لە کورتی بڕیمانەوە

لە کورتی بڕیمانەوە
لە دانیشتنێکی قەرەباڵخ و فرە رەنگ و بۆچووندا هەڵسووڕاوێکی گۆڕانخواز وەک جۆرێک لە ئیهانە کردن رووی تێکردم و گوتی: ئەرێ کاکە وەک پارتی کەی سەربەخۆیی رادەگەیەنن؟ هەموو دژە پارتییەکانی ناو دانیشتنەکە بە زەردەخەنەوە سەیریان کردم, پارتییەکانیش وەک ئەوەی داوای وەڵامێکی توندم لێبکەن بەنیگەرانی و چاوی چاوەڕوانییەوە سێرەی چاویان خستە سەرم, بەڵام زۆر بە هیمنی و دوور لە چاوەڕوانی پارتییەکان پێمگوت: کاکی گۆڕانخواز لەبەر دوو خاڵ راگەیاندنی سەربەخۆییمان دوا خستووە.
خاڵی یەکەمیان: کەی ئێوەی گۆڕانخواز و هاوپەیمانەکانتان لە سەنگەری دوژمنان و دژانی سەربەخۆیی کوردستان هاتنە دەرێ, ئەوکات سەربەخۆیی رادەگەیەنین, بە تەنگاوی و جۆرێک لە هەڵچوونەوە گوتی: ئێمە لە سەنگەری دوژمناندا نین.
پێمگوت: ئەگەر راستە و لە سەنگەری دوژمناندا نین! دەبوایە بڵێی: کەی سەربەخۆیی رادەگەیەنین, چونکە سەربەخۆیی کوردستان بۆ کەسێک و حزبێک نییە, سەربەخۆیی بۆ هەموو کوردە و دەبێ هەموو حزب و لایەنە کوردیەکانیش هەڵگری خواستی سەربەخۆیی بن و ئامادەش بن قوربانی بۆ بدەن.
بۆ خاڵی دووەمیش پێمگوت: کاکی زۆر هەڵسووڕاوی گۆڕانخواز.. کاک نەوشیروان مستەفا لە هەندەرانە و لە بەرگری کردن لە کوردستان و شەڕی داعش و هەڕەشەکانی حەشدی شەبی تەریکە, دەمانەوێ بگەڕێتەوە و لە ئاهەنگی راگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان تەریک نەبێ و شەریک بێ.
دوای ئەو وەڵامە زەردەخەنە و نیگەرانیەکان پێچەوانە بوونەوە, هەرچی پارتیەکان بوون دایانە قاقای پێکەنین, دژە پارتیەکانیش بە پەشۆکاوی و نیگەرانییەوە چاویان لەسەر من و هەڵسووڕاوە گۆڕانخوازەکە دەگێڕان.
Top