لە کەناڵی (NRT) بەزمە

لە کەناڵی (NRT) بەزمە
لە بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی (NRT) خۆفرۆشی و جاشایەتی بەرگی ئازادی بیرورای بەبەردا کراوە، بەوەشەوە نەوەستاون و موزایەدەشی پێوە دەکەن، ئەوە ئاساییە و بە درێژایی مێژوو خۆفرۆش و خیانەتکاران پاساویان بۆ جاشایەتی خۆفرۆشی خۆیان هێناوەتەوە، بەڵام ئەوەی زۆر سەرنج راکێشە ئەو کەناڵە بە ئاشکرا دژی سەربەخۆیی کوردستان وەستاوەتەوە و لە پاڵیدا بانگەشە بۆ خۆفرۆشی و لەزەتی ژێردەستەیی دەکات، بەو هۆیەوە لە دهۆک بە مەبەستی رێگری کردن لە بانگەشە بۆ ژێردەستەیی چەند گەنج و کوڕە شەهیدێک چوونە سەر نووسینگەی کەناڵەکە.
لەو بەرنامەیەدا چەند دژە (پارتی)یەک دەڵێن: پارتی لە پشت ئەو کارەیە و خەڵکی هانداوە، من ناهەقی ئەوانە ناگرم کە ئەو تۆمەتە دەدەنە پاڵ پارتی، چونکە لە مێژووەوە بۆ هەڵوێستەکانی پارتی دەڕوانن و دەزانن کە پارتی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە دژ بە هەر کەسێک بووە کە پشتی لە خەباتی رزگاری نیشتیمانی کردووە و بۆ مەرامی تایبەتی دەستی لەگەڵ دوژمنانی کورد تێکەڵ کردووە.
گریمان پارتی هاندەری چوونە سەر نووسینگەی کەناڵی (NRT) بوو لە دهۆک، جا ئەگەر ئەوە راست بێ دەپرسین: ئەی کێ لە پشت ئەو زنجیرە پەلامارانە بووە کە لە ١٧ی شوباتی (٢٠١١)وە لە زۆنی سەوز و نیلی دەکرێنە سەر بارەگاکانی پارتی و دەسوتێنرێن؟ لێرەدا ئەگەر بە پێوەری بەرنامەی تاوتوێی کەناڵەکە بێ، پارتی بۆ رێگری کردن لە بانگەشەی نەخێر بۆ سەربەخۆیی خەڵکی ناردۆتە سەر نووسینگەی کەناڵەکە، لە زۆنی سەوز و نیلیش بۆ رێگری کردن لە گەیشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی خەڵک نێردراوەتە سەر بارەگاکانی پارتی، ئەرێ هەڵوێستی کامیان کوردانەیە.
Top