دەروونی تاکەکان و ڕیفراندۆمی کوردستان و بڕیارەکانی بەغدا

دەروونی تاکەکان و ڕیفراندۆمی کوردستان و بڕیارەکانی بەغدا
وەک زۆر داھێنانەکانی فرۆید، دەرپەڕینی زمانەوانی (فلتات اللسان یان errors of speech)، یەکێکە لەو شێوازانەی کە ئەو زانایە بۆ خوێندنەوەی کەسایەتی نەخۆشە دەروونییەکانی بەکاری ھێناوە. ئەو چەمکە گۆزارشت لەوە دەکاتن کە زۆر شت و وشە و بڕگە و ناو و ئاخاوتن ھەن کە لە کاتێک کەس لە دەمیەوە دەردچەن، ئەگەر چی نەخوازراو و بێدەستی و نە ئەنقەستیش بن و زیاتر وەک دەرپەرینەوەی قسەکان بن، بەڵام لە ڕاستیدا دەربڕینێکن لە ناخ و دەروونی ئەو کەسە و ھەست و سۆز و خۆشەویستی یان ڕق و کینە و ناحەزی و حەسوودی و چکۆسی ئەو مرۆڤە بەرامبەر بەرامبەرەکەی خۆی، جا ھەر کەس و لایەن بێ، ولەوانەشە ئەو شتە حەزێکی شاراوەی و لەسەر ئاستی نەستی( لاشعوری) بێ و پەیوەندی بە چۆنیەتی و شێوازی بیرکردنەوە و فەلسەفەی ژیانیەوە ھەبێ، و لە کاتەکانیتر دا دەبڕینییان لێوە ناکاتن، جا بەھانە نەبێ یان ھەر ئەگەرێکی تری لە پشت بێ، بەڵام لەو ھەڵوێستەدا ئەو قسە و ئاخاوتن و ناوە لە دەمییەوە دەردەچێ، جا ئەنجام ھەرچییەک بێ ئەوە بابەتێکیترە، کە لەوانەیە زیان یان سوودیشی بۆ بەرامبەر ھەبێ.
ھاوشێوەی ئەو چەندە و ھەڵوێستە و دەرفەتە ئەو ڕەفتار و بڕیارانەیە کە لە لایەن پەرلەمان و حکومەتی ناوەندی یان کەسایەتییە ئایینی یان سیاسییەکانی دەدرێتن، و ھەموویان ئاماژەیەکن بەوەی کە " بڕۆن ! بڕۆن ! ئێمە دوو گیانین لە دوو جەستەی جیاوازی یەکنەگرتوو دا، کە پێکەوەبوونمان لە ژیان و سیاسەتدا ھیچی لێناکەوێ جگە لە ناکۆکی و تووندوتیژی و ناخۆشی و نائارامی و کێشمەکێی دەروونی و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و فەرھەنگی و سیاسی و ئایینی و ئابووری و ... ". بەڵام ئەوان خۆیان لە گێڵی دەدەن، و لە نێو ئێمەش ھەیە تێی ناگاتن، و لە جیھانیش وەھمی یەکپارچەیی، کە لە بنەڕەتدا ڕوویەکی تری ترسیانە لە داعشەکان کە بەرەو ئەورۆپا ھێڕش بکەن.
ڕەنگی زۆرێک لەو بڕیار و قسانە نەشرینە، و ئێمە بە کەمکردنەوەی شکۆی کوردستانیان دیبینین، بەڵام لە ڕاستیدا، ئەگەر ئێمەی کوردستانی دەروونناسیش نەبین و لێیان تێنەگەین، بەڵام خۆ دەبێ لەوە بگەین ئەوان و ئێمە ڕاست و دروستین، و پێکەوە ژیانمان جگە لە ئازاری دەروونی بۆ ھەر دوو لامان ھیچی لێنەکەوتووە و لێشی ناکەوێتەوە، چونکە ئەوان دەستبەرداری خۆپەرێستی خۆیان و ئێمەش دەستبەرداری ڕزگاریخوازی خۆمان نابینەوە، کەواتە ھەمیشە و ھەتاھەتایە دەبێ لەو ئاگرە دا بسووتێین. وەک جەنابی سەرۆک بارزانی لە کەرنەڤالی خەڵکی زاخۆ بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە (١٤/٩/٢٠١٧) فەرمووی:" چ ئەقلیەتیکە"، ئێمە ھەتاھەتایە بەیەکەوە بین؟ دیارە ھەر ساتێک ئێمە زووتر لە یەکتر جیا ببینەوە ئازارەکانمان کەمتر دەبن، و ئێستا درەنگترە لە دوێنێ، و بەیانی باشترە لە دوو بەیانی ! لە ( ٢٥/٩/٢٠١٧) سەلمێنرا کە دەبێ و دەبوایە ئەو جۆدابوونە ببێ، و ھیچی ناوێ، تەنھا پشوودرێژی ھەر دوو لا و داننان بە ئەوەی ھەیە، کە ڕاستییەکی حاشا ھەڵنەگرە. * پرۆفیسۆری ە. / پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top