میللەتی کورد بە " بەڵی" بریاری سەربەخۆیی و ماڵئاوایی لە عێراقێکی شکستخوارد و تاکرۆ دا .

میللەتی کورد بە
ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی ٢٥ ساڵە رابردوو خاوەن سیما و تایبەتمەندیی جیۆگرافی و سرووشتی خۆیەتی و تەنھا خاکی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج ئەوەندەی خاکی دەوڵەتی لوبنانە!، ھەرێمی کوردستان لە ١٩٩٢وەخاوەن قەوارە و دەستەڵاتێکی سیاسییە کە ڕەوایەتی لە ھەڵبژاردن وەرگرتووە و ئەو قەوارە سیاسییە دەسیەڵاتەکانی حوکمڕانی لێک جیا کردووەتەوە و، لەوکاتەوە پیادەی دەستەڵاتی سیاسی کردووە، لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا حوکمڕانی کردووە، لەسەر ئاستی دەرەوە و نێودەوڵەتی، نوێنەرایەتیی گەلی کوردستانی کردووە و، ھەرچەندە دەوڵەتیش نەبووە، بەڵام وەک ئەکتەرێکی سیاسی لەسەر شانۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی ڕۆڵی سیاسی و سەربازی و ئابووری و کولتوری و دیپلۆماسی بینیوە، ئەوەی ماوەتەوە جاڕدانی سەربەخۆیی و ددانپیانانی دەوڵەتانە بەو قەوارە سیاسییە کە ئێستا گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسی دەیانەوێ لە ڕێگای ریفراندۆمەوە ئەو پەیامە بگەیەنن. لە خوێندنەوەی سەردەمیانەشدا بۆ پرسی بەدەوڵەتبوون بایەخ بە بوونی دەزگا و توانای خۆبەڕێوەبردن و ئیرادە و ویستی بەدەوڵەتبوون و سەروەریخوازی دەدەن، لەم بارەشەوە ھەرێمی کوردستان ئەو ئامادەباشییەی ھەیە و لانی کەم بە بەراورد بە دەوڵەتە فاشیلەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەی سەلماندووە کە ھەرێمێکی شکستخواردوو نییە.
ھەرێمی کوردستان دوورگەیەکی ئارامە لە دەریایەکی پڕ لە جەنگ و ئاژاوە، ئەمەش وایکردووە کە ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لەسەر ھەموویانەوە وڵاتە زلێھزەکانی وەک ئەمریکا و بەریتانیاو فەرەنساو ئیتالیا و وڵاتانی کەنەداو بە وردی مامەڵەی لەگەڵ بکەن و بە گرنگییەوە لە پێگەکەی بڕوانن، بەتایبەتی لە ئێستادا کە رەوشی عێراق بەرەو ئالۆزبوونی زیاتر دەڕوات و، وەک ھەستی پێدەکرێت سەرانی بەغدا بەرەو ئاڕاستەی دابەشبوونی زیاتر ھەنگاو دەنێن، بەتایبەتی لەدوای دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان ھەردوو مەرجەعییەتی (نەجەف و قوم)، پێدەچێت ناکۆکییەکانی نێوان ھێزە شیعەکانیش بەرەو زۆرتربوون بڕوات. لەلایەکی دیکەوە سەرھەڵدانی ھەرێمی سوننەش یەکێکە لەو ئەجندایانەی کە زۆر وڵاتی وەک سعودیە و ئیمارات و کوێت و بەحرەین کاری لەسەر دەکەن، ئەمەش دەرفەتێکی باشتری بۆ کوردستان و بۆ راگەیاندنی جیابوونەوە لە عێراق رەخساندووە. خاڵێکی دیکە کە زۆر گرنگە ئەوەیە کە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەزانن حکومەتی بەغدا، حکومەتێکی ھەڵوەشاوەیە، وەک بینیمان کاتێک لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٤دا، داعش دەستی بە داگیرکردنی باکوور و بەشێکی زۆری رۆژئاوای عێراق کردو سوپای عێراق لەکەمترین ماوەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان ھەڵوەشاوەو زۆرترین خاکی عێراقی چۆڵ کرد، بەڵام ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتووانە توانی رووبەڕووی داعش ببێتەوەو کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی لە دەستی داعش پاراست. بە تێپەڕبوونی کات، پێشمەرگە سەلماندی کە تاکە ھێزێکی کاریگەرە دەتوانێت رووبەڕووی داعش ببێتەوەو ھاوکاریکردنی پێشمەرگەش لەلایەن سوپای ھاوپەیمانانەوە تەنیا لە رووی ھێرشی ئاسمانییەوە بوو، واتا ھێزی پێشمەرگە سەلماندی زۆر لەسوپای عێراق و سووریا بەھێزترە کە لە کەمترین ماوەدا ھەرەسیان ھێنا.. لە رووی دەوڵەتیدارییەوە سەرجەم راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ھەرێمی کوردستان نموونەیەکی جوانی دەوڵەتداری خۆبەڕێوەبردنە، لەبەرامبەردا کاتێک کە عێراق دەبینن، تەنیا دەوڵەتێکی شکستخواردووی سەرنەکەوتووە.
گەلی کوردستان دوێنێ بریارە مێژویەکەی خویاندا،خوا حافیزیان لە دەولەتی شکستخواردووی عێراق کرد بە ھەموو جیھانیان وت ئێمەش وەکو ھەموو گەلانی تری جیھان ئەو مافەمان ھەیە بە ئازادی و سەربەستی بژین،سەربەخوبین و دەولەتی کوردستانی خومان ھەبێت،خاوەن سیستەم و یاسا و دادگای تایبەتی خومان بین،خاوەن دەولەتەک بین یاسا تێدا سەروەربێت،ھەموومان لە ماف و ئەرکدا یەکسانبین...
وەکو ئاماژەمانپێدا بە ئەنجامدانی رێفراندۆم لە ماوەی دیاریکراوی خویدا گەلی کوردستان بریارە گەورەکەی خویاندا کە ھەموو جیھان چاوەرێی ئەم بریارە بوون،ھەربویە گەلی کوردستان توانیان بە دەنگدان بە بەلێ باشترین وەفاداری و دیاری پێشکەشی شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان بکەن،دوێنێ ئیرادەی گەلی کوردستان سەرکەوت بەسەر ئیرادەی ناحەزەکانی کوردستان،کوتاییان بە ژیانی ژێردەستی و کوێلایەتیان ھێنا،دووبارە گەلی کوردستان سەلماندیان گەلێکن شایستەی ژیانی باشترن.
دۆست و یار و نەیارەکانی کوردستان قسەی خویان لەسەر رێفراندۆمی ھەرێمی کوردستان کرد،بەلام دوابریار ھەر لای گەلی کوردستان بوو،بویە گەلی کوردستان ئەمرۆ سەرەرای ھەبوونی چەندین ھەرەشە و فشاری ھەرێمی و نیودەولەتی بریارە مێژوویەکەی خویاندا،یەکرێزی و یەک دەنگی گەلی کوردستان کوتاییان بە ژیانی ژێردەستی و کوێلایەتیان ھێنا،ئەم دەنگدانە زۆر جیاواز بوو لە دەنگدانەکانی تر،چونکە ھیچ سیمایەکی حزبی پێوە دیار نەبوو.
ھەرێمی کوردستان گەلی جینۆسایدکراوە، کە خۆی لە زنجیرەیەک تاوانەکانی وەک ئەنفال و کیمیاباران و کۆکوژی کە لەلایەن بەعس و داعشەوە ئەنجام دران، دەبینێتەوە و، پەرلەمانی عێراق و داگای باڵای تاوانەکانی عێراق لەم بارەوە بڕیاریان دەرکردووە و ددانیان بەو ڕاستییەدا ناوە، لە مێژوودا ئەو گەل و نەتەوانەی کە دەوڵەتیان نەبووە، زیاتر تووشی جینۆساید بوون وەک: ئەرمەنەکان، گەلی کۆسۆڤا، جوولەکە، بەڵام دوای ئەوەی تووشی جینۆساید بوون و بۆئەوەی جارێکی دیکە تووشی کۆکوژی نەبنەوە، داوایان کرد ببن بە دەوڵەت و بە کردەوەش بوون بە دەوڵەت، ئەرمەنەکان دوای کۆتاییی جەنگی جیھانی بوون بە دەوڵەت، جوولەکە دوای کۆتاییی دووەم جەنگی جیھانی بوون بە دەوڵەت، گەلی کۆسۆڤا دوای کۆتاییھاتنی جەنگی سارد، لە سەروبەندی جەنگی تیرۆریش، وا گەلی کوردستانی جینۆساید کرا و دەیەوێ ببێتە دەوڵەت.سەرجەم کوردستانیەکان بە ھەستەکی نیشتیمانپەروەرانە بەشدارییان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد،ھەموویان بە یەک ریز و یەک ھەڵوێست بە عێراقی دروستکراو و شکستخواردوو گووت ماڵئاوا ئێمە ناتوانین تا ھەتایە پیکەوە بژین،ئێمە لە ھەموو رویەکەوە جیاوازین و ئیتر بەسە و دەمانھەوێت خاوەن کیانی سەربەخۆیی خۆمان بین.
Top