پرۆسەی سیاسیی كوردستان و یەكڕیزیی نێوان حزبە سیاسییەكان

پرۆسەی سیاسیی كوردستان و یەكڕیزیی نێوان حزبە سیاسییەكان
لە گۆڕەپانی سیاسیی هەر وڵاتێكدا پارتە سیاسییەكانن كە رێڕەو و سیستەمی حوكمڕانی دیار دەكەن، ئەمەش دوای ئەوەی كە براوەی هەڵبژاردنەكان دەبن، چ بە تەنیا و چ لەگەڵ پارتەكانی دیكە، پێكڤە حكومەت و كابینەی حكومەت پێكدێنن. پارتی براوە بە گوێرەی بەرنامەی كاتی هەڵبژاردنی خۆی، قۆناغی حوكمڕانیی خۆی بەڕێ دەكات، ئەمە جگە لەوەی كە بە گوێرەی هەمان ئایدیا و بیروبۆچوونی خۆی لە نێو دەسەڵاتی یاسادانان كاردەكات بۆ ئەوەی بتوانێت لە رووی تەشریعی و چاودێری و نوێنەرایەتی، باشترین رۆل بگێڕێت لە كاری سیاسیدا بۆ ئەوەی لە قۆناغەكانی داهاتوودا بەردەوام بێت، لەم نێوەندەشدا ناكرێت رۆڵی ئەو پارتە سیاسییانەش نادیدە بگرین كە وەك ئۆپۆزیسیۆن دێنە نێو گۆڕەپانی سیاسی، بەو مەرجەی كە لە چوارچیوەیەكی تەندروستی ئۆپۆزیسیۆندا بن و بە شێوەیەكی ئوسوولی كاری چاودێری و رەخنەگرتن ئەنجام بدەن و بە فشار خستنە سەر لایەنە دەسەڵاتدارەكان، مەبەستیان باشتركردنی باری گوزەرانی خەڵك و باشتركردنی یاسا و هێنانەدی حوكمێكی رەشید بێت. ئەمە خۆی لە خۆیدا روویەكی باشی دیموكراسیمان پێ نیشان دەدات.
بە سەیركردنی گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان هەر لە كاتی راپەڕینی شكۆمەندی خەڵكی كوردستان و رزگاربوونیان لەدەستی رژێمێكی دیكتاتۆر و دروستبوونی حكومەت و پەرلەمان و هەرێمێكی نیمچە سەربەخۆ، ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە ئەو قۆناغە سیاسییەی باشووری كوردستانی پێدا تێپەڕیوە، بەرزی و نزمی و هەڵشكان و داكشانی زۆری بە خۆیەوە بینیوە، هەروەها قۆناغی دووئیدارەیی و پێكڤە بوون و ئۆپۆزیسیۆن بوون و حكومەتی بنكەفراوانیشی بە خۆوە بینیوە و هاووڵاتی تامی هەر چوار جۆرەكەی چەشتووە.
شتێكی شاراوە نییە كە قۆناغی دووئیدارەیی لە ئەنجامی ئەو شەڕە ناوخۆییە بوو كە هەموو لایەك لە ئەنجامدانەكەی پەشیمانن. قۆناغی پێكەوەییش، رزگاركەری باشووری كوردستان بوو لە كۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆیی و بڕیارێكی حەكیمانە بوو. بەڵام هەردوو قۆناغی ئۆپۆزیسیۆن بوون و حكومەتی بنكەفراوان پرسیارگەلی زۆری هەڵگرت. ئۆپۆزیسیۆن ئەزموونێكی ناتەندروستی جێ هێشت و نەیتوانی لە چوارچێوەیەكی راست و تەندروست ببێتە موعارەزەی حەقیقی، چونكە لە ئامانجە سەرەكییەكەی خۆیان كە فشار خستنە سەر حكومەت بوو، بە شێوەیەكی ئوسوولی، دەرچوون و بوونە جێبەجێكەری كینە و رق، كینەیان بەرامبەر بە پارتێكی دیاریكراو بەكارهێنا، بۆیەش لە ئۆپۆزیسیۆن بوون، سەركەوتوو نەبوون.
لە دواهەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و دوای ئەوەی پارتی براوەی هەڵبژاردنەكان لە پێناو پاراستنی دەستكەوتەكان و بوونی ئارامی و سەقامگیری لە دەرگای هەموو پارتێكی دا، چ ئەوانەی كە دەنگی زۆریان هەبوو، چ ئەوانەشی كە دەنگی كەمیان هێنابوو، بۆ ئەوەی بەشدار بن لە حكومەت و بەشدار بوون، بەڵام بە داخەوە بەشێك لەوانەی كە موعاریزە بوون، هەر بە بیری موعاریزە بوون و بگرە خراپتر و خراپتریش، هەموو هەوڵێكیان دا بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان تێك بدەن و هەرچی تەوافوق و پرەنسیپێك كە لەسەری رێككەوتبوون، پێشێلیان كرد و پەرلەمانی كوردستانیان كە بەرهەمی خوێنی شەهید و ئەنفالەكانە كردە مەكۆی حیزبی و ئەجێندای كینەیان جێبەجێ كردو حزبچییەتیان كردو لە كاتێكی هەستیاری سیاسی كە هاوكێشە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكە بە گۆڕانكاری خێرادا تێپەڕ دەبێت، بوونە هۆكاری پەكخستنی پەرلەمان و نانەوەی ئاژاوە.
بە داخەوە بزووتنەوەی گۆڕان وەك سەركێشی ئەم رەوتە فەوزەوییە بە دیدێكی تووڕە و قین لە دڵ و بە مەرامی تۆڵەسەندنەوە دەستی بە كاری سیاسی كرد، زۆربەی هەرە زۆری لایەنگر و ئەندامەكانیان جگە لە زمانی زبر و تووڕە بە هیچ زمانێكی تر سیاسەتیان نەدەكردووە و بۆچوونیان وابووە كە تەنیا ئەوان سپی و پاكن و ئەوانی تریش رەش و ناپاكن! لە كاتێكدا كەسە باڵادەستەكانی بزووتنەوەەی گۆڕان، بەشێك بوون لە خولقێنەر و دروستكەری هەر شتێكی باش و خراپی باشووری كوردستان. بەڵام بەردەوام پەنجەی تۆمەتیان زیاتر و زیاتر بۆ سەر پارتی دیموكراتی كوردستان درێژ كردووەتەوە، ئەمەش نەهجێكە گرتوویانەتەبەر و هیوادارین هێدی هێدی و دوای كۆچی دوایی رێكخەری گشتیی گۆڕان بەڕێز (نەوشیروان مستەفا) دەستبەرداری ببن، چونكە سیاسەتكردن بە رق و كینە و سڕینەوەی یەكتری ناكرێت. تاكو رێكخەری گشتی ئەم بزاڤە لە ژیان مابوو، ئەمە نەهج و رێچكەی ئەم بزووتنەوەیە بوو، دڵنیام لەوەی لە دەستدانی كەسی یەكەمی هەر پارتێك شوێنكارێك لەسەر پێكهاتەو و رێكخستن و ئەدای كاری سیاسیی پارتەكەی جێ دیڵێت و دەبێتە هۆی ئەوەی هەر هیچ نەبێت بۆ ماوەیەك لاسەنگییەك دروست بكات و سەرلێشێواوییەك لە نێو ئەندامانی پارتەكە دروست دەكات، ئەمەش بە تێپەربوونی كات لایەنە ئەرێنی و نەرێینانەكانی دەردەكەوێت. نیشانەكانی ئەم لاسەنگییە هەر لە چركە ساتی ناشتنی تەرمی بەڕێز كاك (نەوشیروان) دەركەوت، چونكە هەندێك لەو خیتابانەی لەسەر گۆڕەكەی بەڕێزیان لە مەراسیمی ناشتنی دران، دەرخەری ئەوە بوون كە مردنی كاك (نەوشیروان) لاسەنگی دروست دەكات و هەریەكە هەول بۆ ئەوە دەدات میراتەكەی گۆڕانی دوای (نەوشیروان مستەفا) بۆ خۆی ببات. هەرچەند ئەم جۆرە خیتابانە بە نەریتە كوردەوارییەكەی خۆشمان بێت، جوان نەبوو كە لە چركە ساتی ناشتنی مردوو بدرێن، بەڵام گوتران.
مانی گۆڕان وەك بزووتنەوەیەكی سەربەخۆ، یان تێكەڵبوونی لەگەڵ پارتێكی تر، ئەمە پرسێكی نێوخۆیی خودی بزووتنەوەیی گوڕانە، كە ئایا وەك پارتێكی سەربەخۆ لە كاری سیاسی بەردەوام دەبێت یان نا، یان یەك دەگرێتەوە لەگەل ئەو حیزبەی كە لێی جیابۆتەوە. یان پەرشوبڵاو دەبێت و ئەندامانی دابەشی سەر حیزبە ئیسلامییەكەی دۆستی دەبن و ئەو دەبێتە مەرجەعیان. هەرچەند ئەوان لە حزبی دایك جیابوونەوە بۆ ئەوەی تێكەڵیان نەبن، بە ئایدیاش بێت دوورن لە ئایدیای حزبە ئیسلامییە دۆستەكەیان. جا میرات و تەریكەی گۆڕان وەك خۆی بمێنێت، یان دابەش ببێت، بڕیارێكی نێوخۆیی خۆیانە، بەڵام باشتر دەبێت كە بەرنامەی كاری خۆیان بگۆڕن و لە قاڵبی رق و كینە بێنە دەرەوەو لە پێناو خزمەتكردنی كوردستان و بەرژەوەندییە گشتییەكانی گەلی كوردستان لە سیاسەتكردندا بەردەوام بن، چونكە ئەم قۆناغەی ئێستای كوردستان پێویستی بە هێوری و ئارامی هەیە بۆ ئەوەی كورد بگاتە ئامانجە لە مێژینەكەی خۆی كە خاوەن دەوڵەت بوونە.
* پەرلەمانتارو بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

Top