سێ به‌ڵێن له‌گه‌ڵ خۆم

سێ به‌ڵێن له‌گه‌ڵ خۆم
دوو جۆر به‌ڵێن هه‌یه‌، یه‌كه‌میان ئه‌و به‌ڵێنه‌یه‌ كه‌ به‌ خه‌ڵكی ده‌ده‌ی، دووه‌میشیان ئه‌و به‌ڵێنه‌یه‌ كه‌ خۆت به‌ خۆتی ده‌ده‌ی، هه‌ر كه‌سێك له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به‌ خۆی داوه‌ راستگۆ نه‌بی و نه‌یباته‌سه‌ر، هه‌رگیز ناتوانێ ئه‌و به‌ڵێنه‌ بباته‌سه‌ر كه‌ به‌ خه‌ڵكی ده‌دات، من له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ هه‌م وه‌ك مرۆڤێك و هه‌میش وه‌ك كوردێكی چه‌وساوه‌ی ماف زه‌وتكراو و وڵات داگیركراو هه‌ستم به‌ بوونی خۆم كردووه‌ سێ به‌ڵێنم به‌ خۆم داوه‌، دوو له‌و به‌ڵێنانه‌م بردوونه‌سه‌ر و له‌سه‌ر سێیه‌میشیان به‌رده‌وامم.
یه‌كه‌م:ــ له‌ پۆلی دووه‌می ناوه‌ندی بووم كاتیك رژێمی به‌عس بڕیاریدا خوێندن له‌ كوردستان بكاته‌وه‌ به‌ عه‌ره‌بی، وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ی رژێمی به‌عس و جۆرێك له‌ خه‌بات و تێكۆشان بۆ پاراستنی كه‌سایه‌تی كورد بوونم، به‌ڵێنم به‌ خۆمدا فێری زمانی عه‌ره‌بی نه‌بم، ئه‌و به‌ڵێنه‌م برده‌سه‌ر و ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێ عه‌ره‌بی نازانم و شانازیش به‌و عه‌ره‌بی نه‌زانینه‌ی خۆمه‌وه‌ ده‌كه‌م.
دووه‌م:ــ ساڵی 1985 كاتێك بڕیارمدا بچمه‌ شاخ و پێش ئه‌وه‌ی چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تی بكه‌مه‌ شانم، به‌ڵێنم به‌ خۆمدا به‌ ملكه‌چی‌ نه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ژێر سێبه‌ری رژێمی به‌عس، چونكه‌ وام هه‌ست ده‌كرد ئه‌گه‌ر چوونه‌ شاخ و پێشمه‌رگایه‌تی به‌ڵێن بۆ رزگار كردنی خۆم و نه‌ته‌وه‌كه‌م له‌ جه‌وروسته‌م، ئه‌وا گه‌ڕانه‌وه‌م ملكه‌چ بوونه‌ به‌رامبه‌ر به‌و سیاسه‌ته‌ نه‌خوازراوه‌ی چه‌ندی بۆی بكرێ و شیری بڕكات چه‌وسانه‌وه‌ و ژێرده‌سته‌ییم ده‌خوازێ، ئه‌و به‌ڵێنه‌شم برده‌سه‌ر و به‌ شانازیه‌وه‌ تا راپه‌ڕین پێشمه‌رگه‌ بووم و وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كیش له‌ راپه‌ڕین به‌شداریم كرد.
سێیه‌م:ــ له‌و رۆژه‌وه‌ی به‌ رێبازی بارزانی نه‌مر ئاشنا بووم و كۆی خواست و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانم له‌و ریبازه‌ پیرۆزه‌دا دۆزینه‌وه‌، به‌ڵێنم به‌ خۆم داوه‌ له‌ شوێنێك دانه‌نیشم به‌ ئازادی وینه‌ی بارزانی نه‌مر له‌سه‌ر سه‌رم نه‌بێ، ئێستا كه‌ (30) ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵێنه‌دا تێده‌په‌ڕێ، به‌ڵێن شكێنیم نه‌كردووه‌ و لێره‌شه‌وه‌ جارێكیتر ئه‌و به‌ڵێنه‌ به‌ خۆم ده‌مه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر به‌ مه‌رگی خۆشم بێ ده‌یبه‌مه‌سه‌ر.
Top