ئەرێ بەس نییە؟
September 30, 2017
وتار و بیروڕا
چیتان نەکرد و چی ماوە نەیکەن؟ ئەوە ئیرهابی فکری و ناوزڕاندن و تەخوین کردنی جیاوازیەکان، ئەوە تێکدانی ناوماڵی کورد و لەباربردنی کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی، ئەوە جاسووسی کردن بەسەر کوردەوە و زانیاری دان بە داگیرکارانی کوردستان و دوژمنانی کورد، ئەوە رەوایی دان بە هەڵوێستە دوژمنکاریەکانی نوری مالیکی لە بڕینی بودجە و گەف و هەڕەشەکانی و ئێستای عەبادی و تۆمەتبارکردنی کورد، ئەوە دەنگدان بە حەشدی شەعبی دوژمنە سەرسەختەکەی ئێستا و داهاتووی کورد، ئەوە جنێوفرۆشی و تۆمەت هەڵبەستن، ئەوە پاکێجەکانی شەڕانگێزی و ئاژاوەگێڕی، ئەوە (ارحل)و موزایەدە و ئاشووبی بەردەرکی سەرا، ئەوە دەهۆڵ کوتانی ناو پەرلەمان و لەفەی تەژی لە فیتفیتە، ئەوە پەلاماردان و بەردەفڕکێ و هەڵکوتانەسەر، ئەوە سووتاندنی بارەگا و کوشتن و بە کوشتدانی کوڕی خەڵک، ئەوە دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ بەغدای عرووبە و شەڕ فرۆشتن بە مافی چارەی خۆنووسین و نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان، چیتان نەکرد و جا چی ماوە نەیکەن و بەتەمای چیترن بیکەن؟ تەنانەت لە زۆر کات و شوێندا بەغدای عرووبە و دەسەڵاتە مەزهەبیەکەی بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیلانگێڕیەکانیان بە شوێن پێی ئێوەدا هەنگاویان دەنا.
ئەرێ کەی تێدەگەن؟ ئەوە مەلیک و قاسم و جووتە عارف و ئەوە بەکر و سەددام، ئەوە نوری و عەبادی و ئەوە پەرلەمان و ئەوەش سیستانی گەورە مەرجەعی سەرووی دەسەڵات و یاسا و دەستوور، هەموویان میرووی یەک کونن و لە خاڵی دژایەتی کورددا دەچنەوە سەر یەک ئاخوڕ، ئەی ئێوە کەی لە خاڵی کوردایەتی دەچنەوە سەر ریبازی شەهیدان؟