چاومان لەسەر كەركووك بێت

چاومان لەسەر كەركووك بێت
بەغدا و تاران و ئەنكارا، زۆر كاریان لەسەر ئەوە كرد، جیهان بەوە بترسێنن، ریفڕاندۆم لەبەر پێكدادانی نێوان پێكهاتەكان ناكرێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەو ترسەی لێ نیشت، بەڵام بەڕێوەچوونی ریفڕاندۆم لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەتایبەتیش كەركووك، بەبێ گرفت و لە كەشێكی ئارامدا، بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەری تاساند، ئاخر كەركووك 90% زیاتر دەنگی بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا، خانەقینیش لە رێژەی زۆری دەنگی بەڵێ ململانێی لەگەڵ زاخۆ كرد، بۆیە هەرسێ پایتەخت ئاگریان گرت و ئاگایان لەخۆ نەما و كەوتنە هەڕەشە، یەكەم رێوشوێن كە بەغدا گرتییەبەر راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی بوو، پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی بە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران دا هێز بەكاربێنێ.
بەغدا و تاران و ئەنكارا هەماهەنگن، هەندێ دەنگی شۆفێنیش لە كەركووك ئامادەی هەموو جۆرە پیلانێكن، وەك چۆن لە بانگەشەی ریفراندۆمدا لە بارەگایەكی ئەو شۆفێنییانە تەقەیان لە بانگەشەكاران كرد و یەكێكیان شەهید كرد، لە خورماتووش حەشدی شەعبی تەقەی لە پێشمەرگە كرد و پێشمەرگەیەك شەهید بوو، ئەمە بۆ دروستكردنی فەوزابوو، بۆ ئەوەی رێگە لە بەڕێوەچوونی ریفڕاندۆم بگیرێ و بە جیهان بڵێن قسەی ئێمە راست دەرچوو، بەڵام كەركووكییەكان و پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس بە چاوكراوەییەوە زیرەكانە دانیان بەخۆدا گرت، وەڵام ئەوەبوو كەركووك بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، بەرێژەیەكی بەرز دەنگی بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دا.
لەبەرئەوەی بەغدا و تاران و ئەنكارا، گرەوێكی زۆریان لەسەر ناوخۆی كوردستان كرد، پێیان وابوو دەتوانن لە درزی نێوان حزبەكانەوە ناكۆكی دروست بكەن، پێش ریفڕاندۆم پێیان نەكرا، دوای ریفڕاندۆمیش هەرسێ پایتەخت دڵی خۆیان بەوە خۆش دەكرد، حزبەكان ناكۆكن و پاشەكشەمان پێدەكەن، بەڵام رۆژی 6 ی 10 ی 2017 لە مەراسیمی پێشوازیكردن لە تەرمی مام جەلال لە فڕۆكەخانەی سلێمانی، بەرپرسانی بەغدا تووشی شۆك بوون، تەنانەت هەندێكیان كە چاویان بەرایی نەدا تەرمی مام جەلال بە ئاڵای كوردستانەوە ببینن، خۆیان پێنەگیرا و ئەو دیمەنە هەراسانی كردن و زوو گەڕانەوە بەغدا، چونكە كوردستانیان بە یەكگرتوویی دیت، بۆیە دەبێ چاومان لەسەر كەركووك بێت، تا بۆیان بكرێت هەوڵ دەدەن فیتنە دروست بكەن، چونكە هەرسێ پایتەخت كاری بۆ دەكەن، پێویستە ئاگامان لە كەركووك بێت، چۆن لە سایەی ئارامیدا دەنگی بە سەربەخۆییدا، هەرواش بەئارامی بمێنێتەوە.
كەركووكییەكان وەپێش حزبەكان كەوتن، پەیامی ئەوان بۆ هەموو جیهان و كوردستان زۆر گرنگ بوو، بۆیە پێویستە لەمەودوا هەموومان دڵمان لای كەركووك بێت، دەستی كەركووكییەكان و پێشمەرگە و ئاسایش بگوشین، هەر چاوێكمان بكەینە چوار چاو، ئەوەی پێش ریفڕاندۆم رووی نەدا، نابێ لێبگەڕێین رووبدات و ئاواتی هەرسێ پایتەخت بێتەدی.
Top