بارزانی بەستەڵەکی مەحاڵی تواندەوە

بارزانی بەستەڵەکی مەحاڵی تواندەوە
نەتەوەی کورد بەدرێژایی سەد ساڵی رابردوو لەژێر جەورو ستەمی داگیرکەران و نەیارانی دەیناڵاند، ھەرچی تاوانی دژ بەمرۆڤاییەتی ھەبوو لەلایەن سەرانی عێراق ھەر لە (ئەنفال و جینۆساید و گولە بارانکردن و ڕاوە دونان لەکۆتایش دا برسی کردنی ھاونیشتمانیانی کوردستانی) لێکەوتەوە، لەکاتێک دا کورد وەک دووەم گەورە نەتەوە ھەمیشە لەھەوڵدابووە بۆ نۆژەن کردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی عێراق، بەڵام ھەرچەندی ھەوڵ درا نەتواندرا ئەو عەقڵیەتە دواکەوتوو شۆڤێنیە بگۆردرێت بۆ ئەوەی سەرجەم نەتەوەکان لەچوارچێوەی عێراق بەھاوبەشی بژین.
لێرەوە دەکرێت بپرسین ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کورد لە (٢٥-٩) ریفراندۆمی نەکردبا ئەبوایە چاوەرێی دوبارەبونەوەی ھەموو ئەو تاوان و مەرگەسات و کارەساتانەی بکردبایە کە لەرابردوو بەسەر گەلەکەمان داھات، بۆیە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە بڕیاری گشت پرسی باشترین ئۆپشن بووە لەدەست سەرکردایەتی سیاسی بۆ ئەوەی بەرێگەیەکی ئاشتیانە دوور لە کوشتن و برین بەھەموو جیھان بڵێت ئیتر بەسە، کە نەمان توانی لەچوارچێوی یەک دەوڵەت بژین بەشترین چارەسەر ئەوەیە ببینە دوو دراوسێی باش بۆ یەکتر، بەڵام ئەوەی جێگەی تێرامان و ئەسەفە ھەندێ دەنگی ناشاز لێرەو لەوێ دەڵین بریاری ریفراندۆم لەجێگەی خۆی نەبوو.
لێرەوە دەمەوێت چەند شتێکیان بیریان بێنمەوە کە پێش (٢٥-٩) ھەمیشە پڕو پاگندەیان بۆ دەکرد، منیش لەوانە ئەپرسم ئەی بۆ ریفراندۆم لەکاتی خۆی کراو سەرکەوت ؟ئەی بۆ کە ریفراندۆم کرا دونیا خراپ نەبوو.
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە دەکرێت بڵێن ئێمە نەتەوەیەکی گەورەین و حەقی شەرعی خۆمانە بڕیار لەچارەنوسی خۆمان بدەین تاوەکو بە شێوازێکی شکۆمەندانە بژین، جگە لەوەش سەرۆک بارزانی سەلماندی ئەو ڕابەرە کورد پەروەر و تێکۆشەرەیە ھەموو ھەولێک لەپێناو نەتەوەکەی ئەدات بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی،گومانیشم لەوە نیە کە ناوی بارزانی ھەمیشە بەدروشاوەیەی ئەمێنێتەوە ونەوەکانی داھاتووش بەرێزەوە ستایشی ئەکەن، چونکە ئەوەی سەرۆک بارزانی لە(٢٥-٩) کردی مێژوویکی پر بایەخ بوو بۆ نەتەوەکەی.
لەکۆتایی دا ئەوەی ماوەتەوەو ئەرکی ھەموو ھێزە سیاسیەکانە لەم قۆناغە یەکدەنگ و یەکگرتووبن تاوەکو لەداھاتووێکی نزیک قۆناغەکانی دوای ریفراندۆم بەزووی تێپەرینین و سەربەخۆیی خۆمان ڕابگەینین، چونکە مانەوە لەگەڵ عێراق ھیچ واتایەکی نەماوە بۆ ئێمەی کوردستانیان.
Top