میللەتی كورد،ئامانج و بەرپرسیاریەتییەكی گەورەی لە ئەستۆیە ، دەبێ بە خۆراگری و سەبرمان رووبەرووی گشت مەرام وپیلانگێری ناحەزان ببینەوە .ئەو ئامانجەو گەورەیەی كە دەیان ساڵە خەبات و قوربانیی بۆ دەبەخشین و رۆژی 25/9 بە "بەڵی " دەنگمان بۆ دا ئێمە هەنگاوی بۆ دەنێین بێ كێشە و ئاستەنگ نابێت، تەنیا ڕێگا ئەوەیە كە گفتوگۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت و بەو ئامانجە بگەین كە ڕیفراندۆممان لە پێناویدا ئەنجام داوە، ئەویش سەربەخۆییی كوردستانە، هەرێمی كوردستان ئێستا بووەتە ناوەندێكی گرنگ بۆ جیهان، هیچ وڵاتێك ناتوانێت پشت لە كوردستان بكات، گوتاری حكوومەتی هەرێم گوتارێكی نەرم و حەكیمانەیە، دەرگای بە كراوە هێشتووەتەوە، كاردانەوەی عێراق كاردانەوەیەكی خراپە، ئەوەش وا دەكات كە زیاتر داواكانی ئێمە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا جێگیر بكرێن و بەو ئامانجە بگەین، كە ڕیفراندۆممان لە پێناویدا ئەنجام داوە، زۆر لە وڵاتانی جیهان هەڵوێستیان دەگۆڕێت و پشتگیری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان دەكەن.هەموو دونیا باش ئەو راستییە دەزانێ كە 93% ی خەڵكی كوردستان بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆییی كوردستان داوە، دەبێ هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەركی خۆیان بەجێ بێنن و بەرپرسیار بن، دەبێ ڕۆژ بە ڕۆژ ئێمە كار بۆ جیابوونەوە بكەین و دەبێ ئەو داوایەی خەڵكی كوردستان لە 25/9دا تۆماری كردووە، وەكو ئامانج بە دەوڵەتی كوردستان بگەین، ئەگەر تەماشا بكەین ئەو بڕیارانەی حكوومەتی هەرێم دەیان دات نیشانەی ئەوەن كە ئێمە تەواو سەربەخۆین و تەنیا ماوە دەوڵەتی كوردستان ڕابگەیەنین، هەر چەندە دەرگای گفتوگۆ لە لای هەرێمەوە كراوەیە كە بگەینە ڕێكکەوتن، بەڵام ئەوان دەرگایان لەسەر ئێمە داخستووە، دەبێ حكوومەتی هەرێم بۆ خۆی ستراتیژییەك دابنێت، بۆ ئەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم بكاتە پەیڕەو و بەرنامە بۆ بەجێهێنانی دەوڵەتی كوردستان.