وەبەرھێنان لە گشتپرسیی باشووری کوردستان

وەبەرھێنان لە گشتپرسیی باشووری کوردستان
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە (٢٥ی ڕەزبەری٢٠١٧) گەلی کوردستان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا، پرۆسەکە بە شێوەیێکی زۆر ئارام و سەرکەوتوو ئەنجام دراو بووە رۆژێکی پرشنگداری مێژوویی و خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد، پاش دەرچوونی ئەنجامی گشتپرسییەکەش بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کە بە سەرکەوتنێکی گەورە ھەژمار دەکرێت بۆ ھەموو گەلی کوردستان، ھاوکات ئەم دەرئەنجامە بووە سەنەد و بەڵگەیەکی بەھێزی یاسایی و متمانەپێکراو بە دەست گەلی کوردستانەوە، بەمەش قۆناخێکی نوێ دەست پێ دەکات، ئەویش قۆناخی پاراستن و وەبەرھێنانە لە ئەنجامی راپرسییەکە، کە قوناخێکی زۆر ھەستیار و چارەنووسسازە.
وەبەرھێنان چەمکێکی ئابوورییە لە ئەسڵدا و دوایی لە بواری یاساییدا رێکخراوەو تەنیا تاکە بوارێک ناگرێتەوە، بەڵام ئەم چەمکە یاخود وشەیە بەردەوام خۆی وەبەرھێنانی لە خودی خۆیدا کردووەو و دەیکات و تەنیا لە چوارچێوەی وەبەرھێنان لە بواری سەرمایەدا خۆی قەتیس نەکردووە، بەڵکوو بەرداوام لە فراونبووندایە.
لە ڕۆژگاری ئەمرۆدا وەبەرھێنان بە زۆر شێوەو لە بواری ھەمەجۆردا ئەنجام دەدرێت، وەک (وەبەرھێنان لە بواری ئاودا، وەبەرھێنان لە بواری رۆشنبیریدا، وەبەرھێنان لە بواری ژینگەدا، وەبەرھێنان لە بواری نەوت، یان گەشت و گوزار، یان لە بواری ئایینیدا، یان لە بواری زانست و فێربووندا، یان لە بواری تەکنۆلۆژیا و لە بواری میدیاییدا و ھتد)، ھەموو ئەو وەبەرھێنانانە دەکرێت و بە ھەمان شێوە دەکرێت لە بواری راپرسی و گشتپرسیدا وەبەرھێنان بکرێت، ئەویش پاڵپشت بەو زانیارییە روون و ئاشکرایەی کە راپرسی و مافی چارەی خونووسین مافێکی یاسایی و دانپێدانراوە لە جاڕنامەی مافی مرۆڤ، راستە پیادەکردنی مافێکی قانوونی دیموکراسی سیاسییە، بەڵام ئاسەوار و دەرھاویشتەی ئابووری لێ دەکەوێتەوە. ھەروەک ئاماژەمان پێ کرد، چونکە وەبەرھێنان لە ئەسڵدا چەمکێکی ئابوورییە و لەلای ھەموو لایەک ئاشکرایە کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆی جیھاندا کە ئابووری و سیاسەت دوو ڕووی ھەمان دراون ( اڵاقتێادو السیاسەو جھان للعملە الواحدە) وە ھەردوو بوار واتە بواری ئابووری و بواری سیاسی کار لە یەک دەکەن، لە ھەمان کاتدا کاریگەرییان لە سەر یەکتر ھەیەو کارلێکراون، واتە (کارلێکەر و کارلێکراو)ـن لە یەکتری بە شێوەێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆ، بەڵگەش بۆ ئەو قسانە زۆر بە روونی و ئاشکرایی بە دیارکەوت لە پرۆسەی گشتپرسی و ئەنجامەکەی، ئەویش ئاسەواری سیاسی لێکەوتەوە، جا چ بە شێوەێکی ئەرێنی بوو یان نەرێنی بوو. دەکرێت وەبەرھێنان لە رۆڵ و لایەنە ئەرێنییەکەی ئەنجام بدرێت کە مامەڵەی لە گەڵ گشتپرسی و ئەنجامەکەی کرد، ھەروەھا بە ھەمان شێوە لەگەڵ بوارە ئابوورییەکەیدا و لە ھەمان کاتدا مامەڵەی تەندروست و ژیرانە لەگەڵ لایەنی نەرێنیی ئەنجامی گشتپرسی بکرێت، ئەویش کار لە سەر کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان بکرێت و سنووردار بکرێن، ئەویش بە چەند ئامراز و گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێک دەکرێت کە دواتر ئاماژەی پێ دەکەین. لە دیارترین کاریگەرییە ئابوورییەکان، کاریگەریی گشتپرسی باشووری کوردستان لە سەر بازاڕی وزەی جیھانی بوو، کە بە دیارکراوی نرخی یەک بەرمیل پێترۆڵی برێنت بۆ (٥٨,٢٣$) بەرز کردەوە، ھەروەھا نرخی یەک بەرمیل پێترۆڵی تێکساس بۆ (٥٢,٢٣$) بەرز بۆوە، وا مەزەندە دەکرێت کە ئەم نرخ بەرزبوونەوە بەرداوام بێت و روو لە ھەڵکشان بێت، ھەروەھا نرخی دۆلاری ئەمریکی جووڵەیەکی کەمی بە خۆیەوە بینی کە ئەم دوو ھەنگاوە بە ئەرێنی دادەنرێن و لە بەرژەوەندی گەلی کوردستانە. بۆیە دەکرێت کوردستان وەبەرھێنان لەو خاڵەدا بکات، ئەویش بە زیادکردنی ئاستی بەرھەمھێنانی پێترۆڵ و ھەناردەکردنی زورترین ژمارەی بەرمیل لە پێترۆڵی خاو. بۆ ڕاگرتنی بەڵانسی بازاڕ و ئابووری و لایەنە داراییەکەی باشووری کوردستان، پێویستە وەک یەکەم ھەنگاو وەبەرھێنان لەو یەکڕیزییەی کۆمەڵگە و ھەموو نەتەوە و ئایین و پارتە سیاسییەکان بکرێت، ئەویش بە فراونکردن و پەرەپێدانی بە شێوەیەکی ڕاست و دروست و بونیادنەرانە بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی باڵای گەلی کوردستان، دوور لە ململانێی تەسکی حزبایەتی و ناوچەگەریی، ئەمەش ئەرکی ھەموو تاک و لایەنێکە لەم کوردستانە، ھەر ئەویش زامنی وەبەرھێنانی دروستە لە ئەنجامی گشتپرسی و خاڵی بنەڕەتی و سەرکییە لە وەبەرھێنانێکی کاریگەر... لێرەدا پرسیارێک دەورووژێندرێت، ئەویش ئەوەیە کە بۆچی وڵاتانی تورکیا و ئیران سنووریان دانەخست؟ لە وەڵامدا دەڵیێن: ئەوانیش وەبەرھێنان لە ھەردوو بواری ئابووری و سیاسی دەکەن، چونکە باش دەزانن کە گەمارۆی ئابووری لە سەر باشووری کوردستان دۆخەکە بۆ بواری مرۆیی کۆمەڵایەتی دەگۆڕدرێن و لە کۆتاییدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێنە دەنگ و بڕیاری پێویست دەردەکەن، ھاوشێوەی بڕیاری ژمارەی (٦٨٦) ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی ١٩٩١ دەریکرد، ھەر بڕیارێکی لەم شێوەیەش بە قازانجی گەلی کوردستان و لە بەرژەوەندی سیاسی و پرسی گشتپرسییەکەی باشووری کوردستان دەبێت. ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە کە فەرەنسا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی دەگرێتەدەست و لە ئیستادا حکومەت و گەلی فەرەنسا باشترین پشتیوانی گەلی کوردستانن، بۆیە دەبێ کاری جددی لە سەر رۆڵی فەرەنسا بکرێت و کورد ھانی لۆبی و لایەنگرانی فەرەنسی بخاتەگەڕ بۆ پشتگیریکردنی دۆزی کورد بەتایبەتی لە پرسی گشتپرسی و ئەنجامەکەی، ھەروەھا پێویستە وەبەرھێنان بکرێت لە سەر بۆچوون و ئەو ھەڵوێستەی کە دانیشتووانی ناوچە گەڕێنراوەکانی باشووری کوردستان ئەنجامیان دا، بە کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشوور و کلدان و شەبەکەوە، جا چ موسڵمان، یان مەسیحی، یان زەردەشتی، یان ئێزیدی، یان کاکەیی، یان شوێنکەوتووی ھەر ئایین و ئایینزایک بن، ئەویش بە زیاتر ڕاکێشانیان بۆ ئینتیمای نیشتمانی و حاڵیکردنیان بە مافی ھاونیشتمانی و پێکەوەژیان لە دەوڵەتی کوردستان لە داھاتوودا، ئەویش بە گەرەنتی دابینکردنی مافە نەتەوەیی و کەلتووری و ئایینی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییان.
پرسیارە گرنگەکە لێرەدا ئەوەیە کە چۆن وەبەرھێنان لە سەر ئەنجامی گشتپرسیدا بکرێت، پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، ئەوا پێویستە ئاماژە بە خاڵێک بکەین کە دەبێت زۆر بە ژیری و لێزانانە مامەڵە لەگەڵ پێشھات و دەرھاوێشتەکانی گشتپرسی و ئەنجامی گشتپرسییەکەدا بکرێت، چونکە بۆی ھەیە ھەر ھەڵەیەکی زۆر بچووک لە ھەنگاوێکی کرداری، یان لێدوانی ھەڕەمەکی، ببێتە مەترسیی گەوەرە لە سەر پرۆسەی ئەم وەبەرھێنانە، یان لە ناوبردنی، بۆیە زۆر گرنکە کاری ھەرە پێشینەی پەرلەمانی کوردستان بڕیاردان بێت لە سەر پلانێکی ستراتیژی و گشتگیر بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە و ئەم وەبەرھێنانە، لە ھەمان کاتدا پێکھێنانی چەند دەستە و لێژنەێکی ھاوکار، وەک:
• دەستەی دانوستان و دیراساتی ستراتیژی.
• دەستەی ڕاویژکاری (قانونی –ئابووری – بازرگانی – دارایی و...ھتد) کە پێکبھنرێت لە کەسانی ئەکادیمی و زانستی و لێزانان و شارازایان لە بواری ھەمەجۆر.
ھەروەھا پێویستە ئەم ئامراز و ڕێوشوێنانە بگرینە بەر بۆ ئەنجامدانی وەبەرھێنانی دروست و سەرکەوتوو لە سەر ئەنجامی گشتپرسی کە لەم خاڵانەی خوارەوەدا ھاتووە :
• پێویستە ھەنگاوەکانی ئابووری و سیاسی لە کوردستان لە سەر دوو ھێڵی ھاوتەریب وەبەرھێنانیان لە سەر بکرێت و بە یەکەوە و بە ئاگاداری یەکتر ھەنگاو بنێن، چونکە بواری ئابووری و سیاسی وەک شەمەندەفەڕ و فارگۆنەکەیەتی کە یەکێکیان ئەوەی تر ڕادەکێشێت و دەکرێت بەرداوام جێگایان بگۆڕدرێت، بۆ ئەوەی بە یەک ئاراستە بڕۆن نەوەک دژ بە یەک.
• پێویستە کاری زیاتر لە سەر یەکڕیزی بکرێت و ئەو تەباییە ناوەخۆییە بپارێزرێت و پەرەی پێ بدرێت و لە چوارچێوەی واژووکردنی پەیماننامەیەکی شەرف رێکبخرێت.
• پێویستە ڕێگا لە چوونە دەرەوەی دۆلار -دراوی گران- (العملە الێعبە) لە کوردستان بگیرێت، بە تایبەتی لە پرۆسەی ھاوردەکردنی کەلوپەل و کاڵا کەمالیاتییەکان، بۆ نموونە ھاوردەکردنی ئۆتۆمۆبێل بۆ باشووری کوردستان تا ڕادەێکی زۆر کەم بکرێتەوە، یان بۆ ماوەیەکی کاتی بوەستێندرێت.
• پێویستە ھەرچی زووە لێژنەی ئامادەکردنی دەستوور بە پێکھاتەیەکی نوێ دەست بە کار بێت و ماوەێکی دیاریکراوی بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی ڕەشنووسی دەستووری کوردستان بۆ ڕاپرسی ئامادە بکرێت.
• پێویست چاکسازی تەشریعی و قانوونی لە بەرامبەر قەیرانی دارایی و ئابووری ئامادە بکرێت و بۆ حاڵەتی لە ناکاو ئامادە بین.
• پێویستە ڕەشنووسی چەند قانوونێک ئامادەبێ بۆ دەنگدان لە سەری لە پەرلەمانی کوردستان کە ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتیان بەڕێوە دەبات لە بوارە ھەمە جۆرەکان، چونکە دەبێت ئامادە بین بۆ ھەر ئەگەرێکی لەناکاو و بەپەلە بۆی ھەیە پێشھاتەکان وا بخوازێت دەوەڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕابگەیندرێت، خۆ ناکرێت لەو کاتە کار بە قانوونی دەوڵەتێکی تر کە عێراقە بکرێت لە دەوڵەتی کوردستانن بۆ نموونە (قانوونی دراو، قانوونی ناسنامە، ڕەگەزنامە ،قانوونی باری کەسیەتی و قانوونی خزمەتی شارستانی و ...ھتد.) خستنەڕووی پرۆژە ستراتیژییەکان بۆ وەبەرھێنان تیایدا بە مەبەستی ھاندانی وڵاتان وە کۆمپانیاکانی جیھانی و خاوەن بڕیار لە ئاستی ئابووری و سیاسی لە جیھان، بە تایبەت لە بواری پێترۆڵ و گازدا تا لە کوردستان وەبەرھێنانی ماوەدرێژ ئەنجام بدەن، ئەویش لە رێگای پەسندکردنی مۆلەتی وەبەرھێنان لە پەرلەمانی کوردستان و پیادەکردنی ئەوپەڕی شەفافییەت و ئاشکرایی بۆ ئەوەی متمانەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی بەدەستھێنانی متمانەی نێوخۆی لە ھاووڵاتیان بە گشتی و ئەو ھاوڵاتیانەی عەرەب و تورکمان و مەسیحی کە بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی دەنگیان داوە لە ناوچەکانی تازە گەڕاوە بۆ سەر زێدی خۆیان کە کوردستانە .
• تەواوکردنی کاری بە خێرایی ئەو بەنداوانەی کە لە ژێر ئەنجامدان و کۆگاکردنی ئاو لە بەنداوەکانی کوردستان.
• دروستکردنی شوێنی تایبەت بە کۆگاکردنی بەروبوومی دانەوێلە (گەنم و جۆ ..) لە کوردستان بەتایبەتی بۆ وەرزی دروێنەی ساڵی داھاتوو، ھەروەھا دروستکردنی عەمباری گەوەرە کە جێگای بە سەدان یان ھەزاران ملێون لیتر لە پێترۆڵ و گاز تیایدا بە کۆگا بکرێت. ھەروەھا کۆگاکردنی شیری منداڵان و داودەرمان کە بە لایەنی کەم بەشی (٣ – ٦) مانگ بکات .
• دامەزراندنی پەیمانگەێکی نوێ لە بواری ھونەری دانوستان و گفتوگۆ، وە چۆنیەتی بەڕێوەبردنیان لە کوردستان، ئەمەش بۆ پێشکەشکردنی دیراسات و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە کوردستان، بە ناوی پەیمانگای دانوستان و توێژینەوەی ستراتیژی، چونکە لەمەودوا دەبێت بۆ چارسەرکردنی ھەموو بابەتێک لە کوردستان دوور بێت لە زمانی زبر و ھەڕەشە، بەڵکو دەبێ بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، جا لە ھەر بوارێک بێت.
• پاراستنی ئەو جێگیرە ئابووری و داراییەی لە دۆخی بازاڕ و نرخی کاڵا و کەلوپەلەکان بپارێزرێت و بە ھیچ شێوەێک رێگا بە قۆرخکاریی بازاڕ نەدرێت .
• پێشکەشکردنی ئاسانکاری لە دەروازە سنوورییەکان بۆ بازرگانان لە ڕووی باج و گومرگ، ئەویش بە مەبەستی زیاتر ھاندانیان.
• پێویستە وەبەرھێنان لە پەیوەندی سیاسی و ئابووری لەگەڵ وڵاتی ڕووسیا بکرێت و بەتایبەتی لە بواری وزە، چونکە لە رۆژگاری ئەمڕۆ ڕووسیا ھەژموونی سیاسی و ئابووریی بەھێز و کاریگەری لە سەر ھەر دوو دراوسێی باشووری کوردستان ھەیە کە ھەر دوو وڵاتی تورکیا و ئێرانن.
• سپۆت:

• دەبێت ئامادە بین بۆ ھەر ئەگەرێکی لەناکاو و بەپەلە بۆی ھەیە پێشھاتەکان وا بخوازێت دەوەڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕابگەیندرێت، خۆ ناکرێت لەو کاتە کار بە قانوونی دەوڵەتێکی تر کە عێراقە بکرێت لە دەوڵەتی کوردستانن بۆ نموونە (قانوونی دراو، قانوونی ناسنامە، ڕەگەزنامە ،قانوونی باری کەسیەتی و قانوونی خزمەتی شارستانی و ...ھتد.)

• پێویستە ھەرچی زووە لێژنەی ئامادەکردنی دەستوور بە پێکھاتەیەکی نوێ دەست بە کار بێت و ماوەێکی دیاریکراوی بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی ڕەشنووسی دەستووری کوردستان بۆ ڕاپرسی ئامادە بکرێت

• فەرەنسا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی دەگرێتەدەست و لە ئیستادا حکومەت و گەلی فەرەنسا باشترین پشتیوانی گەلی کوردستانن، بۆیە دەبێ کاری جددی لە سەر رۆڵی فەرەنسا بکرێت و کورد ھانی لۆبی و لایەنگرانی فەرەنسی بخاتەگەڕ بۆ پشتگیریکردنی دۆزی کورد بەتایبەتی لە پرسی گشتپرسی و ئەنجامەکەی


• تورکیا و ئیران باش دەزانن کە گەمارۆی ئابووری لە سەر باشووری کوردستان دۆخەکە بۆ بواری مرۆیی کۆمەڵایەتی دەگۆڕدرێن و لە کۆتاییدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێنەدەنگ و بڕیاری پێویست دەردەکەن، ھاوشێوەی بڕیاری ژمارەی (٦٨٦) ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی ١٩٩١ دەریکرد

• پێویستە وەبەرھێنان لە پەیوەندی سیاسی و ئابووری لەگەڵ وڵاتی ڕووسیا بکرێت و بەتایبەتی لە بواری وزە، چونکە لە رۆژگاری ئەمڕۆ ڕووسیا ھەژموونی سیاسی و ئابووریی بەھێز و کاریگەری لە سەر ھەر دوو دراوسێی باشووری کوردستان ھەیە کە ھەر دوو وڵاتی تورکیا و ئێرانن





مامۆستا لە زانکۆی سەلاحەددین – مامۆستای خواستراو لە زانکۆی لوبنانی فەرەنسی
Top