ئافه‌رین مه‌لا به‌ختیار دڵنیام قسه‌ی خۆت ده‌به‌یه‌‌سه‌ر

ئافه‌رین مه‌لا به‌ختیار دڵنیام قسه‌ی خۆت ده‌به‌یه‌‌سه‌ر
دوو ساڵ به‌ر له‌ ئێستا و ئه‌و كاته‌ی یه‌كێتی و گۆڕان شیر و تیریان لێك ده‌سوون و گۆڕان ده‌یگوت: له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی براوه‌ی یه‌كه‌مین و هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر كاندیدی ئێمه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگار، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كریش ده‌یگوت: به‌شێكی گه‌نده‌ڵكاره‌كان ده‌رده‌كه‌م و ئه‌وانیتریش ده‌ده‌مه‌ دادگا، یه‌كیتیش ده‌یگوت: هێزمان هه‌یه‌ و پۆستی پارێزگار هی خۆمانه‌ و نایده‌ین به‌ گۆڕان، له‌گه‌ڵ گه‌رم بوونی ئه‌و شه‌ڕه‌جنێوه‌ی نێوانیان مه‌لا به‌ختیار هاته‌ سه‌رخه‌ت و گوتی: له‌به‌ر هه‌یبه‌تی سلێمانی ناهێڵین هه‌ڵه‌وه‌ڕێكی كۆنه‌ به‌عسی ببێته‌ پارێزگار، دوو ساڵ تێپه‌ڕی و به‌ پێی رێكه‌وته‌نه‌كه‌ی نیوانیان ده‌بوایه‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پۆستی پارێزگاری سلێمانی وه‌ربگرێ. به‌ڵام مه‌لا به‌ختیار قسه‌ی خۆی برده‌سه‌ر و هه‌یبه‌تی سلێمانی پاراست و نه‌یهێشت هه‌ڵه‌وه‌ڕه‌ كۆنه‌ به‌عسیه‌كه‌ ببێته‌ پارێزگار، ئه‌وه‌ی سه‌یر و جێگای سه‌رنجه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و سنوور دانانه‌ی یه‌كێتی و سه‌پاندنی بڕیاری سیاسی خۆی به‌سه‌ر گۆڕان و هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كردا، نه‌وشیروان مسته‌فا له‌كاتی واژۆ كردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی له‌ (17ــ 5) گوتی: له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆتایی به‌ بڕیاری تاكڕه‌وی سیاسی دێنین، منیش ئه‌وكات ده‌مزانی مه‌لا به‌ختیار قسه‌ی خۆی ده‌باته‌سه‌ر و خۆی گوته‌نی ناهێڵێ هه‌ڵه‌وه‌ڕێكی كۆنه‌ به‌عسی هه‌یبه‌تی سلێمانی بشكێنێ و هه‌ر ئه‌وكات ئه‌م بابه‌ته‌م بڵاو كرده‌وه‌ و گوتم: هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر نابێته‌ پارێزگار، وا له‌ خواره‌وه‌ش ده‌قی بابه‌ته‌كه‌ وه‌ك بیرخه‌ره‌وه‌یه‌ك به‌بێ زیاد و كه‌م ده‌خه‌مه‌وه‌ پێش چاوی خوێنه‌ر.

هەڤاڵ ئەبوبەکر نابێتە پارێزگار
سوورە مەرگەیی
دوای حەوت مانگ لە چاوەڕوانی و مشتومڕی سیاسی و گەوجاندن و خافڵاندن و خڵەتاندنی خەڵک، گۆڕان و یەکێتی گەڕانەوە سەر سیستەمە کۆن و سواوەکەی دوو ساڵ بۆ تۆ و دووەکەی تر بۆ من.
دوای موزایەدە و منەتێکی زۆر بەسەر خەڵکی سلێمانی و بە دێوەزمەکردنی یەکتری، یەکێتی و گۆڕان رێککەوتن کێکی دەسەڵات و بەرژەوەندیە سیاسیەکانیان بکەن بە دوو کەرتی وەک یەکەوە.
دوای ناوزڕاندن و هەڵدانەوەى کۆنە فایل و جنێوباران کردن و تەنانەت پەلاماردانی کەسایەتی یەکتریش، بە ئاماژەیەکی حزبی دۆسیەی دادگا داخرا و مەلەفی گەندەڵی پێچرایەوە، هەڤاڵ و ئاسۆ وەک دوو هەڤاڵ رووەو یەک ئاسۆ وەرگەڕان.
یەکێتی دەیگوت: لەبەر هەیبەتی سلێمانی ناهێڵین کۆنە بەعسییەک ببێتە پارێزگار، گۆڕانیش دەیگوت: وەرزی گەندەڵی بەسەر چووە و پاکتاوی گەندەڵکاران دەکەین، بەڵام لەسەر ئەوە رێککەوتن دوو ساڵی یەکەم یەکێتی پارێزگار و دوو ساڵی دووەم گۆڕان پارێزگار بێ، بەو رێککەوتنەش نە هەیبەتی سلێمانی پارێزرا و نە پاکتاوی گەندەڵکارانیش کرا، ئێستا پرسیاری گرنگ بۆ یەکێتی ئەوەیە: بۆچی یەکێتی لە دوو ساڵی یەکەمدا ئەوەندە پێداگری لەسەر پاراستنی هەیبەتی سلێمانی دەکرد و لە دوو ساڵی دووەمدا ئامادەیە هەیبەت و شکۆی سلێمانی بە شکاندن بدات؟ ئەو پرسیارەش لە گۆڕان دەکرێ: بۆچی تەمەنی وەرزی گەندەڵیان بۆ دوو ساڵی تر درێژ کردەوە و هەڵمەتی پاکتاوی گەندەڵکارانیشیان بۆ دوو ساڵی تر دواخست؟ وەڵامی ئەو دوو پرسیارە بۆ خەڵکی کوردستان جێدێڵم و دەگەڕێمەوە سەر پێداگری یەکێتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار لە دوو ساڵی یەکەمدا.
داوای نەگۆڕ و پێداگری یەکێتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار لە دوو ساڵی یەکەمدا و بەستنەوەی بە پاراستنی هەیبەتی سلێمانی پرسیاری ئەوە درووست دەکات: ئایا لە دوو ساڵی دوومدا پۆستی پارێزگار رادەستی هەڤاڵ ئەبوبەکر دەکرێ؟ ئەگەر ئەو پێداگریەی یەکێتی بە راستی بۆ پاراستنی هەیبەتی سلێمانی بێ! ئەوا نابێ لە دوو ساڵی دووەمیشدا پۆستی پارێزگار رادەست بکا و هەیبەتی سلێمانی بە شکاندن بدات.
خۆ ئەگەر یەکێتی گوتەنی هەیبەتی سلێمانی بەوە بشکێ کە کۆنە بەعسییەک ببێتە پارێزگاری، ئەی بۆچی هەیبەتی بەوە ناشکێ کە هەمان کۆنە بەعسی ببێتە سەرۆکی ئەنجوومەنەکەی؟َ! ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێ کە پۆستی پارێزگار تا هەڵبژاردنێکی تر لای یەکێتی نیشتیمانی دەمێنێتەوە، چونکە ئەوەی کەمێک لە سیاسەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان شارەزابێ، ئەوەی لە گەمە و لۆفە و دەورانی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی بە ئاگابێ، لەوە دەگات کە ئەوەى یەکێتی بۆ وەرگرتنەوەى پۆستی پارێزگار کردی پاراستنی هەیبەتی سلێمانی کردبووە بیانوو، ئەگەرنا دەرکەوت ئەوەندەی لە خەمی پاراستنی هەیبەتی دەسەڵات و بەرژەوەندی حزبی خۆی بوو، ئەوەندە مەبەستی پاراستنی هەیبەتی سلێمانی نەبوو، بۆیە دەبێ سلێمانی و سلێمانییەکان، گۆڕان و گۆڕانخوازەکان، هەڤاڵ و هەڤاڵەکانی ئەو راستییە باش بزانن کە هەڤاڵ نەک دوای دوو ساڵی تر، بەڵکو دوای چوار دوو ساڵی تریش نابێتە پارێزگار، چونکە شینی یەکێتی بۆ وەرگرتنەوەى پۆستی پارێزگار تەنها بۆ دوو ساڵی یەکەم نییە و دوای تەواو بوونی نۆرەی خۆی، سیاسەتی کات کوژی دەگرێتە بەر و کێشە و بیانووی تر درووست دەکات، ئەگەر وا نییە جیاوازی لە نێوان دوو ساڵی یەکەم و دوو ساڵی دووەم چییە؟ بۆچی لە دوو ساڵی یەکەمدا هەیبەتی سلێمانی دەشکێ و لە دوو ساڵی دووەمدا ناشکێ؟ ئەگەر مەبەستیش پاراستنی شکۆ و هەیبەتی سلێمانی بێ، وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد بۆ هەیبەت شکاندنی سلێمانی جیاوازی لە نێوان پۆستی پارێزگار و پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا چییە؟
Top