سەربەخۆییمان، رزگاربوونە لە دەستی دووبارەبوونەوەی جینۆساید و تاوانکاری و ئابڵوقەدان

سەربەخۆییمان، رزگاربوونە لە دەستی دووبارەبوونەوەی جینۆساید و تاوانکاری و ئابڵوقەدان
گشت شۆرشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان بۆ ئامانجێکی رەوا بوو کە ئەویش رزگاریخوازی و گەیشتن بە سەربەخۆیی خاک و نیشتیمان بوو .دروشمی سەرەکیی شۆڕشی ئەیلوول (کوردستان یان نەمان) بوو، ئاشکرایشە کە بەم دروشمە کورتە، سرووشت و ناوەڕۆکی شۆڕشی ئەیلوول و ڕێبازی بارزانی بەرجەستە کرا، ئەویش خەباتکردنە بۆ ڕزگاریی کوردستان و ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی ھەر قوربانیێک لەم پێناوەدا.ھەر ئەمەش وایکرد کە بە درێژاییی شۆڕشی ئەیلوول، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، بەشداریی بەرچاو و کاریگەریان ھەبوو و ھەموو کوردستانیان ئەم شۆڕشەیان بە شۆڕشی خۆیان دەزانی و بە ئومێدی گەیشتن بە سەربەخۆیی، خوێنی پیرۆزی خۆیان پێشکەش کرد و ھەموو ماڵێک بوو بە پەناگا و پاڵپشتی شۆڕش.
ئەمرۆیش، پاش بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، لە کاتێکدا کە سەرۆک بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە یان دەبێ بگەین بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان، یان چیتر بەسە ستەم و بێبەشکردن لە مافەکانمان لە چوارچێوەی عێراقێک، کە شکستی خوارد، ببێتە عێراقی ھەمووان، ھەمان دووبارەکردنی ناوەڕۆکی (کوردستان یان نەمان)ـە.ھەر لەبەر ئەوەی پارتی ھەڵگری ئاڵای سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونە، بۆیە دۆست و دوژمن سەرەدەریی تایبەت لەگەڵ سەرۆک بارزانی و پارتی دەکەن و حیساب بۆ ھەنگاوەکانی دەکەن. ئەگەرچی دروشمی ڕاگەیەندراوی پارتی بریتی بوو لە (دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان)، بەڵام پارتی و سەرکردایەتیی مێژووییی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد، ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو ڕاستییەی نەشاردەوە کە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت ئامانجی سەرەکیی ھەر بزاڤ و شۆڕش و چالاکییەکی سیاسییە. بۆیە ئەمرٍۆ سەرۆک بارزانی بە دەنگ و ئیرادەی میللەت ئەو ئامانج و ئاواتە دێرینەی لە رێگەی پرۆسەیەکی ئاشتیانە و دیموکراسیانەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بە جێی گەیاند ..
دوای دەیان ساڵ قوربانیدان و زوڵم زۆرداری رژێمەیەک لە دوای یەکەکان و نەمانی ھیچ رێگە چارەیەک بۆ بەدەستھێنانی مافەرەواکان.خەڵکی کوردستان بە ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی و دەنگی " بەڵی"، پەیامی خۆیان گەیاندە ھەموو جیھان و ھەنگاوێکی سەرکەتوانەیان ھەڵێناوە بەرەو دەوڵەتی سەربەخۆیی. پێویستە بۆ قۆناغی داھاتوو سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەست بە سەردانەکانیان بۆ وڵاتانی جیھان و بەتایبەت ئەمریکا و ڕۆژئاوا بکەن، تا پشتیوانی بۆ سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان پەیدا بکەن و پەیامی خەڵکی کوردستان بگەیەنن بە جیھان، کە گەلانی کوردستان سەربەخۆییی خۆیان دەوێت، واتە ئەرکی ڕیفڕاندۆم تەواو نەبووە و پێویستمان بەوە ھەیە، کە ئیدی وڵاتان بێنینە سەرخەت، تا پشتیوانیی ڕیفڕاندۆمەکەمان بکەن بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان. گەڤ و ھەرٍەشەکان میللەتی کورد سارد ناکەنەوە لەو پەیامەی ھەلیگرتووە بۆ سەربەخۆیی، ھیچ یەک لە وڵاتان ناتوانن بژاردەی سەربازی بەکار بھێنن بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر مەبەستیش لە بژاردەی گرتنی سنوور بێت، ئەویش تا سەر ھەر بەردەوام نابێت و تازە خەڵکی کوردستان ئامانجەکەیان پێکا و پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بە سەرکەوتویی کۆتایی ھات.

١٠٠ ساڵە، رژێمە یەک لەدوای یەکانی عێراق بە ھەرٍەشە وچەک وەڵامی مافەرەواکانیکورد دەبنەوە ، بۆیە شۆرشی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان خەبات و تێکۆشانێکی شارستانیی و سەردەمیانە بوو بۆ رزگاربوون لە زۆرداری و داگیرکاری رژێمی مەزھەبی ئێستای عێراق. حکومەتی مەزھەبی عێراق ، لە ساڵی ٢٠١٤ وە ئابڵوقەی ئابووری ، سەربازی و چەکی نان برٍینی لە دژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەکارھێناوە و تا ئەو کاتەی کە ھەرێمی کوردستان ناچاربوو کە رێگەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بگەرێتە بەر بۆ رزگاربوون لە رژێمێکی خۆسەپێن ،بەردەوامە . بەڵام سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەگرتنەبەری سیاسەتی ژیرانە لە ماوەی رابردوو و ئێستاشدا لە رێگەی دۆستانی لە ناوچەکە و دونیا رووبەرووی سیاسەتە نارٍەوا و دیکتاتۆرییەکانی بەغدا بۆوە و دەبێتەوە . سوپای عێراق ھەڵوەشاوەتەوە و ئێستا عێراق وڵاتاتێکی میلیشیاییە کە لە لایەن ئێرانەوە سەرپەرستی دەکرێت ، بۆیە پێشمەرگەی کوردستان بە ھەموو تواناییەوە گەر ھاتوو بیر لە دەستدرێژی بۆ سەر خاکی کوردستان بکاتەوە دەگرێت ..
لە دوای ٢٥ /٩ واقیعێکی نوێی کە ئەویش ئیرادەی میللەتی کورد و دەنگدانی بەڵی بۆ سەربەخۆیی ھاتە ئاراوە ، کەس ناتوانێت حاشا لە مافی ٥ میلیۆن کەس بکات . بۆیە ھەرێمی کوردستان بە واقیعێکی نوێ کە ئەویش دەنگی سەربەخۆیی کوردستانە گفتگۆ لەگەڵ بەغدا دەکات ، بەڵام مەحاڵە بەغدا داواکارییەکانی کورد و مافەکانی جێبەجێی بکات ،ئەوسا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بریاری کۆتایی بۆ جاردانی سەربەخۆیی کوردستان دەدات .دەنگدانی خەڵکی خۆراگر و کوردپەروەری کەرکووک بە " بەڵی" بۆ سەربەخۆیی کوردستان ، خۆی لە خۆیدا پەیامێکی روون و ئاشکراییی کورد و گشت پێکھاتەکانی ئەو شارەیە بۆ کوردستانیی بوون و گەرٍانەوەی یەکجاریی بۆ باوەشی کوردستان و کەرکووک تا زاخۆ گیانێکن لەیەک جەستەدا و واقیعی ئێستا کەرکووک گەرٍاوەتەوە سەر خاکی کوردستان .!!! بۆیە لە ئێستادا ئیتر خەڵکی کوردستان بریاری داوە کە چیتر لە چوار چێوەی رژێمێکی داگیرکەر دا بمێنێتەوە تەنیا وەک دراوسێیەک مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکرێت .

Top