ئەگەر گشتپرسی نەکرێ؟!

ئەگەر گشتپرسی نەکرێ؟!
کاتی گشتپرسی نییە و پێویستە دوابخرێ.. ئەرێ کەی کاتیەتی و بۆ کەی دوابخرێ؟
گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی نییە.. ئەگەر بۆ سەربەخۆیی نییە! ئێوە و دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان بۆچی ئەوەندە تەنگاو بوون؟
ئەگەر گشتپرسی بکرێ تورکیا و ئێران سنوور دادەخەن و بە هێزی سەربازیش پەلامارمان دەدەن.. ئەگەر سنوور داخستن و پەلاماری تورکیا و ئێران کاردانەوەی گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان بن؟! هەر کاتێ گشتپرسی بکەین سنوویش دەداخرێ و پەلاماریش دەدرێین، بەو پێوەرەش گشتپرسی و سەربەخۆیی کوردستان ئێوەی عێراقچی خۆش.
گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان نییە و پیلانی ئەردۆغانە. ئەگەر گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەبێ و پیلانی ئەردۆغان بێ! تورکیا بۆچی سنوور دادەخا و بۆچی پەلامارمان دەدات؟!
دەنگدان بە نەخێر خۆشگوزەرانی دێنێتە دی و دوورتان دەخاتەوە لە شەڕ و نەهامەتی.. دەنگدان بە نەخێر واتا دووبارە بوونەوەى ئەنفال و کیمیاران و کاولکردنی کوردستان، ئایا ئەنفال و کیمیاباران و کاولکردنی کوردستان خۆشگوزەرانی و دوور کەوتنەوەیە لە شەڕ و نەهامەتی؟
ئەگەر گشتپرسی بکرێ دەوڵەتێکی دیکتاتۆری دادەمەزرێ.. تۆ بڵێی خوێنی شەهیدان و رەنجی شۆڕشگێڕان دەوڵەتی دیکتاتۆری بەرهەم بێنێ؟
ئەو گوتنانە و زۆر گوتنی تر لەو گوتنانەن کە لە ئێستادا عێراقچییەکان شەڕی دەروونی پێ لەگەڵ بەرەی بەڵێ و خوازیارانی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، هەر گوتنێکیش لەو گوتنانە پرسیارێکی بە دوای خۆیدا هێناوە و ئەگەر گشتپرسی نەکرێ و ئەو گوتنانە ببنە هۆکاری لەباربردنی گشتپرسی یان دواخستنی، پێویستە بەرەی نەخێر وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی سەرەوە بداتەوە.
کورد بە هەموو جیاوازیە سیاسیەکانیەوە، بە بەڵێ و بە نەخێریەوە دەبێ ئەو راستییە بزانن کە گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا بەڕێوەیە و ئەو گۆڕانکاریەش کوردستان دەخاتە ناو دووڕیانی یان سەربەخۆیی یان دووبارە بوونەوەى ژێردەستەیی، جا ئەگەر تا بەغدا لاوازە گشتپرسی نەکرێ و کورد خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی نەدات، بەغدا هێزی بکەوێتەوە بەر بڕیار لە چارەنووسمان دەدات، ئەوەشیان نەشاردۆتەوە و لەگەڵ ئەو لاوازیەی ئێستاشیاندا ناوە ناوە هەڕشەی بڕیاردان لە چارەنووسمان دەکەن, بۆیە ئەگەر کوردستانچیەکان بە گشتپرسی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان ئەو قۆناغە تێنەپەڕێنن و کورد نەکەنە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، ئەوا عێراقچیەکان ئەوەی ئێستاشمان بە دیاری دەدەنەوە بەغدا.
Top