دەرفەتی بە خاوەن دەوڵەت بوون هەمیشە ناڕەخسێت

دەرفەتی بە خاوەن دەوڵەت بوون هەمیشە ناڕەخسێت
ئاواتی لە مێژینەی هەر تاكێكی كوردی بنیادنانی دەوڵەتێك بووە كە تیایدا وەك هەر نەتەوەو تاكێكی تری خاوەن دەوڵەت، خودان شوناس و ناسنامەی خۆی بێت و سەروەریی خۆی هەبێت و پاشكۆ و ژێردەستی هیچ نەتەوەو هێزێكی دیكەی بێگانە نەبێت، بەڵام بەداخەوە قەدەری كورد دوای هەزاران ساڵ هەر ژێردەستەیی بووەو هەمیشە رووبەڕووی قڕكردن و كوشتن و جینۆساید و تاڵان و ئاوارەكردن و دەربەدەری بووە.
هەموو خێزانێكی كوردی مەگەر چۆن بووبێت، ئەگینا هەموو ئەو نەهامەتییانەی بینیوە كە بەسەر كورددا هاتووە، مەگەر ئەو (كوردانە) نەبن، كە بۆ خاتری پێگەو پۆست و پارە ئامادە بوون هەر كردەوەیەكی ناشایستە بەرامبەر هاوخوێن و هاونەژادەكانیان بكەن، لە هەر نەتەوەیەكیش ئەم جۆرە كەسانە هەر بووە كە هەستی ناسیۆنالیستی و نەتەوەگەرییان لاوازو سست بووەو لەبەر خاتری كەمترین شت خیانەتیان لە نەتەوەكەی خۆیان كردووە، بەداخەوە ئێمەی كوردیش هێشتا ئەم جۆرە كەسانەمان لە نێو هەیەو بگرە زۆرجاریش بە هۆكاری جیاجیا ناوێرین هیچیشیان پێ بڵێین. گومانی تێدا نییە كە «بێدەوڵەتی» هۆكار بووە كە نەتوانراوە بەو شێوەیەی كە پێویست بووە لەگەڵ ئەم جۆرە كەسانە رەفتار بكرێت و نەتوانراوە وەك كەسی خیانەتكارو خۆفرۆش لەگەڵ ئەم كەسانە مامەڵە بكەین، چونكە لە هەرێمێكی بێدەوڵەت، ئەمانە ئامرازێكی باشی دەستی كەس و وڵات و پارتە ناحەزەكانی دژە سەربەخۆیین، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەی لە دژی نەتەوەكەی خۆیان بەكاریان بهێننەوە.
ئەمە جگە لەوەی كە بەداخەوە هەندێك هۆكاری دیكەی نێوخۆیی و سیاسی و حزبیش هەن كە بۆ باڵانس راگرتنی لایەنگرو هێز، ئەم جۆرە كەسانە پەراوێز ناخرێن، بەڵكو بە داخەوە جاری واش هەبووە كە رێزی زۆریشیان لێ گیراوە. كە ئەمە خۆی لە خۆیدا هەزاران پرسیار هەڵدەگرێت! پێدەچێت ئەمەش حیكمەتێكی هەبێت! بەڵام هەر حیكمەتێكی هەبێت، ناكرێت ئەم جۆرە كەسانە شوێنی كەسە خەباتكارەكان بگرنەوەو بگرە پۆست و پایەكانیشیان بەرزتر بێت لە تێكۆشەرانی وڵات.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە دوای ئەو هەموو قوربانیدانەی كورد داویەتی، لە كۆتاییداو لە كۆبوونەوەی رێكەوتی(7/6/2017) بە سەرۆكایەتی بەڕێز( مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی هەموو پارت و لایەنێكی سیاسیی هەرێمی كوردستان جگە لە (گۆڕان و كۆمەڵ) بریار لەسەر دەستنیشانكردنی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم دراو رێكەوتی(25/9/2017) دەستنیشان كرا بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، هیوادارین ئەو وادەیەی هەموومان چاوەڕێی ئەوین، زوو بگات و دەنگی (بەڵێ)ی سەربەخۆیی بخەینە نێو سندووقەكان. بەڵام ئەوەی كە هەموومانی ئازار داوەو تا ئێستاش ئازارمان دەدات، بەشدارنەبوونی دوو پارتی سیاسیی كوردییە (گۆڕان و كۆمەڵ) لەو كۆبوونەوە چارەنووسسازە، بەداخەوەش تا ئێستاش هەر لەسەر قسەی خۆیان بەردەوامن و بڕیاریان داوە كە بەشداری لە ریفراندۆم نەكەن و ئەگەر بەشداریش بن، ئەوا بۆ ئەم پرسە پیرۆزەش بە مەرج بەشدار دەبن!! ئەم (سازە)ش بە داخەوە وەك ئەو (سازە) وایە كە لە ناحەزانی سەربەخۆیی دەگاتە بەر گوێچكەمان و گوێبیستی دەبین. رەنگە بۆ هەر تاكێكی كوردی خێر لە خۆنەدیو، ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانەو رەتكردنەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بۆ نەتەوەیەكی ستەمدیدەی وەك كورد، ئاسایی بێت، چونكە لە مێژوو زۆردا كەسی وامان لە نێو هەبووە، كە ژێردەستەییان لا گرنگتر بووە، هەر بۆیەش تا ئێستا نەبووینەتە خاوەن دەوڵەت.
رەنگە من وەك ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوە باش تێ بگەم كە ئەم دوو پارتە بۆ وادەكەن و چییان دەوێت و مەبەستی سەرەكییان چییە، بەڵام مەبەست هەر شتێك بێت، پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پرسە نەتەوەییەكان و بەتایبەت بابەتی سەربەخۆ بوون ئامادەی هەموو سازشێك بووە بۆ ئەوەی كۆدەنگیی نیشتمانی بۆ ئەم بابەتە چارەنووسسازە هەبێت.
ئەم پرسە تایبەت نییە بە پارت و لایەن و كەسێكەوە، پارتی دیموكراتی كورستانیش هەمیشە ئاماژەی بەوە داوە كە بابەتی سەربەخۆیی و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان موڵكی هەموو كەسێكەو هی ئەو بە تەنیا نییە، بەڵام خۆشبەختانە، لە تەك پارت و لایەن و پێكهاتەكانی تری كوردستان مەشخەڵ بەدەستی ئەم بابەتە پیرۆزە پارتی دیموكراتی كوردستانەو پێكەوە بۆ بنیادنانی دەوڵەتی كوردستان هەوڵ دەدەن.
بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەم دوو لایەنە (گۆڕان و كۆمەڵ) ئەم پرسە پیرۆزە بە هی خۆیان نازانن و ملی نادەنە بەر، و دەیبەستنەوە بە هەندێك بابەتی لاوەكی و بەداخەوە وەك هەندێك لایەنی بێگانەی دژە سەربەخۆیی قسەی لێ دەكەن و وا هزر دەكەن هێشتا كاتی نییەو تورك و عەرەب و فارسمان لێ زویر دەبن و لە برسان دەمرین .. پرسیار ئەوەیە ئایا لە ژێر دەستی تورك و عەرەب و فارس، كوردو كوردستانیان لە نێو پەرەی (گوڵ)دان و بەس خزمەتی ئێمەیان كردووە؟ ئەی ئەو هەموو ئەنفال و شەهیدو كیمیاباران و خوێن رێشتنمان بۆچی بوو و كێ وای بەسەر هێناین؟ ئەی ئەوە لە (2014)وە (نوری مالیكی) سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتی عێراقی پڕ قەیران بە بڕیارێكی نادەستووری و نایاسایی قوتی خەڵكی كوردستانی نەبڕی و بە هۆی سیاسەتە هەڵەكانی، داعەشی خوێنمژی نەهێنا سەرمان؟ دوای زیاتر لە (96) ساڵ دەوڵەتی عێراق چی بۆ ئێمە كردووە؟ ئایا قەت وای كردووە هەست بە هاووڵاتی بوونی خۆمان بكەین؟ ئایا شەراكەتی راستەقینە دروست بوو؟ ئایا دەستوور و مادەی(140)ی نێو دەستوور جێبەجێ كرا ؟ ئایا عێراق هیچ گەرەنتییەكی بۆ هاووڵاتی عەرەبی خۆی هەیە تاكو بۆ كوردی دەرجە دوو هەیبێت؟
من تێناگەم بۆچی ئەم هاوخوێنانەمان بۆ ئەم بابەتە پیرۆزە هەمیشە دەیان ئەمما و ئەگەریان هەیە. لە كاتێكدا بۆ پرسێكی وا دەبێت هەموو هەوڵێكمان ئەوە بێت كە هەموو ئەمما و ئەگەرەكان بڕەوێنینەوەو بەرەو دەوڵەت بوون هەنگاو بنێین و تاكە شتێكیش كە دەمانگەینێـتە دەوڵەت بوون، ئیرادەی بەهێزو یەكڕێزی و تەبایی و یەكگرتووییە، ئەگینا هیچ كەس و لایەنێكی دیكەی بیانی نە كەمترین مافی ئێمە دەدات و نە دەوڵەتیشمان بۆ دروست دەكات، بۆیە كاتی قسەی بێ سوود و بێ ئەنجام نییە، نەتەوەو نیشتمان و رۆحی شەهیدان و كەسوكاری قوربانییانمان و پێشمەرگە قارەمانەكانمان كرداریان دەوێت نەك دروشم و گوتاری بێ بەرهەم. كێشە نێوخۆییەكان قابیلی چارەسەرن و هەمیشەو بە گفتوگۆ هەلی چارەسەریان بۆ دەڕخسێت، بەڵام هەل و درەفەتی بە دەوڵەت بوونمان هەمیشە بۆ ناڕەخسێت. بوون بە خاوەن دەوڵەت شوناسی نەتەوەیی و داهاتوو و چارەنووسی هاوبەشمانە، بۆیە پێویست ناكات بە ئەگەرو ئەمماو پرسە لاوەكییەكان ببەسترێتەوە.

* پەرلەمانتارو بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

Top