چیترمیللەتی کورد لە نێو عێراقێکی دیکتاتۆر و نادیموکراس جێی نابێتەوە

چیترمیللەتی کورد  لە نێو عێراقێکی دیکتاتۆر و نادیموکراس جێی نابێتەوە
دامەزراندنی عێراق تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ کە نزیکی سەدەیەک دەبێت لە حوکمی پاشایی و دیکتاتۆری و دوای ٢٠٠٣ بەناو دیموکراسی، کورد وەک نەتەوەیەکی بەژدار بووە لەم پەرلەمانە ھەمیشە بەدڵێکی سافەوە بەژدار بووە، ھەرئەمەش وایکردوە ڕوخسارێکی وا پیشان بدات کەتێکەڵێکی پێکھاتەی سیاسی و نەتەوەییە، کەلە ڕاستیدا وانەبووە، بەڵکو ناخێکی بۆگەن و ڕق ئەستوور بوە بەرامبەر کورد بەتایبەتی، پەرلەمان لەھەموو وڵاتێک دا دەبێتە مایەیی گرەنتی مافی نەتەوەکان بۆ پاراستنی شکۆی تاک و دەرکردنی پرۆژەیاسایی باش بۆئەوەی حکومەت ناچار بکات ھەموو ھاوڵاتییەک بێ جیاوازی لە سایەی حوکمڕانی و چاودێریەکی باشی حکومەت بحەسێنەوە، بەڵام بیرتان نەچێت ھەموو ئەم وەسفانە بۆ وڵاتێکە کە نرخی ھەرتاکێک بئ گوێدانە ئاین و نەتەوەو مەزھەب و ئایدیای سیاسی لای بەرز بێت،عێراق لەوەتەی ھەبووە بێبەری بوە لەم جۆرە حوکمڕانییە،ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە پەرلەمانی عێراق شتێکی تازە نییە کەبڕیارێکی وای لێدەرچێت بۆ دژایەتیکردنی سادەترین مافی میللەتێک بەوپەڕی دیموکراتی داوای مافی سەربەخۆیی بکات،ئاخر پەرلەمانێک کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ نەتوانن و باوەڕییان بەیەک نەبێت کە ئەرکی پاراستنی بارەگایی پەرلەمان بەم ھەموو ھێزو میلیشیایەی خۆیان بسپێرن ئیتر چۆن ئەمڕۆ شەرمندە نابن لەژێر سایەی ئارامی ئەو پێشمەرگانەدا بڕیار دژی میللەتەکایان دەرکەن
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی سەرکەوتوو بە دەنگی نزیسکەی ٩٣ لەسەدای باشووری کوردستان لە کاتێکدا بەڕێوە چوو، کە ھەموو داگیرکەرانی کوردستان پێی ناڕازی بوون و ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاش بە بیانووی ئەوەی کە کاتەکەی گونجاو نییە، دژی بوون، بەڵام لە سەرلەبەری ئەو ماوەیەدا کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان بۆ بانگەشەی ڕیفراندۆم دیاری کردبوو، سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان چەندین جار بە دەنگێکی ڕوون و بەرز بە گوێی دنیای ھەڵێنا، کە ڕیفراندۆم، وەکو کەرەستەیەک بۆ وەدیھێنانی ئاشتی و دیموکراسی و پێکەوەژیان، مافێکی ڕەوا و یاسایی گەلی کوردە و بەڕێوەی دەبەین. تەنانەت لە دواین وتەکانیدا لەو بارەوە، سەرۆک بارزانی لە یاریگەی شەھید فرەنسوا ھەریریی ھەولێر بە دەنگی بەرز ڕووی لە داگیرکەرانی کوردستان کرد و وێڕای ئیشارە بەوەی کە سەد ساڵە گەلی کورد دەچەوسێننەوە و قەتڵوبڕی دەکەن، گوتی: ''ئەرێ تێر نەبوون!''
واتای ئەو وتەیەی سەرۆک بارزانی ڕوون و ئاشکرایە و، بە داگیرکەرانی کوردستانی گوت، سەد ساڵە دەمانکوژن و ئاوارە و ئەنفال و کیمیابارانمان دەکەن، کەچی ھەر نەتانتوانیوە لەنێومان بەرن و نەتانھێشتوە گەلانی ناوچەکەش پێکەوە بەئاسوودەیی بژێن، ئەرێ لەو کارە بێسوودەتان ''تێر نەبوون؟'' بۆچی نایەن کەرەستەیەکی دیکە بەکار بێنین، کە یەکترقبووڵکردن و پێکەوەدوان و پێکەوەژیانە، لە کەشێکدا کە ھەموومان مافی خۆمان ھەبێت و ڕێز لە کەرامەتی یەکتر بگرین؟ کەچی داگیرکەران لە وەڵامی ئەو داوا ڕەوایەدا ھەر زمانی ھەڕەشە و زمانی شەڕیان بەکار ھێنا، بەڵام سەرۆک و گەلی کوردستان بڕیاری خۆیان بردە سەر و ڕیفراندۆمیان بە سەرکەوتوویی و لە ژێر چاودێریی ھەموو لایەنە سیاسی و کۆمەڵاتییەکانی کوردستان و نزیکەی ١٥٠ چاودێری بیانیدا بەڕێوە برد. کەچی پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمەکەش داگیرکەرانی کوردستان، ئێران، تورکیا و عێراق دەستیان لە ھەڕەشەکانیان ھەڵنەگرت و، بەوپەڕی سەرسووڕمانەوە ڕایانگەیاند، ئەنجامی ئیرادەی خەڵکی
کوردستان ناپەژرێنن و، کوردستان دەخەنە ژێر فشارەوە، تەنانەت سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەڕەشەی کرد، کە دەست بەسەر فڕۆکەخانەکانی کوردستاندا دەگرێت.
سەرباری ئەو ھەڕەشە و گوڕەشانە، جارێکی دیکەش سەرۆکی کوردستان ھاتەوە سەرخەت و لە پەیامی سەرکەوتنی ڕیفراندۆمدا داوای لە ھەموو دنیا کرد، کە بێنە مەیدانی دیالۆگی خەڵکی کوردستانەوە و دەست لە ھەڕەشە و گوڕەشە ھەڵگرن، چونکە ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی گەلانی کوردستان بۆ ئەوەیە کە دەرفەتی دیالۆگ و پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتن بە گەلانی ناوچەکە بدات. سەرۆک بارزانی بە ڕوونی بۆ ھەموو داگیرکەرانی کوردستانی دووپات کردەوە، کە پێویستە ڕێز لە بوونی یەکتر بگرین و جیرانی باش بین بۆ یەکتر. ھەروەھا لە پەیامەکەیدا ئەو بەڵێنەی دووبارە کردەوە، کە دەوڵەتی کوردستان، دەوڵەتێکی دیموکراتیی فیدراڵیی پەرلەمانی و مەدەنی دەبێت و مافی ھەموو گەلانی نێو چوارچێوەی دەوڵەتەکەی تێدا پارێزراو دەبێت.
کوردستانیان بڕیاریان داو بەڵێ، یان بۆ سەربەخۆیی کرد، کوردستانیان جارێکی تر وەفاداریان بۆ نیشتیمان ورۆحی شەھیدان و پێشمەرگە دوپات کردەوە پرۆسەکە سەرکەوتنی بە دەستھێناو بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بوو بە بڕیاری کوردستانیان، کەواتە لە ئێستاوە چاوەڕێی ڕۆژژمێری سەربەخۆیی کوردستانین، لەمڕۆوە دەچینە قۆناغێکی دیکەو ئەرکی ھەموو کوردستانیان داڕشتنی بنەماکانی دەوڵەتی کوردستانە، دەوڵەتی دیموکراسی و دادپەروەر وھاولاتیبون و یەکسانی، ڕێککەوتنە لەسەر دانانی دەستورێک، کە ھەموان بە ھەموو جیاوازیەکانیانەوە بتوانن لە سایەی دا بژین و زامنی پاراستنی شکۆمەندی ھەموو مرۆڤێک بێت، کە لەسەر ئەم خاکە دەژی یاخود ڕوو لەم خاکە دەکات.
Top