بەڵێ، بۆ ڕیفراندۆم و بوون بە دەوڵەت

بەڵێ، بۆ ڕیفراندۆم و بوون بە دەوڵەت
گەرچی ئێمەی کورد ناوماڵی خۆمان یەکنەخستۆتەوە و خۆمان لە یەکتر جیا دەکەینەوە و سنوور لە نێوانماندا دەکێشین، بەڵام دوژمنان بە یەک چاو تەماشامان دەکەن، بۆیە "بەڵێ" بۆ جیابوونەوە لە (عێراق)ـی قابیل و ھابیل.
وەک دەزانرێ لە سەروبەندی سەربەخۆییدا ئەوا بڕیاری سەرانی سیاسی و بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان بە قۆناغێ گەیشتووە کە باس لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکە دەکرێ و بواری قسە کردن لەبارەی ئەنجام نەدانی ئەو پرۆسەیە بریتییە لە "ھیچ".
شەرعیەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕەوایەتی پێدراوە و ویستێکی چارەنووسساز و قەبووڵ کراوە لە لایەن زۆرینەیەکی ڕەھای پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان کە کوردستانیان بێجگە لە بەشمەینەتی مێژینە و ھەنووکەیی لە چوارچێوەی عێراقی بە ناو یەکگرتوو ھیچ دەستکەوتێکی دیکەیان نەبووە. ڕەنگە لێرە و لەوێ خەڵکێک ھەبێ کە بڵێ وڵاتە زلھێزەکان لەگەڵ ئەم پرۆسەیەدا نین، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە چوارچێوەی خوێندنەوەیەکی بابەتیانەی سیاسیدا زۆر بە باشی دەتوانرێ ھەست بەوە بکرێ کە ھەموویان ھاوسۆزن بۆ ئیرادەی ڕاگەیاندنی خواستی سەربەخۆیی کوردستانیان و بە باشترین شێوە لەم ھەڵوێستەی ئێمە تێدەگەن بە تایبەتیش ئەمریکا (U.S.A) لە کاتێکدا بەرەیەک لەم سەرزەمینەدا کە دژی مافی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانیانە ئەوا ئێمەی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم و بوون بە دەوڵەت سوکایەتی بەو بەرەیە ناکەین و مافی خۆیانە کە بانگەشە بۆ (نەخێر) بکەن، چونکە ھەر خۆی ئەو مافە بۆ دەنگدەران فەراھەم کراوە و ھەر دەنگدەرێک ئازادە لەوەی کە (بەڵێ یان نەخێر) بۆ ڕیفراندۆم ھەڵبژێرێ، گەرچی من وەک کوردێک لەم ھەرێمە سەرەڕای مەزڵوومیەتی خۆم لە سایەی حوکمڕانی کوردی بە درێژایی ٢٦ ساڵ ئەوا لە دڵەوە زۆر نیگەرانم بە ھەبوونی بەرەیەک کە بانگەشە بۆ (نەخێر) بۆ جیابوونەوە لە عێراق دەکات. زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە بەرەی نەخێر بۆ سەربەخۆیی کار دەکەن لە گڵۆپی سەوزی ئەمریکییەکان تێ ناگەن کە دەمێکە بۆ ڕاگەیاندنی ئیرادەی سەربەخۆیی ئێمە دایانگیرساندووە و ئەو چانسەیان خستۆتە بەردەم کوردستانیان، ھەروەھا ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشیش دەیانەوێ ئیرادەی خۆمان بخەینەکار بۆ سەربۆخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەت تەنیا بە مەرجی ئەوەی کە لە بەرەی دژ بە تیرۆر لە چالاکیدا بین و بەرژەوەندی نێودەوڵەتی لە ناوچەکە بپارێزین بە مانایەکی دیکە ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە لە ئەولەویەتی مەرجەکانی ئەوان جێگیر کراوە، ئەوانیش زۆر بە باشی ئەوە دەزانن کە ئێمە جێ بە جێ کردنی ئەو مەرجەمان تێپەڕاندووە و لە شەڕی دژ بە تیرۆرست (داعش) بۆ ھەموو دونیامان سەلماند کە ئێمەی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستان ھەمیشە لە خزمەت پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتیەکانداین لە پێناو چاکەی گشتی وەک ئەرکێکی مرۆیی مرۆڤانەی خۆمان بەرپرسیاریەتی ئارامکردنەوەی ئەم زەوییە لە ئەستۆ دەگرین و بۆ ئەو مەبەستەش قوربانیەکی زۆرمان داوە، خواستی ڕەسەنی ئێمەی کوردستانیان ئازادی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی سەرجەم پێکھاتەکانی عێراق بووە لە ڕێگەی قەبووڵ کردنی یەکتر و کولتووری پێکەوە ھەڵکردنی جیاوازییەکان کە ئەوەش نایەتە دی بەبێ ھەبوونی سیستەمێکی حوکمڕانی دیموکراسی ڕاستەقینە لەگەڵ پشتیوانی پەروەردەیەکی دیموکراسیانە بۆ دیموکراتیزە کردنی تەواوی کایەکانی ژیان. بڕیاری ڕیفراندۆم و خواستی جیابوونەوەمان لە عێراق لە کاتێکدایە کە ھیچ ڕێگەیەک نەما لەگەڵ سەرانی سیاسی و کەسایەتیەکانی حکوومەتی ناوەند (بەغدا) تاقی نەکەینەوە بۆ چارەسەر کردنی گرژی و ئاڵۆزیەکانی نێوان ھەرێم و ناوەند کەچی بە تەواوی بێ سوود بووە، ھەروەک دەبینین بارودۆخی ھەرێمی کوردستان بە ھۆی بڕیارە دەماگیر و تاکڕەویەکانی سەرانی بەغدا کەوتووەتە چ ڕەوشێکی ناھەموار و برسی بوونێک کە بێجگە لە بوونی دەماگیری نەتەوەیی ئەوا ھیچ ھۆکارێکی دیکەی نییە، بۆیە بێ گومان لە ڕێکەوتن و دۆزینەوەی چارەسەری بۆ قەیرانە قووڵ و سەراپاگیرەکان لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا بە بنبەست گەیشتووین، ئەو گەردەلولی زوڵم و ستەمەی کە لە بەغداوە ھەڵدەکاتە سەر ھەرێمی کوردستان ھەر جارە و بەھانەیەک دەکەن بە ھەوێنی زۆرداری خۆیان و مەزڵوومیەتی ئێمە، باشە ئەی لە ڕابردوو ئێمەی کوردستانیان چ پاساوێکمان بەدەستەوە دابوو کە پاکتاوی ڕەگەزیمان بکەن، بە کورتی و پوختی ئەوان چ لە ڕابردوو و چ لە کاتی ئێستاماندا ئێمەیان قەبووڵ نییە و ھیچ کاتێ دەماگیری قەومیان ڕێگە بەوە نادات کە ھەبوونی خۆمان ڕابگەیەنین، بە درێژایی ماوەی ڕابردوو و ھەنووکەش خەڵکی ناوەوەی کوردستانیان بەکار ھێناوە بۆ دژایەتی کردنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و گەیشتن بە مەرامی گڵاوی خۆیان و چڕکردنەوەی ناسیۆنالیستی عەرەب دژ بە کوردستانیان و گەلێ جاریش توانیویانە بێ سەروبەرمان بکەن و...، بەڵام ھەرگیز ناتوانن لەناومان ببەن، چونکە کورد بوون و کوردستانی بوون لە بوونمان دایە. جا ھەڵێنجانی من وەک تاکێکی کورد لە ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی ئەو شاندەی ھەرێم کە چوون بۆ بەغدا ئەوا دەتوانم بەم شێوەیەی خوارەوە کورتی بکەمەوە:
سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم و جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا دۆسیەیەکیان کردۆتەوە و ئەو مەسەلەیەیان خستووەتە گفتوگۆوە، دەشتوانین ڕا و بۆچوونی ئەوان وەھا لێک بدەینەوە کە بەشێک لەوان سەربەخۆیی کوردستان بە مافی ڕەوای کوردستانیان دەزانن، بەڵام نایانەوێ ئەو ڕاستییە وەک پێویست و بە ئاسانی قەبووڵ بکەن، بۆیە ئیرادەی کوردستانیان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی مۆتێڤێکی زۆر کاریگەر دەبێ بۆ ئەوەی ئەوان بێنە ژێر باری ئەم واقعە و پشتگیری لە مافە ڕەواکەمان بکەن. تایەفەی بەعسیزم و شۆفینیزمی وەھاش ھەن کە خۆیان بە دەوڵەتانی ئەقلیمی گرێداوە و دژی ئەو مافەی ئێمە دەوەستنەوە و ھەر بەوەشەوە ناوەستن و لە ڕێگەی ھەندێ کەس و لایەنیشەوە دەست دەخەنە ناوەوەی ھەرێم و بەرەی دژ بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دروست دەکەن کە ٢٦ ساڵ لە حوکمڕانی کوردی لەم ھەرێمە دەکەنە پاساوی "نەخێر" بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، دروست کردنی ئەو وێنایە لە فکر و زھنیەتی خەڵک بێجگە لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریەکی ساختە ھیچی تر نییە، چونکە مەسەلەی سەربەخۆیی و دروست کردنی دەوڵەت بۆ کوردستانیان لە بوونی ئێمەدایە، بۆیە ئەو مەسەلەیە بە دروشم و قسەی بریقەدار لەبەین ناچێ. زۆر بە باشی دەرک بەوە دەکەین کە عەرەبە سوننەکانی عێراق بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن پێویستیان بە کیانێکی سەربەخۆی وەک ئێمە ھەیە بە مانایەکی دیکە ئەوان وای دەبینن کە جیابوونەوەی ئێمە لە عێراق لە بەرژەوەندی خۆیان تەواو دەبێ و دەرگایەکی پڕ لە ئومێد بۆ عەرەبە سوننەکان دەکرێتەوە و دەبێتە کارتێکی فشار لە بەرامبەر دژکارەکانیان، کەواتە؛ بەھێز بوونی ئێمە لە بەرژەوەندی ئەوان دایە و ئێمەش تا ئەو جێگەیە پێویستمان بەوان ھەیە کە پشتگیری لە مافە ڕەواکەمان بکەن. لەبارەی تورکیاشەوە دەتوانم بڵێم کە ئەو دەوڵەتە ھیچ دژایەتیەکی ئەوتۆی نیشان نەداوە کە جێگەی نیگەرانی کوردستانیان بێ، تورکیا بە شێوازی خۆی (بەڵێ)ـی بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ئێمە داوە، لێ تەنیا جیاوازی تورکیا لەگەڵ کوردستانیان ئەوەیە کە ئەو بەڵێیەی ئەوان بە سیاسەتی دەرەوە ڕووپۆش کراوە، ڕوونتر بڵێم ھەردوو دەوڵەتی (ئێران و تورکیا) لە ڕێگەی سەرۆک بارزانی بواریان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ھرێمی کوردستان ڕەخساندووە، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئەو دوو دەوڵەتە دڵنیا بوونەتەوە لەوەی ئێمە ھەرگیز شوێن پێی ئەو پارت و گرووپ و ھێزە چەکدارانە لە خاکی خۆمان ناکەینەوە کە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی ئەوان بە مانایەکی دیکە ئەوان زۆر باش دەزانن خاکی ئێمە نابێتە زەمینەی دووژمنەکانیان...، چونکە بەرژەوەندی ستراتیژی ئابووری و سیاسی و سەربازی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران بە یەکەوە دەبەستێتەوە و دەرگای بەرژەوەندیەکانیان خودی ئەم ھەرێمەی ئێمەیە کەوا خەریکە لە چرکەساتی ڕیفراندۆم (٢٥/٩/٢٠١٧) نزیک دەبێتەوە، تاکە ئامراز بۆ سەرخستنی کۆتایی و ڕزگار بوون لە عێراقی دەمارگیر و زوڵم و ستەمی بەغدا ئەوا بریتییە لە ئیرادەی کوردستانیان بۆ ھاواری (بەڵێ) بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، چونکە لە واقعدا ئەم ھەرێمە ٢٦ ساڵ و پێش ئەوەش ھەر جیا بووە و لەگەڵ بەغدا نابێ بە یەک، ھەر لەبەر ئەوە بووە کە جینۆساید کراین و ئەو جینۆسایدە لە ڕێگەی بڕیارە تاکڕەوییەکانی سەرانی بەغدا بۆ سەر گیانی کوردستانیان بەردەوامی ھەیە. دەبێ ئاگاداری ئەوەش بین و بە لایەنی کەمەوە ئەوە بزانین کە دواھەمین لێ تێگەیشتن لەسەر ئەمریکا (U.S.A) سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەمریکا لەم ساتەوەختەدا جەخت لەسەر درێژەدان بە ھاوپەیمانیەتی خۆیان لەگەڵ ئێمە دووپات دەکەنەوە ھاوکات ئەم ھەرێمە ڕیفراندۆمی ڕاگەیاندووە و دەمانەوێ لە عێراق جیا ببینەوە، بۆیە ھەڵێنجانی من وەک تاکێکی کورد لەم ھەرێمە سەبارەت بە ھەڵوێستی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەم ھەرێمە ئەوا جۆرێکە لە (بەڵێ) لە چوارچێوەی ئیتیکی سیاسەتی دەرەوە و نێودەوڵەتی. ھەروەھا نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاش تا ھەنووکە نەیانتوانیوە بەدیلی ڕیفراندۆم بدۆزنەوە کە باشتر بێ لەم خواستە واقعەی کوردستانیان و سەرۆک بارزانیش تەکەس لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەدیلی ڕیفراندۆم ھەر ڕیفراندۆمە مەگەر پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی ڕابگەیەنن کە لە ڕیفراندۆم باشتر بێ بۆ ھەرێمی کوردستان کە ئەویش دەبێ پێش وادەی دیاریکراوی ڕیفراندۆم بێ، واتە؛ بارزانی جەخت لەسەر کات و زەمەن لەگەڵ بەدیلی باشتر دەکاتەوە، دەتوانرێ خوێندنەوەیەکی دیکەش بۆ قسەکانی سەرۆک بارزانی بکرێ کە ئەویش بریتییە لە "یان سەربەخۆیی یان سەربەخۆیی". ھەر لەبەر ئەوەشە کە ئەوان لە دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤی ڕیفراندۆم دۆشداماون یان دەتوانم بڵێم شکستیان ھێناوە و ئەو ڕاستیەش دەزانن کە کاتی ئەم بڕیارە ھاتووە و تەوقیتێکی زۆر گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و جیابوونەوە لە عێراقی قابیل و ھابیل.
ئومێدم ئەوەیە کە ئەو ماوەیەی لە دەستمان ماوە بە چاکەی کوردستانیان بیقۆزینەوە و ھەر ھەموومان لە ئەنجوومەنی ڕیفراندۆم کۆ ببینەوە و دەستی ھاوخەباتی یەکتر بگرین و کوردستان لە چنگی گەردەلولی زوڵم و ستەمی تایەفی و بڕیارە دەمارگیریە نەتەوەیی و تاکڕەویەکانی سەرانی بەغدا ڕزگار بکەین، دووپاتی دەکەمەوە کە ئێمە لە قۆناغی یەکەم دەرچووین و تەنانەت لە قۆناغی گفتوگۆی عێراق و نێودەوڵەتیش تێپەڕین سەبارەت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و...، بۆیەشە لەسەر ئەو بنەمایە دەڵێم ھەڵبژاردەیەکی باشترمان نییە بێجگە لەوەی کە دەست بدەینە دەستی یەکتر و پشتیوانی لە بڕیارەکەی سەرۆک بارزانی بکەین و ئەگەریش خەڵکێک خوێندنەوەیان وەھایە کە ئەو بڕیارە تاکەکەسییە ئەوا دەتوانین ئەو لێ تێگەیشتنە وا لێ بکەین کە کوردستانیان خاوەنداریەتی لەو بڕیارە بکەن لە ڕێگەی ھەماھەنگی و ھاودەنگی بۆ دەنگی (بەڵێ بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و جیابوونەوە لە عێراق)... لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆ ھەموو ئەو بیر و بۆچوونانەی کە ھەڵقوڵاوی جیھانبینی خۆیانن، نەک بەپێی ئاوازی ئەم و ئەو.
Top