دڵتان به‌ به‌غدا و پۆسته‌ کارتۆنیه‌کانتان خۆش نه‌بێت

دڵتان به‌ به‌غدا و پۆسته‌ کارتۆنیه‌کانتان خۆش نه‌بێت
هه‌موو مانه‌وه‌ی کورد له‌گه‌ڵ به‌غدا و به‌شداری حکومه‌ته‌که‌ی له‌ پێکهێنانی لیژنه‌یه‌کی هاوبه‌شی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ماوه‌ته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی پرسی سەربەخۆیی و گفتوگۆکردن له‌سه‌ر هه‌ندێک بابه‌تی تری گرینگ، به‌ پێکهێنانی ئه‌م لیژنه‌ هاوبه‌شه‌ ده‌ستوری عێراق ئەوەی کە پەیوەندی بە کوردستانەوە هه‌بێت کاریگەری و مەفعولی جارانی نامێنێ، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ که‌ کورد و عه‌ره‌ب نه‌یانتوانی پێکه‌وه‌ له‌ عێراق بژین و ڕۆژ به‌ ڕۆژیش درزی جیابوونه‌وه‌ی نێوانیان زیاتر ده‌بێت و به‌غداش ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانێت و نکۆڵی لێ ناکات.

پێکهێنانی ئه‌و لیژنه‌ له‌ سه‌ر داوای به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی بووه‌ له‌ دوایین سه‌ردانی بۆ به‌غدا که‌ به‌ڕاشکاوانه‌ پرسی جیابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی و هه‌نگاوه‌کانی دوای سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی به‌ حکومه‌تی به‌غدا ڕاگه‌یاندبوو و ڕه‌زامه‌ندیی گشتی وه‌رگرتووه‌ و کار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م لیژنه‌ هاوبه‌شه‌ پێکبهێنرێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌و سه‌ردانه‌دا ده‌ستکه‌وتێکی تری گرینگی ئابوری و مافێکی خه‌ڵکی کوردستانی گه‌ڕانده‌وه‌ ئه‌ویش ڕێگری کردن له‌ به‌ ته‌نکه‌ر فرۆشتنی نه‌وتی که‌رکوک به‌ ئێران و‌ پاش پێنج مانگ ڕاگرتنی نه‌وتی که‌رکوک دوباره هه‌نارده‌ کردنه‌وه‌ی له‌ ڕێگای بۆڕییه‌ نه‌وتیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بوو.

که‌واته‌ با هه‌ندێک لایه‌نی کوردی وانه‌زانن پارتی له‌ خه‌می پۆسته‌کانی به‌غدایه‌ وه‌ک پێشتر بڵاویان ده‌کرده‌وه‌ که‌وا "نێچیرڤان بارزانی بۆ پشتگیری و مانه‌وه‌ی هوشیار زێباری سه‌ردانی به‌غدای کردووه‌" چونکه‌ پارتی دەمێكە دەستی لە بەغدا شۆردووە و هه‌وڵه‌کانی بۆ جیابوونه‌وه‌ چڕتر کردوونه‌ته‌وه‌ و هیچ به‌هایه‌ک بۆ پۆست و وەزیری حکومه‌تی بەغدا دانانێت،وه‌ ئه‌گه‌ر بیویستایه‌ زۆرێک له‌ پۆسته‌ گرینگه‌کانی بەغدای بەدەست دەهێنا و پۆستی جێگری په‌ڕله‌مانی عێراقی نه‌ده‌به‌خشیه‌ گۆڕان، چونکه‌ له‌ شوێنێک شەراكەت و پێکه‌وه‌یی مانای نەمابێت پۆست و وەزیر چ بەها و شانازییەكی هەیە؟

ڕووداوه‌که‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له‌ په‌ڕله‌مانی به‌غدا،تۆڵه‌یه‌کی سیاسی مالکی و جاشه‌ کورده‌کانی مالکی و ده‌رکه‌وتنی ڕووی ڕاسته‌قینه‌یان بوو له‌ دژی پارتی، که‌واته‌ مادام ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بوونه‌ پاشکۆی شوفێنی و دوژمنه‌کانی کوردستان با به‌غدا پیرۆزی ئه‌وان بێت و بفه‌رموون داوای مافه‌کانی کورد و دۆزی ڕه‌وای کورد له‌ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکه‌ن.

ده‌کرێ بڵێین: سوپاس بۆ ئەوانەی لە پارلەمانی عێراق دەنگیان بە كشانەوەی متمانە له‌ دژی هوشیار زێباری دا چونکه‌ که‌سایه‌تییه‌کی جیهانی و سیاسیه‌کی به‌توانایه‌ و له‌ كوردستان سودی زیاتری لێ وه‌رده‌گیرێت و پێویستمان پێی هەیە.
دڵنیاشبن ڕۆژی خۆی دێت کە پارتی داوا لە وەزیر و پەڕلەمانتار و بەرپرسەکانی دەکات کە ئـیتر بەسە و بگەڕێنەوە بۆ کوردستان.

سەنگەر مستەفا
Top