ڕیفراندۆم و دەولەتی کوردستان و بڕیارەکانی پەرلەمانی بەغدا

ڕیفراندۆم و دەولەتی کوردستان و بڕیارەکانی پەرلەمانی بەغدا
درەبڕینی ئازاد ( تەداعی حر یان free association)، داھێنانێکی زانای بەناوبانگە، کە فرۆید بێ، کە پێش ئەو و چەند سەد ساڵ لەمەو پێش لە لایەن یەکێک لە گەورەترین زانایانی جیھان و ئاریایی، واتە ئێبن سینا، بەکارھاتووە، و تیایدا بە ڕەخساندنی دەرفەتێکی گۆنجاو بۆ ئاخاوتن و دەربڕینی ئازادانە بۆ کەسێک، ھەوڵ دەدرێتن کە ڕێگە بدرێتن کە کەسێک ھەر چیەکی بۆی بلوێ باس بکاتن و بێڵێتن، و پزیشکی چارەسەرکەری دەروونی بە شیکردنەوەی وشە و دەربڕین و شێوە و ژێست و دەم و چاو و جووڵە و ھەڵسوکەتەکانی ئەو مرۆڤە، کەسایەتییەکەی دەخوێنێ و ئەگەر گرفت و نەخۆشی دەروونیشی ھەبێ بەھۆی ئەو قسانەوە دەستنیشانیان دەکاتن و ھەوڵی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی دەداتن. ئەو کارە شارەزاییەکی تەواوی دەوێ و وەھا ئاسان نیە کە ھەندێ کەس تێیدەگەن، و پێویستە ئەو چارەسەرکەر و شیکەرەوەی دەروونییە شارەزای تەواوی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و کەلتووری و فەرھەنگی و دەروونی ئەو تاکە و کۆمەڵگایەکەی ھەبێ تا سەرکەوتنی دەست بکەوێ.
دیارە بڕیاری ڕیفراندۆمی کوردستان، و لە بەرامبەریشی بڕیارەکانی پەرلەمانێکی شکستخواردوو لە بەغدا، بە ھەموو جۆرەکانیەوە، پێش و دوای ئەو پرۆسە دیمۆکراسیانەی سەرکەوتوو، ھەمان ئەو ڕێڕەوەن کە دەکرێ بە تێڕۆانینی فرۆیدییەوە سەیر بکرێن.
یەکەمیان دەربڕینێکی ئازادە لە حەز و ویست و خواستی نەتەوەکانی کوردستان بۆ ڕزگاری لە بندەستبوون، و گەیشتن بە سەربەخۆیی، و ھەوڵەکانی گرووپی دووھەمیش ڕاست و ڕاست و ڕاشکاوانە و بە ئازادی تەواو، حەزی پێچەوانەیەتی، و دەیەوێ گرووپی یەکەم ئێستا و ھەمیشە لە ژێر ڕکێفی دا بێ، تا ئەوەندە و ئەو کاتە و چۆنی دەوێ و پێی خۆشە ھەڵسوکەوتی لەگەڵ دا بکاتن و کەی ویستی ئەنفال بکاتن و کەی ویستی کێمیاباران، و کەی حەزی لێبوو بیکاتە کۆێلە، و کەنگی لۆا داعش و کەی بە باشی زانی دڕندەی تری تێبەرداتن.
ئەو ھەموو دەبڕینە ئازادانە ئاماژەیەکن بۆ واقعێک لە بارەی کەسێتی و ناخ و دەروون و بیرکردنەوەی ھەر دوو لا. ئەوە تاڵە بەڵام ڕاستیەکی حاشا ھەڵنەگرە. *پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top