سەرکەوتنی ئیرادەی سەربەخۆیخوازی و قۆناغی دروستبوونی دەوڵەت ، سیاسە و دیپلۆماسی نوێ..

سەرکەوتنی ئیرادەی سەربەخۆیخوازی و قۆناغی دروستبوونی دەوڵەت ، سیاسە و دیپلۆماسی نوێ..
دوای سەرکەوتنی ئیرادەی سەربەخۆیخوازی لە ٢٥ ئەیلوول، باشووری کوردستان پێدەنێتە قۆناغێکی نوێ و ئاڵنکاریی سیاسیی و ئابووری و حوکمڕانی نوێ ھەم لەسەر ئاستی نێوخۆیی، ھەمیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کە بۆ کورد بەگشتی و لایەنە سیاسییەکان بە ھێڵی (لەگەڵ، لەدژی ریفراندۆم) وەک یەک دەبێت و دەکەونە ژێر کاریگەرییەکان، کە رەنگە ئەو کاریگەریانە بە ھەردوو دیوەکەیدا، ھەستیارییەکی سیاسیی دەھێنێتە گۆڕێ، کە دەکاتە ژینگەیەکی نوێ بۆ دۆخی سیاسیی و حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان و ئەمەش پێمان دەڵێت کە کورد بە سیاسەت و دیپلۆماسییەکی نۆی دێتە مەیدانەوە.دروستکردنی دەوڵەت بە پێی جوگرافیا و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پێشھاتەکانی ھەر ناوچەیەک بۆ ناوچەکی تر جیاوازی و تایبەتمەندی خۆی ھەیە ، لەو نێوەدا کورد وەک نەتەوەیەکی دێرینی رۆژھەڵاتی ناوین خاوەن گشت تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتبوونی لە خۆ گرتووە و بە ھۆی دابەشکردن و داگیرکردنی خاک و نیشتیمانەکەی دەیان ساڵە بێ بەشکراوە لەو مافەرٍەوایە .


ئەوە ئەو پێگە سیاسییە بەھێزەی ھەرێمە وای کردووە وڵاتان بە حیساباتی خۆیاندا بچنەوە و وەک دەبینین واقیعەکە پێمان دەڵێ کە مامەڵەیەکی دەوڵەتییانە لەگەڵ ھەرێم دەکرێت و ئەو واقیعەی بۆ ھەندێک بووەتە دەردەسەری و ھەندێکی تریشیان پێشوازی لێ دەکەن، بۆیە گرنگە ئیستسماری ئەو واقیعە بکرێت، بە جۆرێک زۆربەی وڵاتانی جیھان بە قورسییەوە سەیرمان دەکەن و مامەڵەمان لەگەڵ دەکە.
باشترین بەڵگەی تێگەیشتن لە ھۆ و چۆینەتی دروستبوونی دەوڵەت لێکدانەوەی ئەو دەوڵەتانە کە تا ئێستا دروستبوون.ئێستا ، ١٩٥ دەوڵەتی تۆمارکراو ھەن، بەلام چەندین دەوڵەتی تریش ھەن کە لە لایەن دەوڵەتی ترەوە نوێنەرایەتی ئەکرێن یان سەر بە دەوڵەتی ترن.لەوانە، ١٩٣ دەوڵەتیان ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن، دوانیان، فەلەستین و ڤاتیکان، ھێشتا ئەندام نین. چەند دەوڵەتێکیش ھەن ھێشتا وەکو دەوڵە ت تۆمارنەکراون و یان لە سێبەری دەوڵەتی تردان.
ئەو دەوڵەتانە، ھەریەک بە شێوەو لەھەلومەرجی جیاجیا دروستبوون یان دروستکراون: ھەندیکیان لە مێژە، لە ئەنجامی گەشەکردنی دانیشتوانی خاکێک و پە رەسەندنی پێکھاتەی کۆمەلایەتی، لە دەسەڵاتی خێل وگوندەوە، بۆ پێکھاتەی نەتەوەیی و دەسەلاتی شار و پارێزەری ھەرێمیکی سنوردارەوە، یان بە یەگگرتن و یەکگرتنەوەی چەند ھەرێمێک یا بە زۆر لکاندنی چەندین پێ‌شا نیشن و میرنیشن و ھەرێمەوە دروستبوون. بەریتانیا و ئەڵمانیا و چین و چەندینی تر لەو جۆرەن. ھەندیکیان، بە پێی گەشەکردن ھیشتا زۆریان مابوو، بەلام لە ئەنجامی رەخسانی بەرژەوەندی دەرەکی دروستکراوان و پاریزراون، بۆ نمونە وڵاتانی کەنداو کە ھێشتا ھەر چەند یەکەیەکی خێلەکی کە ھیچ لە بنەما و مەرجە سەرکییە کانی دروستبوونی دەوڵەیان تیا سازنەبوو بوو، بەڵام لە ئەنجامیشدا بوون بە دەوڵەتی ناسراو و سەقامگیریش.چەندین دەوڵەتیش، لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانی خۆیان و خۆ رزگارکردنیان لە داگیرکردن، دەوڵەتیان دروستکردو، لە بارێکی وێرانکراوی و شێواندراوەوە دەستیان پێکرد و، دواتر و وردە وردە بنەماکانی دەوڵەتەکانیان تۆکمەتر کرد و گەشەیان بە مەرجەکان و ژێرخانەکانی دەوڵەتێکی سەردەمیانە دا. بۆ نمونە زۆر لە دەوڵەتانی ئەفریقا و ئاسیا و خواری ئەمریکا و ئەوروپای رۆژھەڵات. ھەشیانە، بە پێوەلکاندنی بێ خواستی چەند نەتەوە و چەند خاکێک دروستکراون، وەکو عێراق و سوریا کە لە ئەنجامی جەنگی جیھانی یەکەم وەکو دابەشکردنی دەستکەوت پێکھێنران. دەوڵەتی وا ھەیە لە بەر ھۆی ئاینی دروستکراوە، وەکو ڤاتیکان، کە ژمارەی دانیشتوانی ناگاتە ١٠٠٠ کەس. دەوڵەتی تریش ھەن ناگەنە ١٠٠٠٠ کەس. دەوڵەتانی کۆنیش، وەکو ئیمبراتۆرییەتەکان و دەوڵەتانی تری شارستانییەکانی وەکو میسۆپۆتامیا و میسر و ئێران و رۆم، ھەلومەرجێکی سەردەمی خۆیان دروستی کردن و ھەلومەرجی تریش لە ناوی بردن.بۆیە ئەوەی مەرجی ھاوبەشە بۆ دروستبوونی دەوڵەت، بریتیە لە ھەبوونی یەگکرتنێکی کۆمەڵایەتی کە دامەزراوەکانی فەرمانڕەوییکردنی خۆی ھەبێت لە خاکێکی سنورداردا. مەرجەکانی تری وەکو ئاستی گەشەکردن و جۆری سیستەمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی،ئەکەوێتە خانەی پێناسەی جۆری دەوڵەتەوە، نەوەک مەرجی دروستبوونی دەوڵەت.
بەر لە پرۆسەکە ھیچ دەوڵەت و ناوەندێکی جیھانی خاوەن بڕیار لەگەڵ ریفراندۆم نەبوون و بە ئاشکرا پەیامەکانیان پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عیراق و دیالۆگی ھەولێر –بەغدابووە و دەبێت بۆ چارەسەری کێشە چارەسەرنەکراوەکانی نێوانیان.
کاریگەری ئەو دەوڵەت و ناوەندانە جیاوازن، بەڵام فشارە ھەرێمیەکان بە حوکمی جیوپۆلەتیک و جیۆسیاسییان راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ھەرێم دادەنێن، بەتایبەتی ئێران و تورکیا کە ھەردوو دەوڵەت لە بەغدا پەرۆشتری یەکپارچەیی عیراقن و ئەمادەن ھەموو فشارەکانیان بۆ سەرھەرێم تاقی بکەنەوە بە فشاری ئابووری و سیاسیی و سەربازیشەوە، و ئەو ھەرەشانەشیان بە ئاشکرا راگەیاندووە، بەڵام ئایا ھەرێم ھیچ ئامادەسازییەکی کردووە؟، لەکاتێکدا ھەرێم ماوەی چوار ساڵە لە دۆخێکی خراپی ئابووری و داراییدایە و بە چارەسەر نەکراویش چووە نێو ئەم پرسە چرەنوسسازەوە، کەواتە ئاسایشی خۆراک، بەھەمانشێوەی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئەمنیشی لە ژێر ھەرەشە و مەترسیی چاوەڕوانکراودایە.
لەپێناوی پێدانی بەرگی شەرعی و یاسایی بۆ ریفراندۆم بەھەر جۆرێک بوو پەرلەمانی کوردستانی بۆ کاراکرایەوە، بۆیە ئەنجامەکەی ھێزی باشتری ھەیە و دوای ئەم قۆناغە، کێشمەکێشمی قورسی ھەمەجۆری ھەرێم دەستپێدەکات بە تایبەتی لەگەڵ بەغدا، بەتایبەت کە ئەمجارە کورد کارتی «ئەنجامی ریفراندۆمی»لە دەستدا دەبێت، وەک ئەوەی لەسەرەتاوە ھەندێک لە ئەندامانی باڵای کۆمیتەکە درکاندیان، بەڵام ئایا ئەم کارتە بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا و وەرگرتنی پۆست و پارە و بودجە لەسەر مێزی گفتوگۆ بەکاردەھێنرێت، یان بە عینادی سیاسییەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ھەرێم و ناوچە کوردستانییەکان بەکەرکوکیشەوە بەکاردەھێنرێت، بۆیە قۆناغەکە بەرپرسیارێتییەکی قورسە بۆ سەرکردایەتی سیاسیی و گەلی کورد لە ئاست دەنگدانیان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و خستنەگەڕی ھەوڵەکان بۆ پشتیوانی نێودەوڵەتی بە ئەنجامەکەی.


Top