یه‌كێتی و گۆڕان گله‌یی له‌ پارتی ده‌كه‌ن

یه‌كێتی و گۆڕان گله‌یی له‌ پارتی ده‌كه‌ن
یه‌كێتی و گۆڕان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌ بؤ رێكخستنی ناوماڵی كورد، له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ گله‌یی له‌ پارتی ده‌كه‌ن گوایه‌ گومانی له‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌یان هه‌یه‌ و به‌ چه‌پڵه‌ڕێزان پێشوازی لێنه‌كردوون، لێره‌دا ده‌پرسین: ئایا له‌ كاتی واژۆكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان له‌ خۆیان گرت كه‌ له‌ ساڵی 2009 ناوماڵی كوردیان كه‌رتكرد؟ له‌ كاتێكدا ئه‌و هه‌موو رووداوه‌ نه‌خوازاوانه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا روویاندا به‌ری ره‌نجی ئه‌و كه‌رتكردنه‌ بوون، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌یان كردبا و داوای لێبوردنیان له‌ قوربانیانی 17ی شوبات و دواتر كردبا، هه‌ق نه‌بوو پارتی گومانی له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هه‌بێ و به‌ هه‌نگاوی رێكخستنی ناوماڵی كوردی نه‌زانێ.
گومانه‌كانی پارتی له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ به‌ڵگه‌ مێژووییه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌، ئه‌گه‌ر كه‌مێكیش بۆ مێژووی كۆن و نوێی كاراكته‌ره‌ زاڵه‌كانی سه‌ر خاڵ و به‌نده‌كانی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دن، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ دریژكراوه‌ی ئه‌و زنجیره‌ پیلانگێڕی و سیاسه‌ته‌ رقاویه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تای هاتنی برایم ئه‌حمه‌د بۆ ناو ریزه‌كانی پارتی له‌ ساڵی 1953 دژ به‌ پارتی ده‌گێڕدرێن، له‌ ئێستاشدا هێرۆ وه‌ك میراتگری شه‌رعی برایم ئه‌حمه‌د و نه‌وشیروان مسته‌فاش وه‌ك میراتگری سیاسی، رابه‌رایه‌تی ئه‌و ره‌وته‌ ئاژاوه‌گێڕیه‌ ده‌كه‌ن كه‌ برایم ئه‌حمه‌دی نه‌گه‌یانده‌ مه‌رامه‌كانی.
نیگه‌رانی پارتی له‌و رێككه‌وتنه‌ له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ دوو حزب له‌ دوای كه‌رتبوون یه‌كده‌گرنه‌وه‌، به‌ڵكو له‌وه‌دایه‌ به‌ دوو له‌تی و یه‌ك له‌تیش به‌ یه‌ك ئاڕاسته‌ی هاوبه‌شدا جووڵاون و ده‌جووڵێن، ئه‌و ئاراسته‌یه‌ش دژایه‌تی كردنی پارتی و كاوێژكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌، ئه‌گه‌ر جارێكیتر بۆ رووداوه‌كانی 17ی شوبات و رووداوه‌كانی كۆتایی ساڵی رابردوو بگه‌ڕێینه‌وه‌، ده‌بینین سه‌ره‌ڕای رقی دوای كه‌رتبوون و ئه‌و فه‌زیحه‌ته‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی به‌ یكتریان كرد، له‌ كوده‌تاكه‌ی 23ی حوزه‌یران و ئاژاوه‌گێڕیه‌كانی سه‌ر شه‌قام و هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر و سووتاندنی باره‌گاكانی پارتی سوێندخۆر و هاوپه‌یمانی شاراوه‌ی یه‌كتری بوون، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كه‌رتبوون و رێككه‌وتنی سیاسی دژه‌ پارتیه‌كان بۆ دژایه‌تی كردنی پارتی ره‌وا بێ، ده‌بێ بۆ پارتیش ره‌وا بێ به‌رگری له‌ خۆی بكا و به‌ گومانه‌وه‌ له‌و كه‌رتبوون و یه‌كگرتنانه‌ بڕوانێ.
Top