لە 25 ی ئەیلوولەوە دەست پێدەكەین
October 5, 2017
وتار و بیروڕا
هەرسێ دەوڵەت لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان مانۆڕی سەربازی دەكەن، هاوكات لە ناوخۆشماندا ماشێنی میدیا بۆ بنكۆڵكردنی ئیرادەی خەڵك كەوتۆتە گەڕ، هەموو ئەو هەوڵ و توانا خستنەگەڕە، بۆ ئەوەیە پاشەكشەمان پێبكەن، بەرنامەكەش ئەوەیە بەغدا بێ هەڵوەشاندنەوەی ریفڕاندۆم گفتوگۆمان لەگەڵ نەكات، گوشاری هەرسێ پایتەخت و هەندێ میدیای ناوخۆش، بۆ ئەوەیە زەمینە بۆ ئەو رووداوانە خۆش بكەن كە زەمینەی روودانیان نییە وەك پێكدادانی پێكهاتەكان، چونكە ئەوەی جیهان چاوەڕێی دەكرد كە ریفڕاندۆم مەترسییە و شەڕی لێدەكەوێتەوە نەهاتەدی، بۆیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەخت لە گفتوگۆ دەكاتەوە، ئەمەش هەمان ئەو رێگەیەیە كە هەرێمی كوردستان داوای دەكرد و ئێستاش بە تاكە رێگەی دادەنێت.
عێراق و ئێران و توركیا كە پێشتر نەیانتوانی دۆزی ئێمە بە عێراقی بكەنەوە، تازە ئەوەیان بۆ نایەتەدی، چونكە گەلی كوردستان لە 25 ی ئەیلوولی 2017 بڕیاری خۆی دا، ئەو بڕیارەش بە هەڕەشە و گەمارۆدان و بە چەند حزب و چەند كەسێك هەڵناوەشێتەوە، بەلای ئێمەوە 25 ی ئەیلوول دەستپێكی قۆناغێكی نوێیە، پێویستە لایەنە سیاسییەكانیش لەو رۆژەوە بچنە قۆناغێكی نوێوە و نەگەڕێنەوە پێش 25 ی ئەیلوول، چونكە بڕیاری گەل زەمینەی پێكەوە كاركردنی خۆشكردووە، هیچ گرێكوێرەیەك نییە، هەموو ئەو بابەتانەی حزبەكان بازاڕیان پێ گەرم دەكرد، لەبەردەم رووداوی گەورەی 25 ی ئەیلوولدا بچووك بوونەتەوە، كەواتە چارەسەرییان ئاسانە.
ئێستا پێمان هاویشتۆتە قۆناغێكی نوێ، بەرە بەرە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دێتە سەر خەت و لەگەڵ قۆناغەكەدا هەڵ دەكەن، سەرەتاكەشی لە لایەن چەند كۆنگرێسمانێكی ئەمەریكا و لە پاریسیشەوە دەستی پێكردووە، بەڵام كەفوكوڵی بەغدا و تاران و ئەنكارا هێشتا نەنیشتۆتەوە، بۆیان بچێتەسەر بەردەوام دەبن، گرنگ ئەوەیە هەست بە كارتە بەهێزەكەمان بكەین كە گەلی كوردستانە، چۆن لە 19/5/1992 بە یەكەم هەڵبژاردن، قۆناغێكی نوێی هێنا كایە، رۆژی 25/9/2017 ش بناغەی قۆناغێكی نوێی دانا، كەواتە دەستپێكی لێرە بەدواوەمان 25 ی ئەیلوولە.