بزووتنەوەی گۆڕان و لیستی نەوەی نوێ
October 2, 2017
وتار و بیروڕا
نەوشیروان مستەفا بە درووشمی بنبڕ کردنی گەندەڵی و چاکسازی و سەروەرکردنی یاسا و هێنانە پێشی گەنج و دژاریەتی دەسەڵات خۆی نمایش کرد، ئەوانیش بە دژایەتی پارتی و یەکێتی خۆیان نمایش دەکەن و گەنجیشیان کردۆتە نەوەی نوێ و هەمان بەهەشتی خەیاڵیشیان درووست کردووە کە گۆڕان هەرا و موزایەدەی سیاسی پێوە دەکرد.
نەوشیروان مستەفا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی کەوتە کۆکردنەوەی دەنگە ناڕازیەکان و بەردەوام سواری شەپۆلی خواستەکانی خەڵک دەبوو، لە دواییدا خۆی دەکرد بە خاوەنی و بەرەو ئامانجە شاراوەکانی ئاراستەی دەکردن، ئەوانیش باس لە دەنگی ناڕازی دەکەن و لە هەوڵی جووڵاندنی شەقام دان.
نەوشیروان مستەفا چەندین سەرکردەی یەکێتی لەگەڵ خۆی بردن و مەدالیای گۆڕانخوازی و چاکسازی بە گەردندا هەڵواسین، ئەوانەش کە لەناو یەکێتیدا مانەوە بە گەندەڵ و دز و جەردە ناوی دەبردن، لیستی نەوەی نوێش کۆمەڵێ کۆنە هەڵسووڕاوی گۆڕانی لەگەڵدان و چۆن ئەو کۆنە یەکێتیانەی لەگەڵ نەوشیروان رۆیشتن خۆیان بە گۆڕانخواز دەناساند، کۆنە هەڵسووڕاوەکانیش ئێستا بەناوی نەوەی نوێ خۆیان نمایش دەکەن.
نەوشیروان مستەفا بزووتنەوەى گۆڕانی بۆ دژایەتی پارتی درووست کرد، لە هەڵوێستەکانیشیدا ئەو راستییە خۆی بەرجەستە کرد و لە کوێ هێزێک یان کەسێک هەڵوێستێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر بە پارتی وەرگرتبا، هەڵسووڕاوانی گۆڕان دەبوونە هاوپەیمانی و وەک ئەوان دەدوان و وەک ئەوانیش کاریان دەکرد، جووت بوونی هەڵوێستیان لەگەڵ نوری مالیکی و فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا، بەڵگەیەکە و کەس ناتوانێ نکولی لێ بکات، لیستی نەوەی نوێش لە ئێستاوە رەتی دەکاتەوە کە لەگەڵ پارتی هیچ هەماهەنگیەک بکا و بانگەشەش بۆ رێککەوتن و هەماهەنگی لەگەڵ بەغداش دەکەن.
لە سەرەتای درووست بوونی بزووتنەوەى گۆڕان زۆر لە بۆچوونەکان پێیانوابوو درووستکردنی بزووتنەوەى گۆڕان دەرهاویشتەی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی نێوان مام جەلال و نەوشیروان مستەفایە و ئامانج لێی کۆکردنەوەى دەنگە ناڕازیەکانە، کۆبوونەوەی دەباشانی نێوان مام جەلال و نەوشیروان مستەفا و دواتر رێککەوتنیان و دەستبەردار بوونی نەوشیروان مستەفا لە هەموو درووشمەکانی و ئەو گوتنەی کە لە رێککەوتنەکە گوتی: لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆتایی بە بڕیاری تاکڕەوی سیاسی دێنین، ئەو بۆچوونەی پشتڕاست کردەوە.
کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا و ئاشکرا بوونی سەروەت و سامانەکەی و هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و پەراوێز خستنی گەنج، راستیەکانی بە جۆرێک دەرخستن کە کێشە و ململانێکانی نێوان باڵی گەنج و پیر و کۆنە یەکێتی و کۆنە ئیسلامیەکان بە ئاقاری تەقینەوەدا بەرێ، ئەوەش وایکرد خەڵکی سلێمانی بە دوای دۆزینەوەى رێگا راستەکەدا بگەڕێ، جا بۆ ئەوەی جارێکیتر سلێمانی و سلێمانیەکان بخەنەوە ناو تەونی چاواشەکاری سیناریۆی درووستکردنی بزووتنەوەى گۆڕانیان لە بەرگی نەوەی نوێدا دووبارە کردەوە، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چۆن نەوشیروان مستەفا دەستی لە هەموو درووشمەکانی هەڵگرت و لەگەڵ یەکێتی رێککەوتەوە، لیستی نەوەی نوێش دوای ئەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە هەمان شێوە واز لەو هاتوهاوارە دێنێ و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانییەک درووست دەکات.