جەنجاڵی دنیای سیاسەت و هەنگاوە درووستەکانی سەرۆک بارزانی

جەنجاڵی دنیای سیاسەت و هەنگاوە درووستەکانی سەرۆک بارزانی
سیاسەت کار و کاردانەوەیە لە نێوان دژەکان و جووڵەیەکی هاوتەریبیشە لە نێوان هاوپەیمانەکاندا، لەگەڵ بوونی ئەو راستییەش: دەبێ ئەوەش بزانین نە دژەکان هەتا سەر دژ دەبن و نە هاوپەیمانەکانیش هەتا سەر هاوپەیمان دەبن، چونکە ئەوەی دژایەتیەکان خاو دەکاتەوە و ئەوەی هاوپەیمانیەکانیش لێک هەڵدەوەشێنێ بەرژەوەندیەکانن، بە واتایەکی تر ئەوە بەرژەوەندیکانن رێڕەوی سیاسەت دیاری دەکەن و لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندیەکاندا رێڕەوی سیاسەتیش دەگۆڕێ، بۆیە دەبێ سیاسەتکاری سەرکەوتوو لەگەڵ ئەو رووداو و پێشهاتانە هەنگاو بنێ کە واقعی سیاسی درووست دەکەن و گۆڕانکاریەکان دەخەنە ژێر هەیمەنەی خۆیان.
مەبەستم لە نووسینی ئەو وتارە وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارەیە کە سیاسەتکارانی کوردستان تا کوێ توانیویانە لەگەڵ واقع سیاسەت بکەن و تا کوێش لە سیاسەتی رقاوی و سۆزداری دوور کەوتوونەوە؟
گومان لەوەدا نییە کە سیاسەتی رقاوی کۆمەڵگا دەخاتە ناو گێژاوی تۆڵە کردنەوە، ئەوەش فەوزای سیاسی و بێمتمانەیی و دەڵەڕاوکێ بڵاو دەکاتەوە، سیاسەتی سۆزداریش کۆمەڵگا دەکاتە نێچیرێکی دەستوپێ شکاوی بەردەم راوچییە دڵ رەقەکان، بۆیە پێویستە سیاسەتکار هەم لە رق و هەم لە سۆز دوور بکەوێتەوە و لەگەڵ واقع و بە لەبەر چاو گرتنی رووداو و پێشهاتەکان سیاسەت بکاو هەنگاو هەڵگرێ، بە خستنە رووی چەند نموونەیەکیش دەردەکەوێ ئەوانەی گرەوە سیاسیەکانیان بردۆتەوە، ئەوانەبووم کە لە سیاسەتی رقاوی و سۆزداری دوور کەوتوونەوە و لەگەڵ واقع سیاەسەتیان کردووە و لەگەڵ رووداو و پێشهات و گۆڕانکاریەکانیش جووڵاون؟
پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ساڵی ١٩٩٢ وەک چارەسەرێک بۆ پرسی کورد لەو قۆناغەدا داوای حوکمی زاتی دەکرد، لە دوای ساڵی ١٩٩٢و هەڵژاردنی پەرلەمانی کوردستان فیدراڵی کردە ئامانجی ئەو قۆناغە و چەسپاندیشی، هاتنی داعش قۆناغێکی نوێی بۆ کورد هێنایە پێش و ئەو قۆناغەش وایکرد کورد سەربەخۆیی کوردستان بکاتە دوا ئامانجی، جا ئەگەر شرۆڤەیەکی سیاسی و مێژوویی بۆ هەموو ئەو قۆناغانە جیاوازانە و خواست و داواکاریەکانی کورد بکرێ، دەردەکەوێ کە پارتی چەند بە پلان و بەرنامە خوێندنەوەى بۆ ئەو قۆناغانە کردووە و چەند واقعبینانە سیاسەتی لەگەڵ واقع کردووە و لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر قۆناغێک پرسی کوردی لە ئامانجێکەوە بۆ ئامانجێکی باشتر بردۆتە پێشێ.
یان ئەگەر لێکدانەوە بۆ هەڵوێستەکانی کاتی بانگەشەی ریفراندۆم و ئێستای سەرۆک بارزانی بکەین، تێدەگەیان کە سەرۆک بارزانی چەند واقعبینانە هەنگاو دەنێ، لە کاتی بانگەشەی ریفراندۆم کە تاکە ئامانج سەرکەوتنی ریفراندۆکە بوو، بۆیە دەبینین چەند توند دەدوا و چۆن جەماوەری ئاراستە دەکرد، دوای سەرکەوتنی ریفرادۆمیش دەبینین چەند ئارامە و داگیرکارانیش چۆن کەوتوونە گەف و هەڕەشە کردن، هەر کەسێکیش شارەزای ئەلف و بێی سیاسەت بێ دەزانی کە ئارامی کورد و توندی داگیرکارانی کوردستان چەند خزمەت بە ئامانجی ریفراندۆم دەکات کە سەربەخۆیی کوردستانە، بوونی ئەو راستییەش بە هەموو لایەنە سیاسیەکان دەڵێ: واقعی سیاسی ئەمڕۆ لەبەر چاو بگرن و ئەو زنجیرە کارەسات و نەهامەتیانەش بێننەوە پێش چاوی خۆیان کە بە هۆی سیاسەتی رقاوی و سۆزداری بەسەرمان هاتوون.
Top