جووڵانەوەکەی شاسوار لە راپۆرتێکی کەناڵێ (NRT)دا

جووڵانەوەکەی شاسوار لە راپۆرتێکی کەناڵێ (NRT)دا
دوا ئەوەی شاسوار عەبدولواحید جووڵانەوەیەکی دژ بە خواست و ئیرادەی نەتەوەیی و بەری رەنجی خوێنی شەهیدان راگەیاند، زۆر راوبۆچوونی جیاوازی لەسەر راگەیاندنی ئەو جووڵانەوەیە درووست بوون، هەموو راوبۆچوونەکانیش جووڵانەوەکە بەوە تاوانبار دەکەن کە جووڵانەوەیەکە جیا لەوەی دژی خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستانە، بەوەش تاوانباری دەکەن کە جووڵانەوەکی خۆرسک نییە و دەستێکی شاراوە ئاراستەی دەکات، ئەوەش لە راپۆرتێکی کەناڵی (NRT) کە زمانحاڵی شاسوار عەبدولواحیدە پەردەی لەسەر لادرا.
راپۆرتەکەی کەناڵی (NRT) دەڵێ: پارتی ئەو جووڵانەوەیە بە دەستی نوری مالیکی دەزانێ و بۆ ئەو مەبەستەش (٨٧) ملیۆن دۆلاری لە نوری مالیکی وەرگرتووە، دواتر دەڵێ: کەناڵێ (ئافاق)ی سەر بە نوری مالیکی پێیوایە ئەو جووڵانەوەیە دەستی پارتی لە پشتە و بڕیاری گشتپرسی لە دەستیان دەرچووەو دەیانەوێ بەو ناوە لە گشتپرسی پەشمان ببنەوە.
هەر لەو راپۆرتەدا دەڵێ: بزووتنەوەى گۆڕان ئەو جووڵانەوەیە بە دەستی پاراستنی پارتی دەزانێ و بۆ ئەوەیە کە دەنگ لە بزووتنەوەى گۆڕان کەم بکاتەوە، بەشێکی یەکێتیش جووڵانەوەکە بە دەستی پاراستنی پارتی دەزانێ.
کۆمەڵی ئیسلامیش پێیوایە جووڵانەوەکە دەستی پارتی لە پشتە و یەکگرتووی ئیسلامیش بە دەستی ئێرانی دەزانێ، بزووتنەوەى ئیسلامیش هەمان رای هەیە و پێیوایە جووڵانەوەکە درووست کراوە و بۆ مەرامی تایبەتی ئاراستە دەکرێ.
ئەوەی لە راپۆرتەکەی کەناڵی (NRT) دەرکەوت هەموو لایەنە دژەکانی کوردستان و دەرەوەش جووڵانەوەکە بە درووستکراوی دەستێکی شاراوە دەزانن، جا لەو هەموو بۆچوونانە هەر کامێکیان راست بێ جووڵانەوەکە جووڵانەوەیەکی خۆ هەراجکەر دەبێ و زۆر بە ئاسانی دەکەوێتە ناو گەمەی موخابەراتی داگیرکارانی کوردستان، لە حاڵەتێکی وەهاشدا بوونی جووڵانەوەیەکی لەو جۆرە مەتریسدارە.
گومان لەوەدا نییە کە یەکێک لەو بۆچوونانە راستە، بۆ ئەوەش کە کام لەو بۆچوونانە راستە، زیاتر ئەو بۆچوونە بەلای راستی دایە کە جووڵانەوەکە درووستکراوی نووری مالیکی بێت، بۆ ئەوەش پشت بە دوو هۆکار دەبەستین.
یەکەم:ــ نوری مالیکی پێشینەیەکی دوژمنکارانەی لەگەڵ ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی کورد هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش لە رابردوودا چی لە دەست هاتبێ کردوویەتی و لە داهاتووشدا چی پێبکرێت دەیکات، گشتپرسیش لە ئێستادا تاکە رێکارە کە کورد بە ماف و ئازادیەکانی بگەیەنێ.
دووەم:ــ شاسوار عەبدولواحید کەسێکی بزنسمانە و بزنسمانەکانیش بە دوای سەرمایەدا دەگەڕێن، جا ئەو سەرمایە چۆن دەست کەوێ بە لایانەوە گرنگ نییە، بۆیە گومان لەوەدا نییە کە نوری مالیکی بە غەریزەی دوژمنکاری و شاسواریش بە خواستی کۆکردنەوەى سامانی زیاتر لەسەر راگەیاندنی جووڵانەوەی نەخێر رێککەوتوون،
Top