نیشتمان خەجاڵەتم ئاهی تۆ ده‌مگرێ

نیشتمان خەجاڵەتم ئاهی تۆ ده‌مگرێ
نیشتمانی دایكی گەورە، لەوەتی هەیە لە پێناو رۆڵەكانیدا ئەنجن ئەنجن دەكرێت، هەرجارەی دەچمەوە زێدی باب و پیران، شەرم دام دەگرێت، ئیلاهی ئەوە چ دایكێكی بەوەفایە، خۆ ئێمە هەر ناخۆشییەكمان بەسەرداهاتبێت، تێمان تەقاندووە و پشتمان تێكردووە، بە ساڵان راگوازراوین، ئەویش هەر چوار وەرزی ساڵ، وێڕای ئەوەی بێ ئێمەیی پێوە دیاربووە، تۆپبارنیش كراوە، (وەسان) ی زێد ساڵی 1916 لە شەڕی یەكەمی جیهان لە لایەن رووسەكانەوە سوتێندرا و خەڵكەكەی پەڕیوەی كێوان بوون، بەدرێژایی شەستەكان و حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی بیست تا راپەڕینی 1991 حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بە فڕۆكە بۆردومانی كردووە، لە دوای 1991 یشەوە تۆپبارانی ئێران و بۆردومانی فڕۆكەی توركیا ئازاری داوە، كەچی ئێستا لە جاران بە كەیفتر رۆڵەكانی لە باوەش گرتۆتەوە، بە ئاووهەوایەكی پاك و بۆن و بەرامەی رەز و باخ و چیمەن و چەم و هاژەی رووبار و چیا و بڵنداییە داپۆشراوەكانی بە داری بەڕوو و جوانیی كانیاوه‌كانی، وەك جاران پێشوازی لە هەر رێبوارێك دەكات كە رووی تێبكات، جا ئەو زێدەی من بستێكی نیشتمانی گەورەیە، دەزانم كە بۆردومان كراوە جەستە گەورەكەی نیشتمان ئازاری پێگەییوە، ئەوەش دەزانم كە شوێنی دیكەی نیشتمان لەو زێدەی من خراپتری بەسەر هاتووە، تا بە ئەمڕۆ دەگات نەوەكانی پێش ئێمە خوێنیان بەخشیوە، جا چۆن شەرم دام نەگرێت و به‌رامبه‌ر نیشتمان خه‌جاڵه‌ت نه‌بم، ئاخر زێدی من و هەموو بستێكی نیشتمان پێویستی بە (بەڵێ) یەك بێت، بۆ ئەوەی چیدی لە بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەرەوە، بڕیاری بۆردومان و تێكدان و راگواستنی خەڵكەكەی دەرنەكرێت، منیش لە نێوان (بەڵێ) و (نەخێر)دا دوودڵ بم؟، سوێند بە خوای گەورە و نیشتمان دوودڵ نابین، بۆ ئه‌وه‌ی ئاهی نیشتمان نه‌مانگرێت، بە ڕێزەوە بۆ نیشتمان و ئەو خوێنەی لە پێناویدا رژاوە دەچەمینەوە و دەڵێین بەڵێ بۆ سەربەخۆیی.
Top