێک باشترین وانە، و خۆدی مێژووش زیرەکترین و لێھاتووترین مامۆستایە، بە مەرجێک کەسێک بیەوێ سوودی لێوەربگرێ و بۆ بەخۆداچوونەوە بەکار بێنێ، نەک بە "خەونی حۆشتر دیتن"، بیوێ خەونی نەتەوە و کوردستانیانی ماندوو و خۆڕاگر تێکبداتن. چونکە ئەو کات ئیتر دەرگاکانی دیالۆگ و گفتگۆ و ئاشتەوایی و نیەت پاکی و ئارامی دادەخرێن، و نەک تەنھا کورد بەڵکۆ جیھانیانیش ئەوەیان پێ قبووڵ ناکرێت و لێی بێدەنگ نابن. *پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top