ڕیفراندۆمی کوردستان و پەرلەمانێکی دەمارگیر و دژبەر(خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیانە بۆ کەلتوور و کۆمەڵگایەکی ناوچەکەمان)

ڕیفراندۆمی کوردستان و پەرلەمانێکی دەمارگیر و دژبەر(خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیانە بۆ کەلتوور و کۆمەڵگایەکی ناوچەکەمان)
پەرلەمانی وڵاتێک بەناوی عێراق ( وەک وشەیەکی نامۆ لەگەڵ مێنتالیتەی تاکی کوردی)، لە بارەی ئەنجوومەن و پارێزگاری کەرکووک، و زۆر شتی پێش و دوای ڕیفراندۆمی کوردستانیان، نابێ بە شتێکی سەیر لێکبدرێتن، ھیچ نەبێ (١٧٣) دەنگی دژی پارێزگار، واتە (١٧٣) تاک لە کۆمەڵگایەک کە بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی (١٤٠٠) ساڵە لە ژێر سێبەری یەکێک لەو ئەلەمێنت و خەسڵەتە ناشرینانەی بیابانگەردی(بدوی) دا بووە، کە نەک تەنھا فەیلەسۆفانی وەک ئێبن خەلدوون، و عەلی وەردی، بە شەرمەزارییەوە لە تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە باسی لێوە دەکەن، بەڵکۆ زۆر زانا و ئەکادیمی تری عەرەب و نەتەوەکانیتریش لە ناوچەکەمان بە خاڵێکی نەشرینی ڕووڕەشانەی دەزانن، و ئەویش دەمارگیری بیابانی ( عەسەبیەتی بەدەوی) یە.
ئێمە تۆخنی لایەنی یاسایی ئەو بڕیارە و بڕیارەکانی ھاوشێوە نابین، کە ئەو ماوەیە دەرچوون و دەردەچن، چونکە پسپۆریمان نیە، ھەرچەندە کە ھەندێ لە پسپۆرانی یاسایی، ئەو بڕیارانەیان پێ بێ نرخ و نایاساییە. بەڵام وەک لایەنی سایکۆلۆژی خاڵێکی ڕەشی ھاوێشتە سەر گشت خەسڵەتە دەمارگیرەکانی شۆڤینیزمی ناوچەکە، و تەنانەت ڕووی دیکتاتۆرەکانیشی سپی کرد، و بە ھەمان ئەندازەش پرۆسە و سیستەمی دیمۆکراسیەتی خستە بەردەوم واقعێکی چاوەڕۆاننەکراوی نوێ، کە دیمۆکراسیەت لەمەودوا ناچار دەبێ چاو بە بڕگەکانی خۆی دا بخشێنێ و چیتر دەرفەت نەداتن کەسانی ھاوشێوەی ئەو ئەندام پەرلەمانانە بەناوی دیمۆکراسیەت بە گژ نەتەوەکانیتری دیمۆکراسیخواز دا بچن، کە دەیانەوێ تەنھا یەکێک لە بنەماکانی ئەو دیمۆکراسیەتە، کە ڕیفراندۆم بێ، جێبەجێ بکەن، و ھەر تاکێکی کوردستان ھاوکار و ھاوتەریب بێ لەگەڵ ئەو پرۆسەیە بکەوێتە بەر پەلاماری بڕیارە دەمارگیرەکانی پەرلەمانێکی وا. باشە پەرلەمانێک خۆی سەرچاوەی دەمارگیری بێ چۆن دەبێ ناوی پەرلەمان بێ؟
جێگەی داخە ململانێی عەدنان و قەحتان، و دەمارگیریی ئەوان، و تا کاتی ئەبووجەھل و ئەبوولەھەبەکان و ئەوانیتری دوای ئەوان، دوای چەند ھزار ساڵ تا ئەمڕۆ نەگۆڕاوە، و لە ھەمووی داخبارتر مانەوەیەتی لە ناخ و دەروونی ئەندام پەرلەمانەکانی، کە نوێنەرایەتی دیمۆکراسیخوازی دەکەن لەو وڵاتە وێران و بێ سەروبەرە دا، و دواین ھەڵوێستی ھەمان مێنتالیتەش کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بوو پێش و دوای ڕیفراندۆمی کوردستانیان و پێدانی ھەموو دەستھەڵاتێک بە چەند کەسێک و لایەنێک بۆ ڕێگری و یان تێکدان یان ھەڵوەشاندنی ئەنجامەکانی ئەو پرۆسە دیمۆکراتیانەیە، کە خۆی لە خۆی دا ھەمان ڕێچکەی مێنتالیتەیەی ھزاران ساڵەی شۆڤینیزمی عەرەبییە، کە ئەنجامەکەی تەنھا شەرمەزاری و ڕیسوایی، و لەوانەشە سەرەخۆری بێ بۆ خۆیان و چەند وڵات و لایەنێکیتریش.
* پرۆفیسۆری ە. / پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top