ڕیفراندۆم و دەولەتی کوردستان و ئازادی ئایینی و نیشتمانی

ڕیفراندۆم و دەولەتی کوردستان و ئازادی ئایینی و نیشتمانی
جەنابی سەرۆک بارزانی لە کەرنەڤالی خەڵکی زاخۆ بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە (١٤/٩/٢٠١٧)، زۆر ڕاشکاوانە باسی لەو چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیەی کرد کە کەسێکی ڕۆشنبیری بە ڕەگەز عەرەب و کەسێکی کورد تیایدا بەشدار بوون و لە یەکێک لە بڕگەکانی بەرنامەکە ئەو ناڕۆشنبیرە ڕوو لە کوردەکە دەکاتن و بە گاڵتە و لووتبەرزییەوە پێی دەڵێ:" ئێوە کێن؟"، و ... شانازی بە سۆمەڕیبوون و شارستانیەتەکەی دەکاتن !
دیارە سەرۆک بارزانی زۆر جوانتر لە ھەر کەسێک لەو کەرنەڤاڵە دا وەڵامێکی تووندی داوەتە ئەو کەسە ناڕۆشنبیرە، بەڵام دەبێ ئاماژە بە دوو خاڵی سەرەکی بدرێتن، کە پەیوەستن بەو بیرکردنەوەیەی ناڕۆشنبیرانەی ئەو ناڕۆشنبیرە و ھەموو کەسانی وەک ئەو بیردەکەنەوە:
یەکەم: دەبێ ئەو نموونە و ھزاران نموونەی تر ببێتە وانەیەک تا پسپۆرانی مێژووناسی زیاتر خەمی لێ بخۆن و جارێکیتر بە مێژوو دا بچن، و بێگۆمان بەڵگە ھەیە کە دەبێ بسەڵمێنن نەتەوەی عەرەب دوور و نزیک پەیوەندییان بە سۆمەڕییەکان و ئەکەد و بابلیەکانەوە نیە، و زۆر بەڵگەی زانستی و شوێنەوارناسیش ئەوە دەسەڵمێنن، تەنانەت شێوازی بیرکردنەوە و ژیانی سۆمەرییەکان زۆر لە خەلکی کوێستان و تەنانەت کوردەکان دەچێ زیاتر لەوەی کە بیابانی ( سەحراویانە ) بیر بکەنەوە و ڕەفتار بکەن، و دوور نیە ئەوان زیاتر لە عەرەب و سامی پەیوەندیی ڕەگەزییان بە ئاریاییەکانەوە ھەبێ.
ئەگەر سۆمەڕییەکان ئەوەندە پێشکەوتوو بوونە، نابێتە مەھانە کە دەبێ حەتمەن عەرەبیش وەھا بن، و ئەزموونی (١٤٠٠) ڕابردوو ڕاستیەک پیشان دەداتن کە لەوانەیە عەرەبەکان پێیان ناخۆش بێ بزانن بەڵام بە شایەتی و گەواھی خۆیان و بە دۆکیۆمێنتەکانەوە دیارە کە تەنانەت ھاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پەرتووکی دەوڵەمەندی قۆرئانیش ھیچ کاریگەری بەسەر مێنتالیتەی زۆرێک لەو نەتەوەیە نەبوو، تەنانەت ئەوان بۆ فێربوون و فێرکردنی زمانی خۆیان و قۆرئانیش ھەمیشە پێویستیان بە کەسانی غەیری عەرەب بووە، و سەدان و ھزاران زانای غەیری عەرەب و لەوانەش کوردەکان بەدرێژایی ئەو چۆاردە سەدەیە خزمەتی زمانی ئەوانی کردووە و ھەموو ئەو زانکۆ و سەنتەر و فێرگەھانەی لە گۆشە و کەناری ولاتی خەلافەتەکانی ئەمەوی و عەباسی دا پەیدا بوون بە دەست و بازوو و مێشکی نەتەوەکانیتر دانراون و تەنھا ھەژمارێکی کەمیان عەرەب بوونە، و تەنانەت نەتەوەکانیتر و بەتایبەت کورد و پارسەکان، ستوونی بەڕێوەبردنی ئەو دوو خەلافەتە بوون. بەڵام نەمک نەشناسی ھەندێ شۆڤینیزمی عەرب و ھەستی خۆباییبوون و لە ھەمان کاتدا ھەستکردن بە کەموکۆڕی ( شعور بنقێ) لایان بووەتە ئەگەر کە لە ڕوویان نەێیتن ئەو زانایانە و کەسانە بە کورد یان پارس یان ... ھتد، ھەژمار بکەن و بەردەوام لە پرۆسەی بەعەرەبکردنیان ئەوانیان بە عەرەب ھەژمار کردووە و ئێستاش ھەمان ئەو بیرۆکەیە ھەیە و لەوانەیە ئەو کەسەش ھەمان نموونە بێ. چیڕۆکێکی درێژە بەڵام لە یەکێک لە گەشتەکانم بۆ دەرەوەی وڵات گەنجێکی وڵاتی مەغریب کەوتە بەرچاوم و دوای زۆر گفتگۆ پێی گۆتم " فێر کراوم کە سەلاحەدین عەرەبە، نەمزانیوە کورد بێ" ! ھەر چەندە من خۆم بە نۆرەی خۆم ھەرگیز شانازیی پێوە ناکەم بەڵام زۆر کەس کوردبوونی سەلاحەدینی پێ گرینگە.
لە لایەکیترەوە ئاسەوارەکانی شوێنی ئاوەدانی و نیشتەجێبوون و خانوبەرە و شێوازی دروستکردنیان بەڵگەیەکی بەھێزە کە سۆمەڕییەکان، لە ڕووی کەلتووری کۆمەڵایەتی و بیرکردنەوەیان، ھیچ پەیوەندییان بە بیابان و شوێنی نیشتەجێبوونی عەرەبەکانەوە نەبێ. بۆیە دەبێ مێژووناسان ئەو تڵسمە بشکێنن و ڕاستییەکان بە توێژینەوەی زانستی ئاشکرا بکەن تا ئەو لە خۆباییبوونەی شۆڤینیزمی عەرەبی ھەندێک کاڵتر ببێ و زیانەکانی کەم بکرێتەوە، نەک وەک ئەوەی ئێستاشی لەگەڵدا بێ پەرتووکەکانی خوێندنگەە و زانینگەکانی کوردستان پڕیەتی لەو بابەتانەی کە بە بەژن و باڵیان دەباڵێنێ و ڕاستیەکان لە تاک و قوتاکی کورد شاردووتەوە و گەمژییان دەخاتە نێو مێشکیان.
دووھەم : دەبێ ئازادییەکانی ئایینی، تەواوکەری ( میساقی ) نەتەوە و ئایینەکانی تر بێ، و بە ھەموو وردەکارییەکانیەوە، زۆر بە جدی لە دەستوور و یاسای سکۆلاریزمی کۆماری فیدرالی کوردستان بچەسپێ و لە ئاستی ژیان و مێنتالیتە و جیھانی سەردەم و ڕێڕەوەی دیمۆکراسیەت بێ، و ڕێگر بێ لە سەرھڵدانی پرۆژەکانی بەکافرکردنی خەڵک و نەتەوە و گرووپێکی ئایینی و نەتەوەیی دیاریکراو، و نەبێتە ھۆکاری سەرھڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی وەک داعش کە بە بیانۆ و لەژێر ناوی ئایینەوە ھەر باوەر و ئایین و نەتەوەیەکی غەیری عەرەبیان پێ کافر و ناپیرۆز و بێ باوەر بێ و سەربڕینیان بە ڕەوا ببیندرێتن. ئایینی ئیسلام ئایینی پێکەوە ژیان و یەکسانییە، و نابێ دەرفەت بدرێتن تاخم و کەس و لایەن گاڵتە بە پیرۆزییەکانی بکەن و لە بن سێبەرە پیرۆزەکەی مرۆڤ و باوەرە جیاوازەکانی بە ناپیرۆز ھەژمار بکرێن و بەناوی کافرکردنیان ھەر ڕەفتار و تاوانێک لە دژیان پێ ئاسایی و پیرۆز بێ و بە ڕەوایان ببینن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top