ڕیفراندۆم لە تەرازووی ئایین دا

ڕیفراندۆم لە تەرازووی ئایین دا
ڕاستە پسپۆرییەکەی ئێمە ئایین نیە، بەڵام لە سۆنگەی ئەوەی کە ئایین بەشێکە لە کەلتوور و فەرھەنگی کۆمەڵایەتی، پەیوەندی ڕاستەوخۆی ھەیە بە دەروونناسییەوە، و تەنانەت زانستی دەروونناسی ئایینی لە مێژووی سەرھەڵدان و بیروباوەر و فەلسەفەی ئایینەکان دەکۆڵێتەوە.
دەگۆترێتن کە وتارەکانی ئایینی مزگەوت و پەرستگاکانی تر لە کوردستان بە گرنگی لە بابەتی ڕیفراندۆمەوە دەڕوانن و خەڵکی ھاندەدەن بۆ بەشداریکردنی بەرچاو تیایدا، و ئەمە کارێکی پیرۆزە و ھەمان ئەو ڕۆَڵە ئەرێنی دیارەیە کە ھەمیشە لەو سەنتەرانە چاوەڕێدەکرێت. بەڵام پرسیارێک دێتە گۆڕێ: کام جۆری بەشداریکردنێک ؟ بە "بەڵێ" یان بە " نەخێر". چونکە جیاوازن. ڕاستە ھەر دووک جۆریان بەشداریکردنە. بەلام جیاوازن و دیاریکردنەوەی سروش و ڕوویی ھەر یەکەیان گرنگی خۆی ھەیە. ئایا ئەو کەسەی دەنگ بە "بەڵێ" دەداتن وەک ئەو کەسەیە کە دەنگ بە "نەخێر" دەداتن؟ بێگۆمان وانیە و دەنگی "بەڵێ" دەبێ دەنگی دروست ھەژمار بکرێ و ئەوەکەی تر بە نادروست و ناڕەوا و حەرام. بۆچی؟!
شاراوە نیە کە فەلسەفەی ئایین و ھاتنی ئایین دوای قۆناغی (خۆڕافات) دەستکەوتێکی مەزنی مرۆڤایەتی و کارێکی پیرۆزی تێکڕای پەیامبەران بووە، و مرۆڤایەتی ھەرگیز ناتوانێ لەو قەردارییە خۆی بشارێتەوە. ئەوان ھەمیشە شت و ڕەفتار و کار و کەرەستە و ھەڵوێست و کردەوەکانی مرۆڤەکانیان دابەشکردووە سەر دوو ئاراستە: ( حەرام ) و ( حەلال).
باشە بزانرێتن کە بۆچی ئایینەکان بە ئیسلامەوە ھەندێ شت و رەفتار (حەرام) دەکاتن. وەڵامێکی ھەرە کۆرت بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە کە: چونکە ئەو شت و کەرەستە و رەفتارە زیانی ھەیە بۆ خۆدی تاک و مرۆڤ، جا چ جەستەیی بێ یان دەروونی، و یان زیانی ھەیە بۆ لایەنی ئابووری یان کۆمەڵایەتی خیزان یان کۆمەڵگایەکەی یان بۆ مرۆڤایەتی. بڕۆانە چەند گرنگە. کەواتە ئایین ڕەفتار و کرداری مرۆڤ و ئازادیی ئەنجامدانی سنووردار دەکات، لە بڕی پاراستنی خۆدی مرۆڤ و خێزان و کۆمەڵگایەکەی.
کەوابێ ئایا بۆچی ھەمان شت و ھەڵوێست بۆ ڕیفراندۆمەکەی سەربەخۆیی کوردستان پەیڕەوی ناکرێتن؟ بێگۆمان ئەوە ( فەتوا) نیە ئێمە دەیدەین، و تەنھا پێشنیارە، چونکی دیارە بە پێی مەرجەکان ئێمەمانان بۆمان نیە (فەتوا) بدەین.
ئایا ئەگەر مامۆستا ژیرەکانی ئایینی لە کوردستان بزانن کە سەربەخۆیی کوردستان چەند بەسوودە بۆ تاک و کۆمەڵگای کوردستانی، و سەربەخۆنەبوونی چەند زیانی ھاوشێوەی ئەنفالی گەرمیان و بادینان و کوشتن و دەردبەدەری کوردە فەیلییەکان و بارزانی و حەلەبچە و شنگالیەکان و نەتەوە و ئایینەکانی تری کوردستانی بەدواوەیە، بە بێی جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی و مەزھەبی و ڕەگەزی و ...ھتد، و بزانین کە ناسەقامگیری کوردستان یەکێک لە ھۆکارەکانی سەرھڵدانی سەدان جۆری گەندەڵی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، و ئەگەری بڕینی قووت و مووچەی خەڵکە لە لایەن دەستھەڵاتدارانی بەغداوە ، و ھۆکارە بۆ سەرھەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستی ھاوشێوەی داعش و ( حزبی بەعسی ڤاشیتسی ) و دیکتاتۆری وەک سەدامی گۆڕ بە گۆڕ و سەدان زیانی کۆشندە و دیاردەی نەشرین و دوور لە ڕەوشتی بەرزی مرۆڤایەتیتر، ھەم بۆ تاک تاکی کوردستانیان و ھەم بۆ کۆمەڵگایەکەی و تەنانەت بۆ جیھان، ئایا باشتر نیە ھەر ڕەفتارێک و بڕیارێک کە لە ئەنجامدا دژی سەرکەوتنی ئەو ڕیفراندۆمەیە، بە (حەرام) لە قەڵەم بدرێَتن و مرۆڤەکان لێی(نەھی) بکرێن؟ ئەی باش ( ئەمری بیمەعروف و نەھی عەن مۆنکەر) دەبێ چ کاتێک جێبەجێ بکرێتن ئەگەر ئێستا نەبێ؟ ئایا فەلسەفەی (حەرام) کردن تەنیا لەسەر ھەندێ شت و بابەتی بچووک جێبەجێ دەکرێ و لەسەر بابەتێکی گەورە و چارەنووسسازی وەک ڕیفراندۆم جێبەجێ نابێ؟ دەبێ مامۆستایانی ئایینی زۆر وریاتر بن، تا بە ( فەتوا) و بڕیارەکانیان تاکی کوردستان و کۆمەڵگایەکەی لە زیانەکانی ئەو بابەتە بپارێزن، چونکە ئەوە ئەرکێکی مرۆڤی و نیشتمانی، و بەر لە ھەموویان ڕەوشتی ئەوانە.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top