کوردستان لەسەر شێوازی خۆی مام جەلالی لە ئامێز گرت

کوردستان لەسەر شێوازی خۆی مام جەلالی لە ئامێز گرت
کۆچی دوایی خوالێخۆشیبوو مام جەلال سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، بوو بە بۆنەیەکی نیشتمانی بۆ کۆکردنەوەی سەرکردایەتی کۆی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ئەندامانیان، لەوێشەوە بە وجودی لایەنە عێراقییەکان و وەزیری دەرەوەی ئێران و نوێنەری ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا، رەوتی سەربەخۆیی کوردستان توانی نامەیەکی کراوە و راشکاو بداتە تەواوی دۆست و دوژمنانی سەربەخۆیی کوردستان و تێیدا پێیان وتراو نیشاندرا کە:
١. گەلی کوردستان ھەموو پێکەوە ئاوات و وەسەتیان ئەوەیە کە کوردستانییانە بمرن و میراتی کوردستانی خۆیان ناگۆڕنەوە بە ھیچ دەستکەوتێکی تر و پێیان گوترا ھەر چەندە ناکۆکی ناوخۆییان ھەبێت، بەڵام لە پرسە و بۆنە نیشتمانیەکاندا ھەموویان یەکن.
٢. کوردستان سوورە لەسەر مافی چارەی خۆنووسینی خۆی و دەرئەنجامەکانی ریفراندۆمی (٢٥/٩) و بە تەواوی کار بۆ ئەوە دەکات کە خۆی لە وابەستەیی بە عێراق جودا بکاتەوە.
٣. کوردستان توانی ئەم بۆنەیە بکاتە نیشاندانێکی سمبوولی لە بەرژەوەندی پرۆژەی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان و سەرنجی ھەموو ناوەند و کەناڵە بیانییەکانی ھەرێمی و عێراقییەکان بۆ سەر بۆنەکە رابکێشێ کە ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر تەرمی سەرۆک مام جەلال دانرابوو، ھەروەھا بە مەراسیمی سەربازیی حکومەتی کوردستان و تاجە گوڵینەی لەسەر دانرا.
٤. بە ھەموو لایەک وترا مام جەلال نوێنەری کورد و شێوازی حوکمڕانی و خەباتی کوردان بووە لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و موڵکی رۆحی خەڵکی کوردستانە و ئێستاش کوردستان لە رێگای سەربەخۆییداییە و سەروەریی خۆی تۆمار دەکات.
٥. بە ھەموو لایەک راگەیەندرا کە کوردستان بەرگەی گەمارۆدان و گوشارەکانیان دەگرێت و ژێرخانێکی بەھێزی سەربازی و سیاسی و جەماوەری و ئابووریی گەورەی ھەیە و دەتوانێت خۆی بەڕێوەببات و عەزمی ئیرادەی بپارێزێت و پێیان بڵێت کوردستان لە ھیچ شتێکی کەم نییە، راگەیاندنی سەربەخۆیی دەوڵەتی کوردستان نەبێت.
* ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
Top