لە ناخی مامۆستا، قوتابی ئەو ئەمانەتە پیرۆزەیە کە ویژدان دەیپارێزی

لە ناخی مامۆستا، قوتابی ئەو ئەمانەتە پیرۆزەیە کە ویژدان دەیپارێزی
ھەروەکو باوک و باپیرانمان دەلێن" مامۆستا ویژدانە، قوتابی ئەمانەتە، ئەگەر ویژدان نەھاتبوو ئەوا ئەمانەت بزر دەبێ"
ئەو قسەیەی باوک و باپیرانمان لەسەر مامۆستا و قوتابی زۆر شت ھەڵدەگرێ کە مامۆستا بنچینەی ھەموو ویژدانێکە ، کە ویژدان ھەبوو ئەمانەت پارێزراوە کە قوتابییە .
بێگومان مامۆستا بە مانای مامۆستایەتی ھەموومان دەزانین گومان ھەڵناگرێ کە خوێندن پیشەیەکی پیرۆزە و لە ھەموو پیشەکانی تر جیاوازە ، چونکە خوێندن گەیاندنی پەیامە و پێویستە ئەو پەیامە بگەینرێت بە جوانترین شێوە، بێگومان خوێندنیش خاڵی ھاوبەشی نێوان مامۆستا و قوتابییە ، مامۆستا کە ھەڵگری ئەو پەیامە پیرۆزەیە پێویستە زۆر بە ھەستیاری و ئاگایی ڕەفتار لەگەڵ پەیامەکەی بکات کە قوتابی دەرئەنجامەکەیەتی ، بێگومان ھەڵگرانی پەیامیش دەبێت دادپەروەر بێت و ڕەچاوی یەکسانی نێوان قوتابیان بکات و جیاوازی لە نێوانیان نەکات بە تایبەتی لە پێدانی نمرەی دەرچوون پەرینەوە لە قۆناخێک بۆ قۆناخێکی تر، چونکە ھەموو قوتابیان ئەو ئەمانەتەن کە ویژدانەکە دەپارێزێت کە مامۆستایە نابێت ھەندێکیان فرامۆش بکات و ھەندێکی تریش بە پێچەوانەوە، ھەمووشمان دەزانین کە ئەمانەت پیرۆزەو پێویستە بپارێزرێ ، بۆیە مامۆستا بەرێزەکانمان ھەرچەند خزمەتیان ھەبێت لە پەروەردە و خوێندن، بەڵام خاوەن ویژدانی زیندوون خۆیان لێپرسینەوە لە خۆیان دەکەن، ئەگەر ھاتوو کەمتەرخەم بوو لە کارەکەی یانیش درێغی کرد چونکە ھەموو ڕەفتار و کارو کردەوەکانی مامۆستا لای قوتابی تۆماردەکرێت، چۆن ھەڵسوکەوت دەکات نمرەی زیادەی دا یانیش نمرەی کەمی دا ئەگەر ھاتوو خوا نەخواستە نمرەی زیاد لە پێویستی دا بە قوتابیەکی دیاری کراو کوڕ یان کچ کەسە بێگومان جگە لەوەی ویژدانی خۆی ھەراج کرد لە ھەمان کاتیش بە چاوی مامۆستایەتی لە نێو قوتابیەکان بە چاوی مامۆستا سەیر ناکرێ .
جگە لەوەی قوتابیانی تر بینیان بە بەرچاوی ئەوان مامۆستا نمرەی زیاد دەبەخشێتە فلان قوتابی تا گەورەش دەبن ڕەق و کینە لە نێوان ئەو قوتابییە و قوتابیانی تر درووست دەبێت کە ھۆکارەکەش مامۆستاکەیە خۆشەویستی و رێز و دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان قوتابیەکان وون کرد ئیتر نابینرێتەوە تا ئەو مامۆستایە لە قوتابخانە بێت، بێگومان قوتابیانی تریش نائومێدی لەلایەیان درووست دەبێت ، چونکە ھەرگیز ناکرێ بە خۆڕایی و بێ پاساو نمرەی زیادە بدرێتە قوتابیەک یان چەند قوتابیەکی دیاری کراو کە شایەنی پێدانی نمرە نەبێت ، بۆیە ھەرگیز نابێت مامۆستا نادادپەروەر بێت چونکە مامۆستا ویژدانە .
مامۆستا ئەو ویژدانەیە کە دەچێتە پۆڵ لەگەڵیەتی پەڕاوەکان دەپشکنێ لەگەڵیەتی کەس چاودێری ناکات جگە لە ویژدانی خۆی کە ھەردەم وەکو سێبەر وایە ، بەڵام لە ناخی مامۆستا قوتابیش ئەو ئەمانەتە پیرۆزەیە کە ویژدان دەیپارێزی گوناحە تاوانە ئەگەر بێتو لە خۆڕایی ئەمانەت وون بکەین و ویژدانی خۆمان لە ناو ببەین ئەوکات شتێک بوونی نامێنێ بە ناوی مامۆستا کە ھیوادارم ئەویان دووربێت لە بنەماکانی مامۆستا، کە ھەڵگری ئەو پەیامە پیرۆزەیە و پەروەردەکاری نەوەکانی ئایندەیە ، وە مامۆستایەتی پیشەیەکی بنچینەییە بۆ گەیاندن و پێشکەوتنی نەتەوەکان، پەرەسەندنیان و ئەو چڕا ڕۆشنەیە کە قوتابیەکان ھەردەم دەدروشێنەوە بە ئومێدەوە تێدەڕوانن کە پارێزەرەو پێگەیەنەری قوتابیەکانە بە یەکسانی و دادپەروەری لە ھەمان کاتیشدا لەلایەن سەرپەرشتیاران و پەروەردەکان و وەزارەتەوە زۆر بە ووردی چاودێری ھەنگاوەکان بکەن و بەداوداچوونی وورد ھەبێ لەسەر رۆڵی مامۆستا و پێگەیاندنی قوتابی و چەسپاندنی دادپەروەری پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی لە قوتابخانەکان بۆ ئەوەی ھەردەم ویژدانەکان بە زیندوویی بمێنێتەوە بۆ پاڕاستنی ئەمانەتەکان.
بەکر کەریم حەسەن
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top