بەستەڵەکی ڕق

بەستەڵەکی ڕق
هەتا ئێستایشی لەگەڵدابێت سەربەخۆیی لەلای بەشێک لە مەخلوقی سیاسی و بەناو نووسەر و ئعلامی چەواشەکار و موحەللی ناڕاست کوفرێکی مەزنە بۆ کوردستان ، ئەوان نایانەوێت لەسەردەمی شکۆمەندی کوردستانێکی ئازاددا بژین و بە ڕیتمی پاشکۆیی و ئاوازی عروبەت دەیانەوێت گوزەری ژیان بکەن.
نایانەوێت واز لەو ڕق و کینە لەمێژینەیەیان بێنن و درێژەپێدەری مەدرەسەیێکی هیچگەراو ڕەشبینن ، دەیانەوێت دژی ئازادی و سەروەری ستەمدیدەترین گەلی جیهان بوەستن و بەڕەوای نابینن کوردستان هەناسەی ئازادی هەڵمژێت. سوک سەیری سەربەخۆیی دەکەن و بە وەهم و خەون پێناسی دەکەن ، ئاخر ئەوان ڕاهاتوون لەوەی پاشکۆیی بە باڵاترین پێناس بۆخۆیان پێناس بکەن و ژێردەستەیی بە شکۆمەندی وەسف بکەن ، ئەوان ناتوانن مرۆڤێکی پۆزەتیڤ بن و هەمیشە نێگەتیڤانە تێدەڕواننە دۆزی ڕەوای گەلێکی مەزڵوم.
خۆری ئازادی کوردستان گڕێکی بەهێزی لەخۆگرتووە ، گڕێک کە سەد ساڵە لە هەناوی تاک کوردستان حەشاردراوە ، هیچ بەستەڵەکێک ناتوانێت ڕێگربێت لەبەردەم ئیڕادەی تاکی کوردستان ، هێزە شوم و شەڕفرۆشەکان کاتین و ناتوانن ببن بە خەتەرێک و خواستی کوردستانییان ژێرئاخ بکەن.
Top