دڵشاد مستەفا وەسانی
September 28, 2017
وتار و بیروڕا
ئەم جۆرە حزبانە كە گوتاری خۆیان لەسەر بنەمای بێ نرخكردنی گوتاری سەربەخۆیی بنیات دەنا، لە داڕشتنی ئاراستەی سیاسییاندا، بە یەقینەوە لێدوانیان دەدا، بۆیە كە حزبەكانی گوتاری سەربەخۆیی، داوای دانوستاندنیان لەگەڵ دەكردن، زیاتر پێیان لەسەر گوتاری خۆیان دادەگرت، هاتنە سەر ئەو باوەڕە كە خەڵك لەگەڵ گوتاری سەربەخۆییدا نییە، میدیایان خستەگەڕ بۆ ترساندنی خەڵك كە بابەتی سەربەخۆیی سەركەوتوونابێت و كەس لەگەڵیدا نییە، ئەم دیدە دیدێك بوو ئەوەی پیشان دەدا كە دەبێ دەوڵەتان بێن و بڵێن فەرموون ئەوە دەوڵەت، ئەم تێڕوانینە ئێمەی دەبردەوە پەراوێزی رووداوەكان، رێگربوو لەوەی خەڵكی كوردستان خۆیان رووداوە مەزنەكە دروست بكەن كە دروستیان كرد.
ئەگەر تا 25 ی ئەیلوول، گوتاری هەمەجۆری حزبی بەتایبەتیش گوتاری دژی سەربەخۆیی، رەواجێكی لە گۆڕەپانی حزبایەتیدا هەبووبێت، ئەوا لە دوای ئەو رۆژە مێژووییەوە، واقیع حزبەكان دەباتەوە سەر ئەوەی بە گوتاری خۆیاندا بچنەوە، ئەگەر پێش ئەو رۆژە، پێیان وابووبێت وەستانەوە دژی سەربەخۆیی دەنگ كۆدەكاتەوە، 25 ی ئەیلوول پێی گوتن نەخێر ئەو گوتارە بەسەرچوو.
بەداخەوە دەبوو خۆئامادەكردن بۆ ریفڕاندۆم، ببوایەتە هۆی لێكنزیكبوونەوەی حزبەكان، بەڵام دیاربوو گوتاری دژی ریفڕاندۆم، هەندێ حزبی بەو ئاقارەدا برد، بەرژەوەندیی حزبیی خۆیان لە دەرەوەی یەكریزی لایەنەكاندا ببیننەوە، تەنانەت وایان لێهات پشت لە داواكانی خۆشیان بكەن، بۆ نموونە كاراكردنەوەی پەرلەمان یەكەم داوای ئەو حزبانە بوو، بەڵام كە پارتی بێ مەرج بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان هاتە پێشەوە، ئیدی بەتەواوی پشتیان لەو داوایە كرد، بەڵام كۆبوونەوەی خەڵكی كوردستان، لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان و ئەوروپا و ئەمەریكا، لە دەوری گوتاری سەربەخۆیی، تا بەوە گەیشت لە 22ی ئەیلوول گەورەترین كەڕنەڤاڵ وەك دوا خڕبوونەوەی جەماوەر لە هەولێر بەڕێوەچوو، گوتاری سەربەخۆیی زۆر زاڵكرد، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا قسە و قسەڵۆك بڵاودەكرایەوە كە ریفڕاندۆم دوادەخرێت، لێ گەرموگوڕیی خەڵك و پێداگریی سەرۆك بارزانی و ئەنجوومەنی باڵای ریفڕاندۆم لەسەر دوانەخستنی، وایكرد لە چەند سەعاتێكی پێش دەنگدان ئەو حزبانەی دژی ریفڕاندۆم بوون، رایبگەیەنن لەگەڵ بەڵێدان.
رۆژی 25 ی ئەیلوولی 2017 رۆژێكی مێژوویی و پڕشنگدارە لە مێژووی گەلی كوردستاندا، خەڵكی كوردستان وێڕای قەیرانی دارایی، بەڵام سەربەخۆیی بە داوای یەكەم دانا، ئەو ئیرادە بەهێزە گورزێكی گەورەی لە حزبایەتی دا، خەڵك بە حزبەكانیان گوت، ئەوەی گوێ نەداتە ئیرادەی جەماوەر، ئێمە بەرەو پێشەوە دەچین و لە كاروان بەجێتان دەهێڵین.