بە تیرێک سێ نیشانەت پێکا و دات لە زەنگی باڵێکی تر

بە تیرێک سێ نیشانەت پێکا و دات لە زەنگی باڵێکی تر
دوا وتاری گەلاوێژخان هەموو گومانەکانی کردە ڕاستی، ئیدی شەڕی ئەو باڵەی یەکێتی کە بە (باڵی زۆرینەی مەکتەبی سیاسی) ناسراوە ئەو قۆناغەی تێپەڕاند کە کامیان پارەی زیاتر دەداتە ئەندام و لایەنگرانیان، ئەو نوکتەو باس و خواستانەی تێپەڕاند کە زۆرترین کاتی مێزی خواردنەوە و دانیشتنی ئۆفیسەکانی ئەو بەرپرسانەی دەبرد کە هەر یەکەیان خەریکی کۆکردنەوەی زۆترین دەستکەوتبوون بەو ئەمبەر و ئەوبەرەی کە لەسەر حسابی یەکێتی دەیانکرد. ئیدی شەڕ هاتە سەر ڕووپەڕی ڕۆژنامە و میدیا و زەنگێکیش بوو بۆ ئەو کەسەی کە خاتوو گەلاوێژ مەبەستی بوو کە کاریزمای مام جەلال لە فەیسبوک و ڕۆژنامەوە بە قەدی کەسدا نابڕێت و سنورێک بۆ خەون و ئامانجەت دابنێ.

وتارەکەی گەلاوێژخان مەبەستی هیچکام لە جێگرانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیە، چونکە لەلای گەلاوێژخانم و خانەوادەی گەلاوێژخانمەوە جێگرانی سکرتێری گشتی تەنها ئەو گەمەیە بووە کە سکرتێر لە ڕابردوودا کردویەتی و خاوەنی هیچ دەستەڵاتێک نەبوون جگە لە خزمەتکردن بە پێگەی سکرتێر و قوڵبوونەوەی کێشە نێوخۆییەکانی ئەو حیزبە، کۆک بوونی سەرجەم باڵەکان لەسەر مانەوەی سکرتێری گشتی بە سکرتێر تا ئەو سەردەمەی یەکێک لە کوڕەکانی تاڵەبانی بگاتە ئاستی ئەوەی جێگە و پێگەی تاڵەبانی پڕ بکاتەوە. هەڵبەت سیاسەتی مام جەلال وەک ئەوەی کوڕێک یاخود کەسێک لە بنەماڵەکەی وەک جێگرەوەی خۆی دەستنیشان بکات لە هیچکات و ساتێکدا سیاسەتی ئەو نەبووە و نیە ئەوەندەی سیاسەتی ماڵباتی برایم ئەحمەدە، چونکە لە ڕابردوودا و بەداوای خودی تاڵەبانی، چەندجارێک داوای دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش بە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کردووە. بۆیە تاڵەبانی هیچکات نەیویستووە جێگرەوەی خۆی لە داهاتوی یەکێتیدا کوڕ و برازا و ژن و ژنخوشکی بێت. ئەوەی کاری بۆ سیاسەتی شازادەی جێنشین کردووە ئەو هێز و خانەوادەیە بوون کە لە پشتی تاڵەبانییەوە نەخشەی ڕابردویان بۆ مامە جەلال داڕشتووە و ئێستاش شوێنگرەوەیان بۆ دیاریکردووە.

وتارەکەی خاتوو گەلاوێژ، زیاتر لە پێنوس دەچوو وەک لە دەستنوس و بیری خاتوون. بەوە دەچوو لەسەر داوا و خواست و تکای کەسێک نوسرابێت کە خۆی هیچکات بوێری ئەوەی نەبێت بە ناراستەوخۆش باسی ئەو کەسە بکات کە خەونی شوێنگرەوەی تاڵەبانی دەبینێت. هەڵبژاردنی خاتونێکی وەک گەلاوێژخان بۆ لێدانی زەنگێک و ئاگادارکردنەوەی ئەو کەسەی کە وەک لە وتارەکەیدا دەڵێت،"ئێستا ناو بەناو دەنگۆیەك لەملاو لەولا دەبیسترێ‌ و لەهەندێ‌ سایت و فەیس بووك و بڵاوكراوەدا دەخوێنرێتەوە كە گوایا كەسانێ‌ هەن خۆیان هەڵپاچیوە بۆ جێگرەوەی‌ مام جەلال، لەكاتێكدا دەبێ‌ هەموان ئەو حەقیقەتە بزانن كە ((جێگرەوەی‌ مام جەلال هێشتا نەهاتۆتە دنیاوە))." لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بەڕێزیان هاوژینی برایم ئەحمەد و خەسوی تاڵەبانی و دایکی هێرۆ برایمە، ئەوەندەش بەسە هیچ کەس و هیچ هێزێک نەتوانێت وەڵامی بداتەوە لە ڕووی پێگە بەهێزە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکەی کە خۆیان بە دامەزرێنەری یەکێتی دەزانن و، زۆرجاران خاوەندارێتیشی دەکەن و، باوەڕیشیان وایە مام جەلال گوێگری ئەوان بووە نەک بەرپرس و برا گەورە.

داوای داواکار لە نوسەری ئەم وتارە لە کاتێکدایە کە پێگەی خانەوادەی برایم ئەحمەد لە نێو یەکێتی (باڵی زۆرینەی مەکتەبی سیاسی) بەرەو لاواز بوون دەچێت لە بەرانبەر خانەوادەی تاڵەبانی. خانەوادەی تاڵەبانی لە ئێستادا خەریکە دەست بەسەر تەواوی جومگەکانی یەکێتی دەگرێت هەر لە داهات و هێز و ژێرخان و سەرخانەوە، ئەمەش بۆ بنەماڵەی برایم ئەحمەد مایەی نیگەرانیە کە باوەڕیان وایە لە ڕابردودا جگە لە خودی تاڵەبانی هیچکام لە کەسوکار و براو برازای تاڵەبانی بەشداری هیچ شۆڕش و بەرخودان و جوڵانەوەیەکی شۆڕشگێرانە نەبوون تا پاش پرۆسەی ئازادی ئێراقیش، بەڵام لە داهات و دەستکەوتدا بونەتە خاوەنی هەموو شت. ئەمە جگە لەوەی بونەتە خاوەنی زۆر شت وا دەیانەوێت جێگەی تاڵەبانیش بە یەکێک لە خانەوادەی خۆیان پڕ بکەنەوە. ئەویش لەڕێگەی میدیا نێوخۆی و جیهانییەکان و سۆشیاڵ میدیا بڕین کەسایەتی تاڵەبانی بەسەر کەسێکی دیکەی بنەماڵەی تاڵەبانیدا.

نیگەرانی خاتوو گەلاوێژ دوابەدوای ئەو چاوپێکەوتن و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەی ڕۆژنامەنوسی بیانی تانیا گۆدسۆزیانەوە دێت کە لە نیوزویکی ئەمریکی لاهور جەنگی تاڵەبانی (برازای مام جەلال) وەک جێگرەوەی تاڵەبانی ناساندبوو کە کاریزمای مام جەلالی تێدایە، تەواوی ئەو چاوپێکەوتنەش لە سایتی لڤینی زمانحاڵی لاهور جەنگییەوە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕابوو. هەربۆیە ئیدی پەتی ئارامی خانەوادەی برایم ئەحمەد دەپچڕێت و بەپێنوسی گەلاوێژخانم و لەسەر داوای کچانی خانەوادەی برایم ئەحمەد بەو وتارە لاهور جەنگی و تەواوی بنەماڵەی تاڵەبانی ئاگادار دەکەنەوە خەون بینین بەو پێگەوە خراپەو و کارەساتی قورس بەدوای خۆیدا دێنێت.
Top