جیاوازی مەراسیمی بەخاک سپاردنەکان و بەڕێوەچوونی پرسەکان لێرە دایە

جیاوازی مەراسیمی بەخاک سپاردنەکان و بەڕێوەچوونی پرسەکان لێرە دایە
دوای کۆچی دوایی مام جەلال هەڵسووڕاو و گڕانخوازان بەردەوام پرسیاری ئەوە دەکەن، بۆچی مەراسیمی بە خاک سپاردن و بەڕێوەچوونی پرسەی کاک نەوشیروان وەک مەراسیمی بە خاک سپاردن و بەڕێوەچوونی پرسەی مام جەلال گرنگی پێ نەدرا؟ بە پرسیارەکەش ناوەستن و گلەییش دەکەن و تەنانەت ناڕەزاییش دەردەبڕن.
هەر چەندە وەڵامی ئەو پرسیارە لای هەڵسووڕاوان و هەموو خەڵکی کوردستانیش روون و ئاشکرایە، بەڵام بۆ ئەوەی هەڵسووڕاوان باشتر تێبگەن وەڵامی پرسیارەکە لەم دوو خاڵەی خوارەوەدا چڕ دەکەمەوە.
١ــ دیارە کەسایەتی مام جەلال چ وەک سیاسییەک و چ وەک سکرتێری یەکێتی نیشتیمانی و چ وەک سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، زۆر جیاوازە لە کەسایەتی کاک نەوشیروان، ئەوەش بەو مانایە نییە بمەوێ لە کەسایەتی کاک نەوشیروان کەم بکەمەوە، چونکە لەوە دڵنیام ئەگەر خودی کاک نەوشیروان لە ژیاندا بووایە نکولی لەو راستییە نەدەکرد.
٢ــ مەراسیمی بە خاک سپاردن و بەڕێوەچوونی پرسەکەی مام جەلال بە کورد و کوردستانی کرا، ئەوەش وایکرد حزب و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە گشتی بێنە سەر خەت و بە تایبەتیش سەرۆک بارزانی بەو قورسایی و دڵسۆزی و خەمخۆریە بێتە سەر خەت، بە پێچەوانەوە مەراسیمی بە خاک سپاردن و بەڕێوەچوونی پرسەی کاک نەوشیروان کرایە بۆنەیەک بۆ رشتنی کۆنەقین و پەلاماردانی رکابەرە سیاسیەکانیان و زیاتر قوڵکردنەوەی کێشە حزبییەکان، بەو کارەشیان ئەوە هەڵسووڕاو و گۆڕانخوازان بوون کە گەورەترین غەدریان لە کاک نەوشیروان کرد، بۆ نموونە:ــ
لە کاتی مەراسیمی بە خاک سپاردنی کاک نەوشیروان هەڵسووڕاو و گۆڕانخوازان بەدەم هەلهەلەکێشان و فیکە لێدانەوە، سوکایەتیان بە بەشداربوانی وەک مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین و حاکم قادر و سالار عەزیز و تەنانەت کاک کۆسرەت و مەلا بەختیار کرد و پەلاماری قوباد تاڵەبانیشیان دا، لە هەمان کاتدا بە پێداهەڵگوتنی پیاوی مەرد زەردەخەنەیان خستە سەر لێوەکانی عەلی باپیر.
لێرەوە روو لە هەڵسووڕاوان و گۆڕانخوازان دەکەم و پێیان دەڵێم: با بەس بێ ئەو سیاسەتە توندڕەویەی کوردستان و نەرمونۆڵیەی بەغدا، ئەوە بزانن کە داگیرکارانی کوردستان و دوژمنانی کورد گرەو لەسەر ئەو فرە گوتارەیەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکەن و وەک دوا چەکی دەستیان دژ بە کورد بەکاری دەێنن، بۆیە پێویستە ئەزموندارانی ناو بزووتنەوەى گۆڕان، هەست بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی بکەن و چیتر گوێ لە هاتوهاواری چەند هەڵسووڕاوێکی هەڵەشە و بێ ئەزمون و بێئاگای دنیای سیاسەت نەگرن، کاتی ئەوە هاتووەش هەستیاری قۆناغەکە لەبەر چاو بگرن و بە هەڵوێستە سیاسی و کۆمەڵاتی و تەنانە بە هەڵوێستە نەتەوەییەکانیشیاندا بچنەوە.
Top