ئازادی ڕیفراندۆم و ڕیفراندۆمی ئازادی

ئازادی ڕیفراندۆم و ڕیفراندۆمی ئازادی
سایکۆلۆژیا گرنگی زۆری داوەتە چەمکی ئازادی، و بە سەدان زانای دەروونناسی سەدان گۆتار و بابەتیان لەسەر نووسیوە. فیلیپ پۆتیت (Philip Pettit) و تۆماس پینک(Thomas Pink)، لە دوو پەرتوکی دەگمەن و جیاواز دا ئەو چەمکەیان خستوتە نێو بنەماکانی زانستی و بە شێوەی تیۆرێکی زانستی لێی دواون. ئەوان ئەو بابەتەیان بە زۆر لایەنی پەیوەندار بە دەروون و ناخی مرۆڤ، بۆ نموونە ویست، بەرپرسێتی، ئارەزوو، و بیروباوەرەکان، کەسێتی، و ... ھتد، گرێیانداوە.
پەیوەستبوونی ئازادی، بە مرۆڤ تەنانەت لە سیاسەت و یاسا دا ڕەنگی داوەتەوە. نموونەش بۆ ئەم قسەیە جاڕنامەی مافی مرۆڤە، کە بە لایەنی کەمەوە (٢٠) جار ئەم وشەیە و واتاکەی دووبارە بۆوەتەوە، و ئەوە ھەمووی ئاماژەن بە گرنگیەکەی بۆ مرۆڤ وەک مرۆڤێک لە کۆمەڵگایەکەیدا. ئەو بەڵگەنامە جیھانییە لە زۆر شت و کار دا، ئازادی مرۆڤ بە ئەرکی گەورەی کۆمەڵگا دەزانێ، بەڵام ئەگەر کەسێک زیاتر لەو ناوەرۆکە ورد ببێتەوە بە ئاشکرا بۆی دەردەکەوێ ئازادی لەوێ و ھەموو شوێنێک سنووردار و مەرجدارە. چونکە ئەگەر وانەبۆایە کارەساتەکانی مرۆڤ زۆر زیاتر دەبوون لەوەندەی کە ئێستاکە ھەن.
ئەوە تەنانەت لە دیمۆکراسیترین وڵاتیش جێبەجێدەکرێت، کە تیایدا ئازادی مرۆڤەکان بە بایەخەوە سەیر دەکرێت، بەڵام لەو شوێنانەش دا سنووردارە. کام وەڵاتی دیمۆکراسی ڕۆژئاوا ھەیە لە یاساکانیدا ڕێگە بداتن تیرۆریستێک بەو پەڕی ئازادییەوە لە کۆچە و کۆڵانەکانی وڵات ھاتوچۆ بکاتن و چەک و تەقەمەنی یان بیورێکی پێ بێ بۆ سەربڕین و کۆشتنی خەڵک لە میترۆ و مارکێتەکان بە ھەوەسی خۆی پیاسە بکاتن؟ پێناسە و سنوورەکانی ئازادی لە وڵاتان بە پێی بەرژەوەندی و سوود و زیان و مەترسییەکانی دیار دەکرێت، نەک بە پێی خۆدی وشەی ئازادی و چەمکەکەی وەک تنھا وشەیەکی ئەبسترەکت. بە تایبەت ئاسایشی نەتەوەیی لەو وڵاتانە ھێڵی سوورە و ئازادی تاکی نابێ کەمترین و بچووکترین زیانی بۆ ھەبێ. چونکە ئەو میللەتانە بە خوێن و عارەقی نێو چاوان پێی گەیشتوون و وڵاتانیان داناوە.
ئازادییەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵات ھەبێ واتای خۆی نامێنێ، و ئەوە ھەمان ئەو شتەیە کە دەبێ وەک بنەما و یاسایەک لە میانەی ڕیفراندۆمی کوردستان ھەڵسوکەوتی لەگەڵ دا بکرێ، چونکە ھەندێ کەس و لایەن، لە ژێر سێبەری ئازادی، بە بێ ئەوەی ھیچ بەھایەک بۆ ماندووبوونی چەندان نەتەوە و کەس و لایەن و قۆربانیدانیان دابنێن، بە مەھانەی نابەجێ و بە بێ ھەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە بۆ زیان و ئاسەوارە کۆشندەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری و فەرھەنگی و لە ھەمووی گرنگتر دەروونی تاک و کۆمەڵگای کوردستانی، ھەوڵێکی نەزۆک و بە پێچەوانەی ویست و خواستی ئەو ھەموو مرۆڤ و نەتەوە و لایەنە دەدەن، و ئەوەش ئەو پەڕی ھەلپەرێستی و تەنانەت خۆپەرێستی و لەخۆباییبوونە، کە بەناوی چەمکێکی دیمۆکراسیانە دەکرێتن، لە کاتێکدا بە پێی لۆژیک و ( عەقلی سەلیم ) تێک ناکەن و دروست نیە، و ئەو شتانەی ئەوان باسی لێوە دەکەن و بە ڕاستیانە و لە دڵەوە خوازیاری دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەرین، ھەمووی دەکرێ لە دوای ئەو پرۆسەیە و بە پشوودرێژی و دیالۆگ و گفتگۆیەکی دۆستانە و برایانە، و لە بن سێبەری ڕێز لەیەکتر و قۆربانیدان و ماندیبوونی، و دەستپێکردنی سەرەتایەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن. ئەوەی ئەوان دەکەن ھیچ سوودێک بۆ کوردستانیان و دۆزی ڕەوای ئێمە مانان نیە، و جگە لە ئەستوورکردنی گۆریسی ڕق و کینەی ئەوان و لەیەکتری دوورکردنمان، ئەنجامێکی نیە. ئەوەی ئەوان لە پەنای ئازادی و بۆ تێکدانی ھەلێکی زێڕینی وەک ئێستا، دەیکەن، چەواشەکردنی چەمک و فەلسەفەی ئازادی و ئازادبوونە، چونکە ئامانج لەو ڕیفراندۆمە ئازادی کوردستانیانە، کە ھەندێ کەس بەناوی ئازادییەوە، لە سەنگەری دژایەتیکردنی دا، دەیانەوێ زیانی پێبگەینن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top