ئەوەی پشتگیری پێشمەرگە نەكات خائینە

ئەوەی پشتگیری پێشمەرگە نەكات خائینە
ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، بۆمان ئاشكرا دەبێت كە بە درێژایی مێژوو پێویستە هەموو كۆمەڵگەیەك شانازی بەو خزمەتەوە بكات كە نەوەكانی پێشكەش بە كۆمەڵگەكە، یا بە مرۆڤایەتی كردوویەتی، یەكێ لە وانەی كە گەلی كورد شانازی پێوە دەكات، ئەو قارەمانەتییە بێ وێنەیەیە كە رۆڵەكانی بەوپەڕی مەردایەتی و لەخۆبوردەییەوە دژی جۆرەكانی ستەم و چەوساندنەوە پێشكەشیان دەكات بۆ گەیشتن بە مافە رەواكانی، بەڵێ ئەو قارەمانانە پێیان دەوترێت (پێشمەرگە) كە ئامادەن قوربانی بە خوێنە پاكەكەی خۆیان بدەن و گیانی خۆیان بسپێرن لەپێناوی گەل و نیشتمانەكەیان. پێشمەرگە ئەو ناوە گەورەو بەهێزەیە كە تەنیا بە ناوهێنانی قەڵای زۆرداران دەهەژێت و بەهێزترین هێزی دوژمن لە بەردەمیدا چۆك دادەنێت و نیازە گڵاوەكانیان پووچەڵ دەبێتەوە. پێشمەرگە ئەو قارەمانانەن كە ماندووبوون و بێ تاقەتی نازانن و بۆ ئەوە دەژین كە بەرگری لەكوردستان بكەن و قوربانی دەدەن بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو بەوپەڕی ئازادی و سەربەستی بژیت. پێشمەرگە خۆی دەكات بە قوربانی بۆ ئەوەی ژیانێكی ئارام بۆ هاونیشتمانیانی مسۆگەر بكات، هەر بۆیە بۆنی بارووت و تەقەمەنییەكان لای ئەوان لە هەموو بۆنێك خۆشترە، پێشمەرگە كەسایەتییەكی ئەوەندە بەهێزە، ترس و هەڵاتن لە فەرهەنگی ئەودا نییە، بە خوێنی ئاڵی خۆی ئاڵای سەركەوتن بەرزدەكاتەوە و بە دروشمی (كوردستان یان نەمان) نەخشەی سەركەوتن دەنەخشێنێ، هەر بۆیە شەو دەخاتەسەر رۆژ بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە ئاسوودەیی و بە بێ خەمی بژین، بەڵێ ئەوان خەمی گەورەیان تەنیا و تەنیا هێنانەكایەی سەربەخۆیی كوردستان و پاراستنیەتی، هەر بۆیە كە كوردستانیان تووشی دڵەڕاوكێ و ناڕەحەتی و بێ ئومێدی دەبن، چاویان لە سەر پێشمەرگەیە بۆ ئەوەی ئومێد و ژیانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
پێشمەرگایەتی گەورەترین دەزگای پەروەردەیە كە تاكەكان فێری خۆشویستنی خاك و نیشتمان دەكات و بە دروشمی قوربانیدان تا سەركەوتن مروڤ پەروەردە دەكات. زۆر قارەمانی نەبەرد و لێهاتوو و مێرخاسی پەروەردەكردن كە بوونە رەمزی مقاوەمەت و خەبات و خۆڕاگری، كەسانی وای پێگەیاند كە بوون بە ئەستێرەی درەوشاوە لە مێژووی كوردایەتی و هەرگیزاوهەرگیز لەیاد ناكرێن و هەر بەزیندوویی لەناومان دەمێنن. بۆیە ئەمڕۆ هەموومان قەرزداری پێشمەرگەین و هەرچی بكەین ناگاتە یەك قەترە ئارەقەی ئەو پێشمەرگەیەی كە لە گەرمای هاوین و لەناو ئاگرو ئاسندا لەپێناوی بەرگریكردن لە شەرەف و كەرامەتی ئەم میللەتە دەیڕێژێت.
هەموو لایەكمان ئاگادارین كەوا زیاتر لە دوو ساڵە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕێكی تونددان لەگەڵ دڕەندەترین رێكخراوی تیرۆریستی، كە ئەگەر رەحمی خوای گەورەو قارمانیەتی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەبا، هەر خودا دەیزانی چیمان بە سەر دەهات و هەرێمەكەمان بە چ شێوەیەك زیندەبەچاڵ دەكرا. هەر بۆیە خەڵكی كوردستان سەنگ و گەورەیی پێشمەرگە دەزانن و رێز و حورمەت و خۆشەویستییەكی بێ ئەژماریان بۆ هێزی پێشمەرگە هەیە. لە بەرامبەردا ئەوانەی لە گەورەیی پێشمەرگە كەم دەكەنەوە، یان بە چاوی كەم سەیری پێشمەرگە دەكەن و بێ هەڵوێستن لە هەمبەر خەبات و تێكۆشان و قوربانیدانی برا پێشمەرگەكان، ئەوا لەبەر چاوی خەڵكی كوردستان بێ سەنگن و سەنگیان نەماوەو مێژووش رەحمیان پێ ناكات.
هەر لە سەرەتای پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر خاك و ماڵ و حاڵی خەڵكی هەرێمی كوردستان، یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە پشتیوانی سەرجەم زانایانی ئایینی كوردستان و لە تێكڕای مینبەری مزگەوتەكان رایگەیاند: كە پێشمەرگەی كوردستان ئەركێكی ئایینی و نیشتمانپەروەری ئەنجام دەدات و شەڕی پێشمەرگەی كوردستان دژی تیرۆریستانی داعش شەڕێكی شەرعی و پیرۆزەو دیفاعكردنە لە ماڵ و سامان و نامووس و ئایینی ئەم میللەتە، چونكە تیرۆریستان وێڕای ئەوەی كە گەورەترین زیانیان بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام گەیاندو سیمای ئەم ئایینەیان ناشیرین كردو بەها ئایینییەكانیان پێشێل كردو هەموو پیرۆزییەكانیان خستەژێر پێ، دەستیان لە وێرانكردن و خاپووركردنی مزگەوت و كلێسا و پەرستگاكانی ئایینە جیاوازەكانی كوردستان نەپاراست، سەرەڕای دەستدرێژیكردنە سەر خەڵكی سڤیل و بێڕێزیكردن بە مرۆڤ و ئیهانەكردنی، كە هەموو ئەو كارانەشیان دەقاودەق پێچەوانەی پەیامی ئاشتیخوازانەی ئیسلامە، بۆیە زۆر گرنگە كە كارو خزمەت و خەبات و تێكۆشانی پێشمەرگەی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەتیش لە قۆناغی ئێستادا دوور بێت لە موزایەدە و ململانێی سیاسی و پێویستە تێكەڵی ململانێ سیاسییەكان نەكرێت.
هەر بۆیە برا پێشمەرگەكانمان وێڕای ئەوەی كە بەرپەرچی هێرشی ئەم تیرۆریستانەیان دایەوە، سنگی خۆیان كردە قەڵغان و رێگرییان لەم نامرۆڤانە كرد بۆ ئەوەی كوردستان گڵاو نەكەن، لە هەمان كاتیشدا بەرگرییان لە شەرەف و نامووس و كەرامەتی ئەم خەڵكە كردو بە هەڵسوكەوتە جوانەكانیان لەگەڵ دیلەكان و خەلكی سڤیل و ئاوارە، جارێكی دیكە مرۆڤدۆستیی خۆیان بۆ هەموو جیهان سەلماند.
بۆیە هیچ گومان لەوەدا نییە كە پێویستە هەموومان پشتیوانیی خۆمان بۆ برا پێشمەرگەكان دەرببڕین. ئەركی هەموو تاكێكی كوردە كە لە هەر ئاست و پێگەیەك بێت، بە بێ دوودڵی پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم قارەمانانە نیشان بدات و دوعای سەركەوتن و سەرفرازییان بۆ بكات و شانازی بە پێشمەرگە و خەباتەكەیان بكات و بە چاوی رێزەوە سەیری قوربانیدان و تێكۆشانیان بكات، بەپێچەوانە هەر كەسێك لە رۆڵ و گەورەیی پێشمەرگە كەم بكاتەوە، یا بە كەم تەماشای ئەركی پیرۆزیان بكات، یا بە بێڕێزی سەیریان بكات و تۆمەت و تانەوتەشەریان بۆ دروست بكات، ئەوا بێگومان خیانەتێكی ئاشكرایە لەگەڵ خوا و پەیامی ئیسلام و هەستی كوردایەتی دەكات، چونكە پەیامی ئیسلام هەمیشە پشتگیری لەئاشتی و ئاشتیخوازان دەكات، پێشمەرگەش قوربانی دەدات بۆ ئەوەی ئاشتی بچەسپێت و بەرقەرار بێت، كەواتە پێشمەرگە وێڕای ئەوەی رەمزی خۆڕاگری و بەرگریكردن لەستەملێكراوان و مافخوراوانە، لەهەمان كاتیشدا رەمزی چەسپاندنی ئاشتی و پاراستی بەها مرۆڤایەتییەكانە.


* سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی كوردستان
Top