دوای سه‌ركه‌وتن

دوای سه‌ركه‌وتن
پرۆسه‌ی ریفراندۆمی 25/9/2017، چه‌نده‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ نیشاندانی خواست و تینویه‌تی خه‌ڵكی كوردستان بۆ پێشخستنی پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی، هێنده‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ ئیراده‌ و بڕوابه‌خۆ بوون و ره‌تكردنه‌وه‌ی ژێرده‌سته‌یی و قبوڵكردنی هه‌موو ئه‌گه‌ره‌ سه‌خته‌كان. سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌ و هاوشان بوونی له‌گه‌ڵ په‌یامی ئاشتیانه‌ و رێگه‌نه‌دان بۆ توندوتیژی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی، وه‌ڵامێكی گرینگی كوردستان بوو بۆ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی پێداگیریان له‌ دواخستنی ریفراندۆم ده‌كرد، ئێستا ده‌بێ قسه‌ له‌سه‌ر دوای سه‌ركه‌وتن بكرێت.
ریفراندۆم و ئه‌نجامی 92%ی ده‌نگی (به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان) قۆناغێكی مه‌زنی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی تێپه‌ڕاند، سه‌ركه‌وتنێك بوو مێژووی جیهان ناتوانێ خۆی لێ بێئاگا بكات، به‌ڵكو وه‌ك ئیراده‌یه‌ك بۆ ده‌وڵه‌تێكی ئاشتیانه‌ ده‌نوسرێته‌وه‌، كه‌ هه‌موو هێزه‌ نه‌یار و زۆربه‌ی دۆسته‌كانی كورد بڕوایان نه‌بوو میلله‌تێك دوای ئه‌و هه‌موو زوڵم و ژێرده‌سته‌یی پرۆسه‌یه‌ك له‌ ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆزی وه‌ك رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌ جوگرافیه‌كی فره‌ نه‌ته‌وه‌ و ئاین و مه‌زهه‌بی و له‌ ململانێی سه‌ختی عێراقیه‌ شۆڤینیه‌كاندا پرۆسه‌یه‌ك به‌ ئاشتیانه‌ بۆ مافه‌كانی ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتن بوو، سه‌ركه‌وتنیش پێویستی به‌ پارێزگاری كردن هه‌یه‌، چۆن به‌و ئیراده‌یه‌وه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ كرا به‌ شایسته‌ی خه‌باتی میلله‌تی كورد، به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌بێ پارێزگاریكردن له‌م كاره‌ته‌ به‌هێزه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت بوون بكرێت، به‌تایبه‌تی یه‌كخستنی گوتارێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كه‌ بتوانێ له‌گه‌ڵ ئه‌م خواسته‌ی كوردستان یه‌ك بگرێته‌وه‌ ره‌نگی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ت بوون تۆختر بكات.
لایه‌نی سیاسی هه‌رێمی كوردستان بریتیه‌ له‌ پارته‌كان، ئه‌و پارتانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانین یاخود نوێنه‌ری پێكهاته‌یه‌كی جیاوازن وه‌ك مه‌سیحی وتوركمان و ئێزیدی، ده‌بێ ئه‌ركی قورسی سه‌ركه‌وتن هه‌ڵبگرن" سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی" له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ریفراندۆم به‌پشتبه‌ستنی ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان و به‌شێك له‌و پارتانه‌" ئه‌ركی قورسی دۆخه‌كه‌ی خسته‌ئه‌ستۆی خۆی" و ئاماده‌ی نیشانداوه‌ كه‌ هه‌ر سزایه‌ك رووبه‌ڕووی میلله‌ته‌كه‌ی كرایه‌وه‌ ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌كه‌ی بخاته‌وه‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و نیشاندانی گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهان به‌ هێزی ئیراده‌ی ئاشتیانه‌ قۆناغێكیتری دروست كردوه‌، قۆناغی دوای سه‌ركه‌وتن ده‌بێت سه‌خترین قۆناغ بێت كه‌ به‌ره‌و به‌كارهێنانی كارتی ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمه‌ بۆ تێگه‌یشتن و لێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌.
له‌گه‌ڵ به‌غداد
ئێستا حاڵی حكومه‌تی به‌غداد شپرزه‌یه‌" قۆناغی دوای ریفراندۆم چوونه‌ نێو هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ له‌ عێراق" سیاسیه‌كان هێنده‌ی خه‌ریكی راكێشانی جه‌ماوه‌رین هێنده‌ به‌رچاویان روون نییه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و كوێ ده‌چێ و عێراق چی به‌سه‌ردێ" ده‌ستێوه‌ردانه‌كانیش زه‌قتر بوونه‌ و عێراقێك نه‌ماوه‌ خاوه‌ن ئیراده‌ و بڕیاری خۆی بێت". پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم" له‌ نزیكترین كات نه‌خشه‌ رێگای دانوستان دروست بكات" كه‌ بریتی بێت له‌و مه‌له‌فه‌ به‌رچاوانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا كێشه‌مان له‌سه‌ری هه‌یه‌ یاخود ده‌بێ به‌ره‌و چاره‌سه‌ری ببرێت پێش راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی به‌شێوه‌ فه‌رمیه‌كه‌ی(كه‌ ئێستا راگه‌یه‌نراوه‌، به‌ڵام ره‌نگێكی فه‌رمی پێنه‌دراوه‌).
له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌نگاوی یه‌كه‌می دانوستانه‌" به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی ناوه‌ندێكی بڕیاردان و ناسه‌قامگیری و نه‌بوونی متمانه‌ و كه‌سایه‌تی لاوازی سیاسی ئه‌و حزبانه‌ی به‌غدا" ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم هه‌وڵبدات زۆرترین وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپایی به‌شدار بكات له‌ به‌شێكی گرنگی گفتوگۆكان تا شاهید بن به‌سه‌ر راسیته‌كانه‌وه‌" ئه‌و گفتوگۆیانه‌ ماوه‌ی بۆ دیاری بكرێت" ستراتیژیه‌تی دوای سه‌ركه‌وتن جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ پێش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كه‌ زۆر كه‌س و لایه‌ن گره‌وی شكستهێنانیان له‌سه‌ر ده‌كرد" گفتوگۆیه‌كه‌ له‌ هێزی میلله‌ته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌" ده‌بێ له‌و كارته‌ ستراتیژییه‌ی داده‌ڕێژرێ ورده‌كاری سنور و ئاو و ئاسان و سامانی سروشتی و یاسا و رێسا و پێوه‌ندییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی پته‌و بێت بتوانێ كارتی سه‌ركه‌وتن به‌هێزتر بكات نه‌ك خوانه‌خواسته‌ لاوازی بكات".
له‌گه‌ڵ توركیا
كاردانه‌وه‌كانی توركیا بۆ هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕوان كراو بووه‌" به‌ڵام به‌م ڕاده‌یه‌ نه‌بووه‌" ده‌كرێ كارتی ئابوری و سیاسی له‌ داڕشتنی ستراتیژیه‌تی دوای سه‌ركه‌وتن دابڕێژرێ بۆ توركیا" هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی پێوه‌ستن به‌ پێوه‌ندییه‌ بارزگانی و سیاسی و ته‌نانه‌ت ئه‌منی و سه‌قامگیری وه‌ك كارتێكی به‌هێز له‌سه‌ر مێز بۆیان دابنرێ" كه‌ كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆی و ئابورییه‌كی به‌هێز و سوپایه‌كی وه‌ك پێشمه‌رگه‌ هه‌رگیز نابینه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانتان" وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ گفتوگۆدا هێنده‌ له‌گه‌ڵ توركیا ئه‌زموونمان هه‌یه‌ وه‌ك كوردستان" ره‌چاوی دۆخی ئه‌و وڵاته‌ بكرێت" كه‌ له‌ئێستای ناوچه‌كه‌دا ده‌یه‌وێ پێگه‌ی وڵاته‌كه‌ی و سه‌رۆك كۆماره‌كه‌ی(ئه‌ردۆگان)به‌هێز بكات" به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناكرێ له‌سه‌ر حسابی به‌رچاونه‌گرتنی خواستی میلله‌تان بێت" ئه‌و گره‌نتیه‌ی پێویسته‌ به‌توركیا بدرێ پێشتر بینویانه‌ له‌ ماوه‌ی 26 ساڵی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان هیچ وه‌ختێك سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ نه‌بووینه‌ بۆیان" ته‌ئكید كردنه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه‌ به‌ زمانێكی جیاوازتر باشترین چاره‌سه‌ره‌ كه‌ توركیا ته‌فه‌هومی پرسی سه‌ربه‌خۆیی بكات.
له‌گه‌ڵ ئێران
ئێران ئه‌و دراوسێیه‌ خێر وشه‌ڕی وه‌ك یه‌ك وایه‌" تائیفیانه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌" و تائیفیانه‌ بڕیار ده‌دات" به‌رده‌وام به‌سه‌ركه‌وتووی خۆی نیشانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی وناوچه‌كه‌ ده‌دات" عێراق له‌ دوای 2003 به‌ڕێوه‌ ده‌بات و وه‌ك پارچه‌یه‌ك له‌ستراتیژیه‌تی خۆی بۆ پارێزگاریكردن له‌به‌رژوه‌ندییه‌كانی به‌كاری ده‌هێنێ" هه‌رێمی كوردستان و شۆڕشه‌كانی كورد ئه‌زموونێكی زۆریان له‌گه‌ڵ ئێران وكاربه‌ده‌سته‌كانی هه‌یه‌" ئه‌و وڵاته‌ هیچكاتێك نه‌یویستوه‌ وڵاتێك وه‌ك توركیا له‌ ته‌نیشتی دراوسێ بێت" له‌ڕووی تائیفی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ جیاواز بێت" وه‌ك ده‌بینرێ له‌ زۆربه‌ی گوتاریاندا ده‌یانه‌وێ كورد به‌ به‌شێك له‌ خۆیان نیشان بده‌ن" تا به‌و رێگایه‌یش بمانسڕنه‌وه‌" به‌ڵام واقیعه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌" دراوسێیه‌كی دیموكراسی و چاوكراوه‌ و خاوه‌ن ئیراده‌یه‌كی به‌هێز و پێوه‌ندییه‌كی دیپلۆماسی سه‌ركه‌وتوو له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست" ئه‌وه‌ی به‌ ئێران نیشانداوه‌ كه‌ مه‌ترسین" به‌ڵام له‌راستیدا هیچ كاتێك هاوشێوه‌ی توركیایش كوردستان نه‌بووه‌ته‌ مه‌ترسی له‌سه‌ریان" به‌ڵكو هه‌ندێك جار ره‌چاوی دۆخیان كراوه‌ و حزبه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌ كوردستانیه‌كانی رۆژهه‌ڵات دووخراونه‌ته‌وه‌ له‌پێناو پارێزگاریكردن له‌پێوه‌ندییه‌كان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای ئاشتیانه‌ بۆیان" وه‌ك چۆن هه‌مان جۆر له‌ باكوریش بووه‌" به‌ڵام ئێران دراوسێیه‌كه‌ ده‌بێ به‌و ئاسته‌وه‌ لێبڕوانین كه‌ خۆی به‌ خاوه‌نی عێراقێكی بێ سه‌روه‌ری ده‌زانێ" كه‌واته‌ ئاسانتره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش كارتێكی جیاوازتر دروست بكرێت.
له‌گه‌ڵ دونیای ده‌ره‌وه‌
له‌گه‌ڵ دونیای ده‌ره‌وه‌دا" كارتی زۆر به‌هێزمان هه‌یه‌" كارتی پێكه‌وه‌ژیان" كارتی جینۆساید" كارتی دیموكراسی" كارتی رێزگرتن له‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كان و پارێزگاریكردن لێیان" كارتی ئاواره‌كان" وه‌ كارتی ئابوری كه‌ چاوی ئه‌وان زیاتر راده‌كێشێ" بۆ ئه‌م كارتانه‌ پێویسته‌ خه‌ڵكانێكی پسپۆڕ له‌ نێو ئه‌حزابه‌كان ده‌ست نیشان بكرێت ئه‌م كارته‌ بگونجێنێ له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌و یاساو پره‌نسپیه‌كانه‌ی كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كان و وڵاته‌ زلهێزه‌كان پشتیان پێبه‌ستووه‌" یاخود ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بایه‌خی زۆری هه‌یه‌".
Top