لەسەر پشووەکەی رۆژی شەممە پلانێکی دیراسەت کراو و گونجاو دابرێژرێت بۆ پەروەردە

لەسەر پشووەکەی رۆژی شەممە پلانێکی دیراسەت کراو و گونجاو دابرێژرێت بۆ پەروەردە
فەیلەسوفی چینی بەناوبانگ کۆنفۆشیوس دەلێ" خوێندنەوەی ڕابردوو گرنگە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ پلان بۆ داھاتوو دابنێن".
گەر خوێندنەوەیەک بۆ ڕابردوو و ئێستای پەروەردە بکەین تا بتوانین داھاتوو مسۆگەر و سەرکەوتوو بێت ئەوا پێویستە لانێکی دیراسەت کراو و گونجاو لەگەڵ دۆزەکە دابڕێژین کە لە بەرژەوەندی پاشەڕۆژی پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و بەرژەوەندی کایە و کاراکتەرەکانی پەروەردە بێت، ئەو بڕیارەی لە وەزارەتی پەروەردە کە رۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو درا سەبارەت بە پشووی رۆژانی شەممە بۆ سەرجەم قوتابخانەکان کە ھەر لە بڕیارەکە ھاتووە دەلێ " ئەو وانانەی لە رۆژی شەممە دان پێویستە لە خشتەی ڕۆژەکانی تردا جێگایان بکرێتەوە نابێت بە ھیچ شێوەیەک وانەکانی رۆژانی شەممە بفەوتێنن و سەرپەرشتیاران و بەرێوەبەری قوتابخانەکان بەرپرسن لە رێکخستنی خشتەکە تا ھیچ کاریگەری نەرێنی لە سەر ئاستی زانستی نەبێت ". ئەو چەند دێرەی پێشەوە دەقی بڕیارەکە ، ئەگەر بە ووردی سەیری بەشەوانە و ژمارەی وانەکانی قۆناخی بنەڕەتی (١-٩)بکەین دەبینین ھەموویان (٣٥-٣٦) بەشەوانەن ، وە دەوامیش پێک دێت لە شەش وانە و زۆربەی ھەرە زۆری قوتابخانەکانی ھەرێمی کوردستانیش دوو دەوامی تێدا دەکرێ و بگرە ھەندێکیان سێ دەوامی تێدا دەکرێ و کەواتە بە ھیچ شێوەیەک جێگای وانەکانی رۆژی شەممە نابێتەوە لە رۆژەکانی تر واتە سەرجەم وانەکانی رۆژی شەممە دەفەوتێن و ناخوێندرێن ئەوە یەک، دوو نە بەسەرپەرشتیاران و نە بەرێوەبەری قوتابخانەکان بەڵکو پەروەردەکان و وەزارەتی پەروەردەش بەو خشتە و ژمارەی بەشەوانەی ئێستا وانەکانی شەممە ناتوانرێ رێک بخرێ لە رۆژەکانی تردا، سێ یەم دەرئەنجامیش کاریگەری نەرێنی لە سەر ئاستی زانستی دەبێت، جگە لە پۆڵەکانی وێژەیی قۆناخی ئامادەیی کە ژمارەی بە شەوانەکانیان کەمترە لە بەشی زانستی و قۆناخی بنەڕەتی .
کەواتە ناتوانرێ ناوەڕۆکی دەقی بڕیارەکە جێ بەجێ بکرێ بە ھیچ شێوەیەک ، سەر لێ شێواوی بۆ بەرێوەبەری قوتابخانەکان و کاراکترەکانی تر درووست دەکات لێرەو لەوێ وەکو یەک جێ بەجێ ناکرێن، کە لە سەرەتای بڕیارەکەش مەبەست لێ نەبوونی جیاوازییە کەچی ئەو جیاوازییەش ھەردەمێنێ، بۆیە وا باشترە ھەر بڕیارێک کە بمانەوێ دەری بکەین لە پێناو بەرژەوەندی گشتی پرۆسەی پەروەردە و لەسەر زەوی جێ بەجێ بکرێ لە قوتابخانەکان (قوتابی و مامۆستا)بگرێتەوە پێویستی بە دانانی پلانی باشترە و ڕای کەسانی پسپۆر و شارەزا وەربگیرێ و تاچەند ئەو بڕیارە قازانج بە پرۆسەی پەروەردە دەگەینێ و لە ھەمووی گرنگترە کاتی ئەوە ھاتاووە لەر ێگای لێژنەیەکی (شارەزا و پسپۆر)چاوبخشێتەوە بە کۆی ژمارەی بەشەوانەی سەرجەم بابەتەکان لە ھەردوو قۆناخی بنەڕەتی و ئامادەیی ژمارەی بەشەوانە ھەیە لە ھەفتەیەک بخوێنرێ لە ھەمان کاتدا پێویستە ژمارەی بەشە وانەی (ھونەر و وەرزش) لە ھەردوو قۆناخ زیاد بکرێت بە تایبەت ئەو وانانەی کە قوتابی حەزیان لێ دەکات و قوتابخانەی لای خۆشەویست دەکات کە رۆژانە پێویستە بابەتی (ھونەر و وەرزش) بخوێنرێ و لە ھەمان کاتدا ھەندێ بابەت ھەن زیاد لە پێویست دەخوێنرێت ، بتوانین ژمارەی بەشەوانەکان لە ھەفتەیەک دا لە نێوان (٢٦-٣٠) بەشە وانە بێت ئەوکات زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ رۆژانی شەممە پشوو بێت و کاریگەری نەرێنی نابێت لە سەر ئاستی زانستی و لەلایەن بەرێوەبەری قوتابخانەکانیش خشتەی وانەکان رێک دەخرێت وە لە ھەمان کاتیشدا پێویستە ئاماژە بە ڕۆژی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان بکرێت، چونکە ئێستا لە سەرجەم قوتابخانەکان لە رۆژانی شەممە ئاڵای کوردستان بەرز دەکرێتەوە ، شەممە بکرێتە پشوو ھیچ رۆژێک ئاماژەی پێ نەکراوە ، ئەگەر ئەوانیش نەکرابایە ئەوا دەکرا سەرجەم مامۆستایان رۆژێک لە ھەفتە بکرابایە پشوو بە رێکەوتن لەگەڵ دەستەی کارگێڕی قوتابخانە مامۆستا کە وانەکانی خۆی دەگوتەوە و ھیچ وانەیەک نە دەفەوتا بەڵکو رێکسختی وانەکان دەکرا بە پێی ویستی مامۆستاکان ھەر یەکەیان زۆر بە ئاسانی رۆژێک لە ھەفتە دەبووە پشووی مامۆستا بە ھەمان شێوە دەستەی کارگێڕیش بە نۆرە لەوانەیە مامۆستای گوندە دوورەکان پێویستیان بە یارمەتیدانی زیاتر دەبوو لەو قۆناخەی قەیرانی دارایی تا ڕەتبوونی ئەو قۆناخە ، چونکە کرێ گواستنەوە و مانەوەی زیاتریان لە سەر دەکەوتەوە کە جیاوازیان ھەیە لەگەڵ مامۆستایانی ناوشار.
ئەوەش لە بیر نەکەین پێوەری ژمارەی رۆژەکانی خوێندنی ساڵ کە زۆربەی ووڵاتانی جیھان لە (١٨٠) رۆژ زیاتر دەخوێنن، ھەر بۆنموونە لە ووڵاتی ژاپۆن (٢٠٠) رۆژ و لە کۆریا (٢٠٤) رۆژە لە ووڵاتی ئیماراتی عەرەبی (١٨٣)رۆژە وە ھەروەھا لە کوردستانیش ھەول بدرێ نزیکەی (١٧٠-١٨٠) رۆژ دەوام ھەبێت ، سەرەڕای ئەوەی ھەموومان وەزارەتی پەروەردە و پەروەردەکان قەرزاری مامۆستاکانی خۆمانین کە ئێمەش بە شێکین لە مامۆستاکانمان، واباشترە دەبێت ھەر بڕیارێک گەربمانەوێ دەری بکەین خوێندنەوەی زیاتری بۆ بکەین لای مامۆستاکانیش نامۆ نەبێت، بەڵکو پێش وەختە ئاگایی و ئاشناییان ھەبێت لەسەر بڕیارەکە و گونجاوتریش دەبێت گەر سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت سەرجەم ڕاوێژکار و بەرێوەبەرە گشتیەکان لێ ئاگاداربن و بەشداربن.



بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top