كامیره‌ی شاراوه‌ بوو

كامیره‌ی شاراوه‌ بوو
له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2009و دواتر له‌ ئاژاوه‌گێڕیه‌كانی 17ی شوباتی ساڵی 2011و پیس كردنی به‌رده‌ركی سه‌را، نه‌وشیروان مسته‌فا فایلی (50) ساڵه‌ی (50) ساڵی كۆنه‌ دۆسته‌كه‌ی هه‌ڵدایه‌وه‌.
ئه‌ها مام جه‌لال پێڵاوی ئه‌تاتورك ماچ ده‌كات، مام جه‌لال مردووه‌ و له‌ به‌فرگر دایه‌، یه‌كێتی گه‌نده‌ڵه‌ و ده‌ستی به‌سه‌ر قووتی خه‌ڵكدا گرتووه‌، دیكتاتۆره‌ و ده‌سه‌ڵاتی پاوانكردووه‌، ده‌بێ ئه‌و دز و گه‌نده‌ڵانه‌ بدرێنه‌ دادگا و سزا بدرێن، هه‌ر درۆ و دراویان هه‌یه‌، درۆكانیان ئاشكرا بوون و پاره‌كه‌شیان لێ ده‌ستێنینه‌وه‌، ته‌نانه‌ت كارێكی وای كردبوو منداڵه‌ ورده‌كه‌ش له‌ شه‌قام و میدیاكان په‌لاماری مێژووی یه‌كێتی و كه‌سایه‌تی مام جه‌لالیان ده‌دا.
حه‌وت ساڵ به‌و هاتووهاواره‌ خه‌ڵكی گه‌وجاند، دوای ئه‌وه‌ كاكه‌ (نه‌وه‌) له‌ ماڵی مام جه‌لال و له‌ ماوه‌ی (20) خوله‌كدا و به‌ واژۆیه‌ك هه‌موو درۆكانی له‌ یه‌كێتی سه‌ندن و پاره‌كه‌شی بۆ به‌جێهێشتن.
ئه‌رێ به‌ڕاست ئه‌وه‌ی روویدا كامیره‌ی شاراوه‌ نه‌بوو؟! وه‌ڵڵا كاك نه‌وشیروان مسته‌فا باشترین فلیمساز و كامیره‌مانی كامیره‌ی شاراوه‌یه‌.
ئه‌رێ به‌ڕاست كاتێ گه‌وجێنه‌ری گه‌وجێنراوان و هه‌ڵسووڕێنه‌ری هه‌ڵسووڕێنراوان له‌ ماڵی مام جه‌لال و له‌گه‌ڵ ئه‌و دز و گه‌نده‌ڵانه‌ واژۆی رێككه‌وتنی سیاسی ده‌كرد، دز و گه‌نده‌ڵه‌كانی دادگایی كردن یان خۆی دادگایی كرا؟!
Top