بۆچی گرنگە پەلە بکرێت لە لەناوبردنی داعش؟

بۆچی گرنگە پەلە بکرێت لە لەناوبردنی داعش؟
دوای ئەوەی کە لە ساڵی (١٣٢٦ ە.) خەلافەتی ئیمپراتۆریەتی ئۆسمانی کەوتە دەستی ئورخان ئەو کەسە داھێنانێکی نویێ ھێنایە نێو گۆڕەپانی داگیرکاری ئەم بنەماڵەیە. ئەوان لەشگەرێکی پێکھێنا کە بریتی بوون لەو منداڵانەی کە ئۆسمانیەکان لە جەنگەکانی دژ بە ئەورۆپیەکان لەو وڵاتانە دەیان ڕەفاند. دیارە ئۆسمانیەکان بە ناوی جیھاد و ئیسلامەوە ھەر لە سەرەتای سەرھڵدانیان ( کە بۆ ھۆزێکی تورکمانی دەگەڕێتەوە کە نیشتەجێی دەوروبەری دەریای مەرمەرە بوون) تا دوایین ساتەکانی ژیانی، ھەموو شتێکیان و ھەر رەفتار و تاوانێکیان لە پێناو بڵاوکردنی دەستھەڵاتەکەیان بە ڕەوا دەدیت. ئەوان ئەو منداڵانەیان دەھێنا و بە شێوازی تایبەت بە خۆیان پەروەردە دەکرد. ئەو مناڵانە ئیتر نە دایک و نە باوکی خۆیانیان نەدەناسی و ھەموو جۆرە دڵسۆزییەکیان دەنواند لە پێناو ئایین و دەوڵەتەکەیان و ئیمپراتۆریەتە زلھێز و زۆردارەکەیان و دەبوون بە کەسی جیھادی و بەو بیروباوەرەوە دەچوونە بەرەکانی جەنگ و لەو بڕوایە دابوون کە یان سەردەکەون یان دەکۆژرێن و " شەھید " دەبن و دەچنە بەھشت!!!
سەرکەوتنەکانی ئالی ئۆسمان بەھۆی ئەو منداڵە ڕفێندراوانە بووە ھۆی ئەوەی لە شوێنەکانی تری وەڵاتانی ئیسلامی ئەو کات خەڵک بەدوای ئەو ناوبانگە بێت و زۆر کەس خۆیان دەھاتن و لەو جەنگانە بەشداریان دەکرد. چونکە ئەوانیش وەک ئۆسمانیەکان ئەو وڵاتانەیان بە " کۆفر و کافر "لە قەڵەم دەدا و ئەوە جیھانبینییەکی ھاوبەش بوو لە نێوانیان و تا ئێستاش بەردەوامی ھەیە. ئەو لەشگەرە لە مێژوو دا بە ( ئنکشاری ) یان ( بەکتاشی ) دەناسرێتن و لە ئەنجامی ھیچ تاوانێک لە دژی خەڵکی سیڤیلی ئەورۆپا و ناوچە داگیرکراوەکانی تر سڵی نەکردووە.
ئەزموونەکانی مرۆڤایەتی نیشان دەداتن کە سەرھڵدانی تەوژمی ڕێکخراوە دەمارگیر و تووندھاژۆیەکانی وەک داعش و ھاوشێوەکانی و جێگیربوونیان لە ھەر شوێنێک لەوانەیە و ئەگەر زۆری ھەیە کە ئەوانیش ئەو وانەیە لە مامۆستایەکانی خۆیان ( واتە بەکتاشەکان ) وەربگرن فێر ببن و ئەو ئەزموونە تاڵە لە مێژوو دا دووبارە بکەنەوە. چونکە پەروەردە و فێرکردن پرۆسێسێکی گۆازراوە و دەکریچ لە شوێنێک و لە کەسێک بۆ شوێن و کەسێکی تر بگۆازرێتەوە.
ھەرچەندە کە لەم ڕووەوە زۆر درێغیان نەکردووە، بەڵام ھەواڵەکان پیشان دەدەن کە ئەوان بەردەوام منداڵانی ئێزدی و عەشیرەتەکانی ژێر دەستھەڵاتیان دەدزن و ھیچ گۆمانی تێدا نیە ئەو منداڵانە بۆ ھەمان مەبەست و ئایدیۆلۆژیە تووندوتیژەکانی نامرۆڤانەی خۆیان بەکاریان دەھێنن. ڕێکخراوەکانی وەک داعش و تالیبان لە ئەفغانستان و بۆکۆحەرام لە نێجێریا و ئەلقاعیدە لە ھەموو جیھان و ئەلشەبابی سۆماڵی لە ئەفریقا لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە وانەکانی مامۆستایەکانی خۆیان واتە ئۆسمانیەکان ھەمان ئەو ڕێ و شوێنانە دەگرنە بەر کە ئەوان گرتیانە بەر و ئەوان ھەروەھا سوود لە زانستەکانی نوێ و سەردەمیانە و پێشکەوتووی وەک پەروەردە و سایکۆلۆژی وەردەگرن و بۆ ئەم مەبەستە بۆگەنەیان تەکنەلۆژیای لەشگەری و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە ھەموو جۆرەکانیەوە لەو بەینەدا گەورەترین ھۆکارن و ئاسانکاری بۆ ئەوان دەکەن کە زۆرترین سوود لە کات و دەرفەت و ھەلەکان وەربگرن، بەڵام لە بەرامبەر دا جیھان دەبێ لە ھەمبەر ئەوان تەکنیکی بەھێزتر بەکار بێنێ و ئەویش پەلەکردنە لە لەناوبردن و بنبڕکردنیان، وەک چۆن دەبێ لەو پرۆسەیەدا سوود لە ھێز و توانای لایەنە ئایینییەکان وەربگرێ بۆ سڕینەوەی بیرۆکە و ھزر و ڕەفتارە دۆگماتی و خۆپەرێستانە و دەمارگیرەکانیان، کە ئەمرۆکە لە نێو منداڵ و گەنج و تاکی مۆسڵمان لە جیھان بە گشتی و جیھانی ئیسلامی بە تایبەت لە دژی نەتەوە و وڵاتان و ئایین و مەزھەبەکانی تر دروست بووە. لەو بەینەشدا پەرستگاکانی وەک مزگەوت ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینن. بەڵام جێگەی داخە پەرستگا و مامۆستایانی ئایینی و دەستھەڵاتدارانی وڵاتانی ئیسلامی لە ئاستێکی خوازراو دا نین و ھەن تیایدا بە ڕووکەش لە پەیماننامەکانی دژی تیرۆرن بەڵام لە پێچ و پەنا دا ھاندەری ئەم ڕێکخراوانەن و بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە ئەو ھاوکارییە مادی و مرۆییانەن کە ئەو وڵات و کەساتی و پیاوانی ئایینی بە ناوی کۆمپانیا و پرۆژە خێرخوازی و ناوی جیاواز پێشکەش بەو ڕێکخراو و گرووپە تیرۆریستانە دەکەن، و چەندەھا کەناڵ ھەن بە ئاشکرایی بانگەشە بۆ ئەو جۆرە ڕەفتارانە دەکەن. لە کاتێکدا کە دەکرا و دەبۆایە مزگەوت و مینبەر و گۆتاری مامۆستایانی ئایینی بۆ بەرژەوەندی مرۆڤایەتی بەکار بھێنرایە و بانگەشە بۆ پشودرێژی و ڕێزگرتن لە ئایین و ڕا و بۆچوون و مەزھەب و نەتەوە و نەژادەکانی جیاواز و سەدان بەھای تری مرۆڤی و کۆمەڵایەتی و بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی بەھێز و توانا و ھاوبەشی مرۆڤەکان، کە بریتیە لە بڕوا بوون بە توانایی و یەکانە و تاقانە و تەنیایی بوونی خوای گەورە و میھرەبان و بەخشندە، بکرابایە ( و قۆرئانی پیرۆز پڕیەتی لەو بانگەواز و بەھا جوانانەی مرۆڤی کە ھاندەرن بۆ دروستبوونی کەسایەتیەکی دەرووندروست و ھاوسەنگ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیەوە) و لە جیاتی بەکارھێنانی وشەکانی " کۆفر " و " کافر "لە دژی یەکتری و خەڵکانیتر و یەکتری تۆمەتبار کردن بەو ناوە، کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ حیکمەت و فەلسەفەی بەکارھاتنی وەک چەمک و زاراوە لای زۆر کەس و تاکی مۆسڵمان ڕوون و ئاشکرا نیە( یان لەوانەیە من تێیناگەم)، کار بۆ قۆرتاڵکردنی مرۆڤایەتی بکرابایە لەو نەھامەتی و بەدبەختی و گیروگرفتانەی کە بۆارە جیاجیاکانی مرۆڤایەتی وەک ئابووری، کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی، و گرفتە ژینگەییەکانی وەک پیسبوونی ژینگە و کەمبوونی ڕێژەی خۆراک و سەرچاوەکانی بژێوی مرۆڤەکان و پەیدابوونی سەدان نەخۆشی و پەتای کۆشندە و لە ھەموویان گەورەتر ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژییەی کە مرۆڤایەتی بەھۆی سەرھڵدانی " بەجیھانیبوون ( عەولەمە یان Globalization) و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی و ھزاران کێشەی تر کە مرۆڤایەتی تێی کەوتووە، و مرۆڤایەتی و شارستانیەت تەنھا دەتوانێ لە ڕێگەی دەست لە ناو دەست دان و یەکگرتوویی بەرەو ڕوویان ببێ.
دەبێ لە نێو مرۆڤایەتی دا کەلتووری یەکتری و جیاوازی قبوول بکرێت و ئەو کەلتوورە لەسەر ئەو بنەمایە بێ کە ھەموو ئایین و نەتەوەکان و ڕەنگ و نەژادەکان لەم جیھانە دا دانیشتووی یەک کەشتی و پاپۆڕن و دەبێ ئێمەی مرۆڤایەتی و بە تایبەت لەسەر بنەمای ھەستکردن بە بەرپرسیارەتی ئەو کەشتیە بەرەو کەنارەکانی ئارامی بھاژۆین تا لە غەرقبوون بپارێزرێ، بەڵام نەک بە شێوەیەی کە ئەمرۆ دەبینین و ھەندێک لایەنی تیرۆریستی لەو جیھانە دا دەیانەوێ بە بزمار کۆنی تیایدا دروست بکەن و کاتێک کە لێیان دەپرسی: " بۆچی وا دەکەی؟" وڵامی ئەوەیە:" چونکە ئەوە جێگەی ئەوانە!" و ئەو بیرۆکەیە و ئەو جۆر بیرکردنەوەیە لەگەڵ مرۆڤایەتی ناگۆنجێ و ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە ڕۆژانە بە چاو دەبینین و یان گۆێبیستی دەبین و جیھان بەدەست تیرۆر و تیرۆریستانەوە دەناڵێنێ و تەنھا چارەسەرکردنیشی بنبڕکردنیەتی و ئەمرۆ باشترە لە بەیانی و بەیانی باشترە لە دوو بەیانی.
*مامۆستای ئەکادیمی/پسپۆرێ زانستەکانی پێداگۆگی و سایکۆلۆژی/زانینگەی زاخۆ

Top