دژایەتیکردنی ڕیفراندۆم و شەڕی ناوخۆ

دژایەتیکردنی ڕیفراندۆم و شەڕی ناوخۆ
ساڵانێک بوو زمانی گلەیی و ڕەخنە ئاراستەی زۆر کەس و لایەن دەکرا و لە بارەی و بۆ بوونی شەڕی نگریسی ناوخۆ و کارەساتە جەرگبڕەکانی، گۆمانمان لە ھەموو کەس و لایەن ھەبوو، و وامان دەزانی فلانە و یان فلان کەس و لایەنە کە ھۆکاری ئەو شەڕە بوون. وامان دەزانی ئەو شەڕە بەرھەمی بیرکردنەوەی فلانە کە یان فلان کەس یان لایەنە، بەڵام دەرکەوتنی ھەلی زێڕینی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و کوردستانیان لە یوغ و بەندی داگیرکەران، و پەیدابوونی بەرەی دژی ئەو پرۆسەیە دوو ڕاستی دەرخست کە ساڵانێکە مێشکی ھەموومانی پێوە خەریک ببوو:
١-ھەمان ئەو کەس و لایەنانەی دوێنی ھەوێنی سەرھەڵدان و درێژکردنەوەی قەیران و تاوانی جەنگی نێوەخۆیی بوون و بەردەوام ئاگرەکەیان خۆش دەکرد و ژێر بە ژێر و بە پاڵپشتی لایەنی جیاوازی ناوخۆیی و دەرەکی پیلانی ئەھریمەنانەیان دادەڕشت، و بە مخابنیەوە ڕۆڵەکانی کوردستانیان بۆ ھیچ و پووچ بە کوشت دەدا، ھەمان ئەو دەنگانەن کە ڕەفتار و کردار و ھەڵوێست و تەکتیک و تەکنیک و ستراتێژییەکانیان لەو شەڕە بۆ شەڕێکی تر و لە ڕەنگ و ڕووی دژایەتیکردنی گەورەترین کەرنەڤالی ئازادیی کوردستانیان، واتە پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان چڕ کردووتەوە، چونکە ئەوان دەزانن بە گەیشتنی کوردستانیان بە ئاواتەکانیان ئەوان چیتر کەسانێک بە ئاسانی بگەوجێنن و لە ڕێگە بەدەریان بکەن، و یەواش یەواش بارودۆخێک سەرھەڵدەداتن کە تاوانەکانی جەنگیی ئەوان بۆ ھەموو کەس و لایەن ئاشکرا دەبن، و ئەوان بە ڕوویەکی ڕەشەوە ڕیسوای ھەموو کوردستانیان دەبن. ئەوان لەو پیلانەشدا بە ھەڵە چوونە، چونکە دروستبوونی ئەو بەرەیە خۆی لە خۆی دا مێنتالیتەی گەنیوی ئەو کەسانە ڕیسوا دەکاتن، کە چۆن لە نێو میلەتێکی زۆر ئازار چێشتووی وەک کوردستانیان، ھەبن کەسانێک بەو شێوەیە بیربکەنەوە، و ئەو بیرکردنەوەیە ھیچ جیاوازییەکی نیە لەگەل بیرکردنەوەی سەدامە گۆڕ بە گۆڕەکەی بەعسی فاشیستی و عەلی کیمیاوییەکان و ئەبووبەکرە نەبەغدادییەکان و ... ھتد، کە ئەوان فریای ئەنفال کەوتن بەڵام ئەمانە نەکەوتوون یان ھێشتان ماویانە.
٢- ھەر ئەوانەن کە پرۆسەی لە مێژینەی " بەدەوڵەتکردنی کوردستان" یان، و بۆ بەرژەوەندی خەڵک و لایەن و وڵات و نەتەوە و دوژمنان، پەک و دوا خست، ئەگەینا، بۆ زانیاری ھاوڵاتیان نەخشەی گۆڕینی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و " بەدەوڵتبوونی کوردستان"، بە دەھان ساڵە لە نێو پرۆژەکانی جیھان و بە تایبەت ڕۆژئاوزایەکان و ئەمریکایە، بەڵام گەمژەیی و گەوجی ھەندێ کەس و لایەن و خۆپەرێستی و ( عیناد) و حەسوودی و ( بەخالەتیان )، بەشێک یان بەشی ھەرە زۆری ئەو فاکتەر و ئاستەنگ و لەمپەرانە بوون کە خستیانە بەردەم ئەو پرۆژە و پرۆسەیە، و ئەگەر کوردستانیان ئێستاش و ئەم جارەش وریا نەبن و ژیرانە بیر نەکەنەوە و بکەونە بەرەی دژایەتیکەرانی ڕیفراندۆم و بۆ دوژمنان و ئەو لایەنانە ببنە مەتاڵی لەبارچوونی، وەک چۆن کوردستانیان تێکڕا لەو بیست و چەند ساڵە بە ھەموو جۆرەکانیەوە باجی ئەو نەزانیەمان دا، جارێکی تر ھەموو ئەو کارەساتانە دووبارە دەبن، جگە لەوەی کە بەخت ڕوومان لێ وەردەگەڕێ و ڕووداوی تر دێتە گۆڕێ و ئەلترناتیڤی تر بۆ ڕۆژوایەکان پەیدا دەبن و بە یەکجاری دەستمان لێ دەشۆن و پشتمان تێدەکەن، و جارێکی تر و ئەو جارە سێ ھێزی ئەھریمەنی تورکی-پارسی-عەرەبی وەک سێ ئەژدەھای دووسەر بەردەبنە گیانمان، و شاڵاوەکانی ئەنفالی ئەم جارە دەبێتە بەشێکی بچووکی ھەوڵەکانی لەناوبردنی کورد و کوردستانیان. مژدەیەکی تاڵە بەڵام لە سیاسەت دا ھەموو شت ڕوو دەداتن، بۆیە وریایی کوردستانیان زۆر گرنگە و چارەنووسسازە. با چتر گەمژەیی نەونوێنین و بە دەنگی " نەخێر" قۆڕ بەسەری خۆمان و نەوەکانمان نەکەین. ھەموومان ئازارێکی زۆری دەروونیمان چێشت و لەو ھەموو ساڵانەی شەڕی نێوخۆیی لەپەڕی قەیرانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤی دا تێپەڕاند، و ئەویش تەنھا بە ھۆی ھەندێ لەو ( عەقڵیەتە) بۆ گەنەی ئەمرۆ خۆی لە بەرەی دژی ئازادی کوردستانیان دا حەشار داوە. با ئەو ڕۆژانەمان لە یاد نەچێ.
***
دۆخە ناڵەبارەکەی ئێستا و پەیدابوونی بیرکردنەوەیەک دژی بەھا کۆمەڵایەتی و ئامانجە پیرۆزەکانی نەتەوەکانی کوردستان و تێکدەری ئارامی و ئاسایشی ئێستا و ئاییندەیان، لە ڕێگەی دژایەتیی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ھیچ گۆمانیان نەھێشت کە ئەوان ھەمان ئەو ھێزە ناوازە و نامرۆڤایانە بوون بە سەدان ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت ھەڵگیرسان و درێژکردنەوە و ئاگرخۆشکردنەوەی شەرَی ناوخۆیی و ھەموو نەھامەتیەکانی بوون، و ئارامیی کوردستانیان خستە مەترسییەوە و ئێستا کە دەرەفەتێک بۆ ئەم میللەتە ڕەخساوە دەیانەوێ ھەمان کارەساتەکان و نائارامییەکان دووبارە ببنەوە، و بۆ ئەم بیرۆکە قێزەوەنە ھەر ڕێگایەکی تڕۆھات دەگرنە بەر و ھەر دەرگایەک لێدەدەن، کە بۆنی ئەوەی لێدێتن بیرکردنەوەیان ھاوشێوەی خۆیانە و دژی ئەم میللەتەن.
بەڵێ پەیدابوونی بەرەی ناوازەی دژ بە ڕیفراندۆم لە کوردستان دەریخست کە ھۆکار و بنەماکانی ئەو شەڕانە چی و کێ بوون، و کێی لە پشتەوە بوو، و بۆچی ؟؟!! بەڵام ئایا کوردستانیان پەند و وانەی لێوەردەگرن یان نە؟؟ تەنھا ڕیفراندۆم ئەو چەندەمان بۆ ئاشکرا دەکاتن.
*پسپۆری زانستەکانی پێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ
Top