مێژوو بە ڕاڕا و دوودڵان دروست نابێت

مێژوو بە ڕاڕا و دوودڵان دروست نابێت
هیچ میللەتێك بە دوودڵی و راِ ڕایی، ناتوانێت یەك هەنگاو بەرەو پێشەوە بڕوات، بەتایبەتیش گەلی كوردستان، چونكە كوشتەی دەستی رێككەوتن و پەیماننامەی نێودەوڵەتی و شۆفێنیەتی نەتەوەكانی سەردەستە، دوای 25 ی ئەیلوولی 2017 بەغدا دڵی بەوە خۆشە كە ئابڵۆقەمان دەدات، هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ریفڕاندۆم، عێراق و ئێران و توركیا و تەنانەت سوریای هاندا بەرامبەر گەلی كوردستان توند بن، بەڵام لە بەرامبەردا گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، رۆژی 25 ی ئەیلوول بڕیاری خۆی دا، دوای بڕیارە مێژووییەكە، گەلەكۆمەی داگیركەران بەردەوامە، بەڵام خەڵكی كوردستانیش خۆڕاگرە.
پێش 25 ی ئەیلوول، گوشاری نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و عێراق و ناوخۆی كوردستان، زۆریان بۆ خەڵكی كوردستان و سەركردایەتییەكەی هێنا، بۆ ئەوەی ریفڕاندۆم نەكرێت، هەریەك لەو گوشارانە بەرژەوەندیی خۆی هەبوو، لێ گوشاری ناوخۆ جێی پرسیارە، چونكە بەغدا و دەوروبەریش گرەویان لەسەر دەكرد، ئەوەی تێبینی كرا گوتاری دژی سەربەخۆیی، هێزی دەدایە دوژمنان و هەوڵی لێستاندنی هێزی لە خەڵك دەدا، ئەمەش بە دەوری خۆی رۆڵی لە بڵاوكردنەوەی ڕا ڕایی هەبوو، بێگومان كەسی دوودڵ ناتوانێت بڕیار بدات، بۆیە هەوڵ دەدات زۆرترین خەڵك وەك ئەو بن.
هەموو خەڵكی كوردستان، بەپێی ئەزموون لەگەڵ نەتەوەی سەردەست، لێی روون بوو داگیركەران كاردانەوەیان دەبێت، بەڵام بێ دوودڵی رۆژی 25 ی ئەیلوول بڕیاری خۆی دا، مادەكان 700 ساڵ پێش زایین ئەگەر دوودڵ بان دەوڵەتیان پێ دروست نەدەكرا، بەڵام كاتێ سەركردەكانیان لاوازبوون و راِ ڕاییان بەسەردا زاڵ بوو، دەوڵەتیان لە دەست چوو، بەمەش فڕێدراینە دەرەوەی مێژوو، لە سەردەمی شێخ محموودی حەفید، كاتێ ئینگلیز دەهاتنە كوردستان و قسە لەبارەی رای خەڵكی كوردستان دەكرا، هەبوون دەیانگوت سەربەخۆییمان ناوێ، پێیانوابوو دەبێتە هۆی سەرئێشە و بەڵا و لەناوچوون، سەربەخۆییش نەبوو كەچی خەڵك هەر لە زەلیلی و داماویدا مایەوە و بەدرێژایی نزیك بە 100 ساڵ بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچووندا بووە.
بۆیە رۆژی 25 ی ئەیلوول یان دووشەممەی مەزن، رۆژێكی پڕشنگدارە و سەرەتای دروستكردنی مێژووە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێ، خەڵكی كوردستان و سەرۆك بارزانی و ئەنجوومەنی باڵای ریفڕاندۆم، ڕاڕا و دوودڵ نەبوون، بۆیە 25 ی ئەیلوولی لێ بەرهەم هات، كارەساتێكی گەورەیە میللەتێك زیاتر لە 92% ی دەنگدەرانی دەنگ بە سەربەخۆیی بدەن، دوودڵی و ڕاڕایش بكەوێتە ناو حزبەكان، پێداگریی سەرۆك بارزانی و بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ریفڕاندۆم، لە ئاست داوای خەڵكی كوردستان بوون، بۆ دروستكردنی مێژوو پێوستمان بەو هەڵوێستەیە، چونكە بە دوودڵان دروست نابێت.
Top