بارزانی موڵكی هەموو كوردە
September 27, 2017
وتار و بیروڕا
ئەگەر سەیری پێگەی هەرێمی كوردستان بكەین، كە هەتا ئێستا نەبۆتە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری، بەڵام سەركردایەتی كاریزمای سەرۆك بارزانی، دیفاكتۆیەكی دروستكردووە كە ئەم هەرێمە وەك دەوڵەتێك لە ناوچەكە بخوێندرێتەوە. ئەزموونی 26 ساڵی رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی سەلماندووە، كە هەرێمی كوردستان نەك مەترسی نییە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری وڵاتانی دراوسێی، بەڵكو هۆكارێكی گرنگە بۆ دروستبوونی پێوەندیی هاوبەش و رێزگرتنی دراوسێیەتییەكی باش.
سەرۆك مەسعود بارزانی زیاتر لە نیو سەدەیە پێشمەرگەیە، وەك قوتابییەكی بارزانی نەمر بە ژیریی و لێهاتوویی خۆی گشت تواناكانی لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی خستەگەر تا ئەو ئەرك و بەرپرسیارییەتە مێژوویی و كوردانەیە بگەێنێتە مەبەست و لەو پێناوەشدا رووبەرووی دەیان بەربەست و مەترسی بۆتەوە.
سەرۆك رێبەرێكی وردبین و دووربینە، ئەگەر تەواو تەواو لە مەسەلەیەك دڵنیا نەبێت، هەنگاوی بۆ هەڵناگرێت، لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی كوردیشدا كەسایەتییەك هاتە بوون وەكو خۆرێك بۆ گەلەكەی.
بارزانی فێرمان دەكات، نەتەوە بۆ ئازادی شۆڕش دەكات، نەك حیزب و سەركردە، شۆڕش پیشاندانی ئیرادەی گەلە و هیچ هێزێك ناتوانێت ئەو ئیرادەیە كپ بكاتەوە، هەتا بە دوایین ئامانجی خۆی نەگات، كە ئەویش ئازادییە لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەییدا.
كاتێك دێینە سەر مەسەلەی خۆ بەرپرسیار زانین بەرامبەر گەل و نیشتمان، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە كە كامانەن ئەوانەی خۆیان بە بەرپرس زانیوە و كێن ئەوانەی لە خەمی نیشتمان رایان كردووە. بارزانی كاریزمایە بۆ گەلی كورد، سەرۆك و سیمبولی نەتەوەیی كورد و كوردستانە.