بۆچی گەرەکمانە سەربەخۆبین

بۆچی گەرەکمانە سەربەخۆبین
پرسیارێکی زۆر سادە ، ئاخۆ ئەگەر سەربەخۆ نەبین ئەی سەربەکێبین !

کێشەیێکی مەزن لە بوونیاد و شوناسی هەموو ئەوانەدا هەبووە کە خاوەن شکۆی دەوڵەتی (عیراق)بوون، مەمالیک و وەلیعەهد و سەرۆکەکان ، هیچکات بە جیۆگرافیای حەقیقی دەوڵەتەکەیان قایلنەبوون و هەوڵی فراوانبوونی پانتایی جیۆگرافیای (عیراق)ـیان ئەدا.
کوردستان بە درێژایی مێژوو هەوڵی ئەوەی داوە شوناس و کلتوری خۆی وەکخۆی بهێڵێت و نەکەوێتە ژێر دەسەڵات و کلتوری داگیرکەر ، تەعریب و تەبعیس بۆ ئەووە بوون کە ئاسەواری کوردستان بنبڕبکەن ، بۆ ئەووە بوو تاکی کورد لە حاڵەتێکی ناتەندروستی سایکۆلۆژی گوزەری ژیان بکات و بەکەم لە ئاوێنەدا خۆی ببینێت.

کوردستان توانی سەرکەوێت بەسەر نوخبەی شەرانگێز ، ئەو جیۆگرافیایەی ئەوان کۆکبوون لەسەر نەهێشتنی ئەمرۆ بۆتە مەنزڵگەیێکی ئارام بۆ هەموو ئەوانەی لە ئاشوبی جەنگ و تیرۆر رادەکەن. ئێستا کوردستان جوانترین وێنەی مرۆڤسالارییە لە ناوچەکە و لە قۆناغی پتەوکردن و زیادتر چەسپاندنی دیموکراسی گوزەر دەکات.

سەرکەوتنەکانی کوردستان بۆ بەشێکی زۆر لە سیاسیە ئێکسپایەر و دۆراوەکان ئازار بەخشە ، تاقەت بر و پر لە ژانە بۆیان ، ناتوانن لە بازنەی حقد و جەهالەت خۆیان وەدەرنێن ، سەربازی کاتین لە فەوجی دوژمن و ئینێرجییان لە لەشدا نەماووە.
سەربەخۆبوون هێندەی مەزنی جیهان شکۆ بە تاکی کوردستان دەبەخشێت ، خۆخۆیی تاکی کوردستان بۆ سەرتاسەری جیهان وێنادەکات.
سەربەخۆبوون بەمانای لەدایکبوونێکی تازە دێت کە لەگەڵ خۆییدا فەلسەفەی دەوڵەت و دۆکترینی کوردستانیان جیادەکاتەوە لە دەوڵەتی داگیرکەر و لە هاوڵاتی پلە دوو دەمانکات بە مرۆڤێکی ئازاد و بیرسازێکی ئاشنا بەخۆی.
لە ئێستادا ، ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە کۆمەڵێک پرسگەلی نوێ لەڕووی سیاسی گوزەر دەکات ، عەقڵێکی رادیکاڵ و چاوێکی مەزنمان گەرەگە بۆ ئەوەی بتوانین دونیابینینی زلهێزەکان لەم ناوچەیەی (جیهانی سێیەم)ە، ببینین. دەبێت بەشێک لە هێزگەلە سیاسیە بەستەڵەکی ڕق بتوێننەوە ، نابێت ئەکتەرە سیاسیەکانی ناو ئەو هێزانە خۆیان بکەن بە میراتگری مەدرەسەیێکی (دژە سەربەخۆیی) کە لە ئێستادا لە کۆتا ڕۆژەکانی ژیانی سیاسیدا گوزەر ئەکات.
Top