چێشتی مجێوره‌!

چێشتی مجێوره‌!
له‌ كوردستان (په‌كه‌كه‌)ی چه‌پ و كۆمه‌ڵی تیرۆریست و یه‌كێتی سۆشیال دیموكرات و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانخواز و كلك و پێوه‌نده‌كانیان له‌ناو رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و میدیای بوێر و سه‌ربه‌خۆ و ئه‌هلیش، به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ كه‌شوهه‌وای دیموكراتی و به‌ری ره‌نجی خوێن و خه‌باتی شۆڕشگێڕ و كوردپه‌روه‌ران، له‌ ژێر چه‌تری فارس و عه‌ره‌بی داگیركار و دوژمن به‌ كورد خۆیان كۆ كردۆته‌وه‌ و شیر و تیر له‌ به‌ره‌ی سه‌به‌خۆخوازانی كورد ده‌سوون، هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی ناوم بردن به‌ هه‌موو جیاوازیه‌ سیاسی و فكری و ئایدیایی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیانه‌وه‌، له‌ خاڵی دژایه‌تی كردنی ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و ئاڵا هه‌ڵگرانی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان یه‌كده‌گرنه‌وه‌، له‌ولاشه‌وه‌ ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و ئاڵا هه‌ڵگرانی سه‌ره‌خۆیی به‌ پشت به‌ستن به‌ ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی خێراتر ده‌كات.
باڵانسی په‌كه‌كه‌ له‌ درووشمی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی كوردییه‌وه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ به‌ كانتۆنكردنی ئه‌م قه‌زا و ئه‌و ناحیه‌ و ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ شه‌رم و به‌سه‌رچوو ده‌زانێ، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ درووشمی مافی چاره‌نووسه‌وه‌ دابه‌زیوه‌ بۆ هاوپه‌یمانێتی حه‌شدی شه‌عبی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باوه‌شی به‌غدای كیمیا و ئه‌نفال و مووچه‌ و قووتبڕ، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ خولیای گۆڕانخوازیه‌وه‌ خۆی گۆڕیوه‌ بۆ ناردنی وه‌فدی هاوبه‌ش بۆ به‌غدا و دڵنیا كردنه‌وه‌ی مالیكی و عه‌بادی له‌وه‌ی دژی راپرسی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌، كۆمه‌ڵ و ئه‌میره‌كه‌ی له‌ خه‌ونی خوا دیتن و له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) چوونه‌ غه‌زا و كافر كوشتن، هاتۆته‌ سه‌ر بۆمب فڕێدان بۆ ناو كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی كوردی، كلك ده‌ست و پێوه‌نده‌كانیشیان له‌ناو رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، بۆ به‌ لاڕێدا بردنی رای گشتی و ته‌مومژ خستنه‌ سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی سه‌ربخۆیی، پرسی لاوه‌كی ده‌جووڵێنن، میدیا بوێر و سه‌ربه‌خۆ و ئه‌هلیه‌كه‌ش! داهاتوو به‌ ئاڕاسته‌ی چه‌واشه‌كاریه‌كانی مێژوودا ده‌ڕوێنێ، به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ دژایه‌تی كردنی ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و خواستی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان پاڵانسیان چه‌ند پله‌یه‌ك له‌ فارس و عه‌ره‌بیش به‌رزتر بۆته‌وه‌.
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم: فارس و عه‌ره‌ب دڵنیان له‌وه‌ی ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆخوازان سه‌رده‌كه‌وێ و ده‌وڵه‌تی كوردی داده‌مه‌زرێ، بۆیه‌ ئه‌و تابوورانه‌ وه‌ك به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م درووست بوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ كوردیه‌ دژ به‌ ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆخوازان به‌كار دێنن، تا له‌ ئه‌گه‌ری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی ئابڕووی خۆیان نه‌چێ و جارێكیتر ئابڕووی ئه‌و ئابڕووچووانه‌ بخه‌نه‌وه‌ ناو مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریحوازی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌
Top